کانونی یەکەم 08, 2019

ئیمارات و هەرێمی کوردستان؛ پەیوەندیی دۆستانە و بەهێز

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لەلایەن میدیای ئەو وڵاتەوە گرنگی زۆری پێدرا و میدیای فەرمی ئەو وڵاتەوە بە گرنگییەوە باس لە پەیوەندی هەردوولا دەکات.

ئاژانسی وام، میدیای فەرمی ئیمارات لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان شێخ محەممەد بن زاید،جێنشینی ئیمارات و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە ئەبوزەبی نووسیویەتی :"هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەلی بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستانیان کرد، جەختیان لە هاوکاری هاوبەش لە چەندین سێکتەر کردەوە بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و گەشەپێدان و مرۆیی .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەپێی میدیای فەرمی ئیمارات، رەوشی ناوچەکە و پێشهاتەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو،جێنشینی ئیمارات رایگەیاند:" میرنشینی عەرەبی یەکگرتوو سوورە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی برایانە لەگەڵ کۆماری عێراقی دراوسێ، هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە سەردانەکەی بۆ ئیمارات، ئاماژەی بە پەیوەندی بەهێزی هەردوولا کرد، نێچیرڤان بارزانی هەروەها پاڵپشتی ئیماراتیشی بەرزنرخاند بۆ هەرێمی کوردستان لە چەندین رووەوە،بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و هاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران کە لە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن .
لە کۆبوونەوەکە شێخ تەحنوون بن زاید ئەل نەهیان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی،د. محەممەد قەرقاش وەزیری دەرەوەی ئیمارات،،عەلی حەماد شامسی، جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئامادەبوون،لە شاندی هەرێمی کوردستانیش کەریم سنجاری، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون .
پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات دۆستانە و بەهێزە، میرنشینەکە نوێنەرایەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئیمارات هەرێمی کوردستان وەکو دەسەڵاتی سەربەخۆ دەبینێت لە ناو عێراقدا، هەرێمی کوردستانیش لەرێگەی سەرکردەکانیەوە چەند جارێک پەیوەندی ئابووریەکان لەگەڵ ئیمارات بە زۆر گرنگ دادەنێت، بەتایبەت کە ئیمارات گەشەسەندووترین وڵاتی جیهانە، کۆمپانیا ئیماراتییەکان لەکەرتی نەوت و گازی کوردستان چالاکن، هەردوولا ئامانجیانە پەیوەندییانە بەهێزتر بکەن، ئەوەش لەسەر زاری وەزیری کاروباری کابینەی حکومەت محەممەد گەرگاوی دووپاتکرایەوە کاتێک پەیوەندی هەردوولای بە زۆر باش ناوبرد، ئەو دەڵێت :" ئێمە پێویستیمان بە هەرێـمی کوردستانە و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە ئێمەیە، ئێستا وەبەرهێنانی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار، نزیکەی 134 کۆمپانیای ئیماراتیش لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئیمارات هەروەها لە چەند ساڵی رابردوو هاوکاربووە لە پرسی ئاوارەکان، نەخۆشخانەی بۆ ئاوارەکان دروستکردووە، جگە لەوەی لە کەرتی وزەشدا بەتایبەت گاز رۆڵێکی باڵای هەیە .

© 2017 Hawler