کانونی یەکەم 09, 2019

تا دێت گوندە کوردنشینەکان چۆڵ دەبن

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر راگەیاندنی كۆتایهاتنی داعش لە عێراقدا، بەڵام هێشتا چەكدارانی ئەو رێكخراوە، لە هەندێك ناوچەی عێراق لە جموجۆڵدان. پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك، عەرەبی داعش هاوردەی ناوچەكانی كورد دەكات و لەسەر زەویی كورد نیشتەجێیان دەكات.

بە گوێرەی زانیارییە میدیاییەكان، چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەلاحەدین و ئەنبار خەریكی خۆڕێكخستنەوەن و ناو بەناو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" هەتا كێشەكانی عێراق چارەسەر نەكرێن، مافی پێكهاتەكان لە عێراقی نوێ نەدرێت، داعش هەر دەمێنێت، بۆیە تا كێشە سیاسییەكانی عێراق چارەسەر نەكرێن، ئەگەر داعشیش نەمێنێت رێكخراوێكی دیكە سەر هەڵدەدات كە لە داعش خراپتر دەبێت، بۆیە گرنگە ئەگەر بمانەوێت داعش نەمێنێت دەبێت سەرچاوەی هزری و سیاسی و ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆكاری سەر هەڵدانی ئەو رێكخراوە دەبێت ئەوانە چارەسەر بكرێن ئەوجا داعش نامێنێت.
بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی گوتیشی:" رەوشی مەخموور و ناوچە كوردستانییەكان وەكو پێویست نیە، كوردەكان زۆربەی گوندەكانیان چۆڵ كردووە، ناوێرن بچنەوە سەر گوندەكانیان و كاری خۆیان بكەن، دوای نەمانی پێشمەرگە لەو ناوچانە خەڵك بە تەواوەتی ئەو ناوچانەی چۆڵ كردووە، چونكە حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق ناتوانن وەكو پێویست ئەو ناوچانە بپارێزن، ناتوانن كۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بكەن، بۆیە تا هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە خەڵكی ئەو ناوچانە هەر لە دڵەڕاوكێدا دەژین و ناگەرێنەوە".
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند:" پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك ڕۆڵی بەرچاوی لە پڕۆسەی تەعریبدا هەیە و بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ كار لەسەر تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیای كەركووك دەكات و، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا هەر ڕاكان سەعیدی پارێزگاری سەپێندراوی ئێستای كەركووك دەستی لە تەعریبدا هەبووە، ئێستا بە هەمان ڕۆحیەتی سەردەمی بەعس و بە پیلان كار لەسەر بەعەرەبكردنی كەركووك و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت."
محەمەد كەمال دەشڵێت: "كورد لەسەر زەویی خۆیان دەردەكرێن و عەرەبی داعش و بەعسی لە شوێنی كورد نیشتەجێ دەكرێن، بە هەزاران خێزانی عەرەب هاوردەی كەركووك كراون و لەسەر زەوی و موڵكی كوردان جێگیر كراون".

© 2017 Hawler