تشرینی دووەم 19, 2019

چاودێرانی سیاسی: نێچیرڤان بارزانی كۆكەرەوەی بیر و ڕا جیاوازەكانە

هەر كاتێك ناكۆكیەكی سیاسی یەخەی عێراق و كوردستان دەگرێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوور لە هەر ئایدۆلۆژیایەكی حزبی و وەلانانی بەرژەوەندییەكان لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆ دەكاتەوە، چارەسەری سیاسی و ئاشتەوایی بەرپا دەكات. چاودێرانی سیاسی، هەنگاوەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ یەكگوتاریی كورد بەرز دەنرخێنن و دەڵێن، زۆر پێویست بوو سەركردەی حزب و لایەنەكان كۆببنەوە، بۆ ئەوەی هاوهەڵوێست بن، ئەنجامەكەشی زۆر دڵخۆشكەر بوو بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، كە دەبینن هەموو لایەنەكان پێكەوە دانیشتوون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەیەكی سەركەوتوویی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

رۆژی سێ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆككۆماری عێراق، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەنجامدرا.

لایەنە سیاسییەكان جەختیان لەوە كردەوە هەر هەموارێكی دەستوور دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە‌ تایبەت بوو بە هاوهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشدارییەكی كاریگەر بۆ‌ چارەسەركردنی گرفتەكانی عێراق بەگشتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكان. لەمبارەیەوە جەخت لە هەوڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی عێراق لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دەستەبەركردنی حوكمڕانییەكی دروست و هێنانەدی چاكسازی و رەچاوكردنی مافی هەموو پێكهاتەكان، كرایەوە.

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر ئامانج لە هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق سەقامگیرییە، دەبێت بزانن بە دەستبردن بۆ مافەكانی گەلی كوردستان سەقامگیری نایەتەدی.

ئازاد سرێشمەی، چاودێری سیاسی بۆ "هەولێر" دیاركرد:" ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردی هەنگاوێكی گرنگ بوو، نێچیرڤان بارزانی رۆڵێكی بەرچاوی هەیە، كاتێكی زۆر پێویست بوو كە سەركردەی حزب و لایەنەكان كۆبكاتەوە، چونكە هەمیشە ئەوان گلەیی ئەوەیان دەكرد كە لە پرسە چارەنووسازەكاندا سەرۆكی حزب و لایەنەكان پێكەوە كۆنابنەوە بۆ ئەوەی هاوهەڵوێست بن، بۆیە ئەو هەنگاوەی سەرۆكی هەرێم لەو چوارچێوەیەدا بوو، زۆریش پێویست بوو، ئەنجامەكەشی زۆر دڵخۆشكەر بوو بۆ هەموو خەڵكی كوردستان، كە دەبینن هەموو لایەنەكان پێكەوە دانیشتوون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەیەكی سەركەوتوویی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

سرێشمەی ئاماژەی بەوەشكرد:" ئەو هەنگاوەی كە نراوە، هەنگاوێكی باش بوو، دەبێت كورد یەكڕیز بێت، چونكە بە ڕاستی مەترسی لەسەر دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، داواكاری سەرەكی ئەوان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، بەر لە هەموو شتێك دەست بۆ ئەو دەستكەوتانە دەبەن كە گەلی كوردستان بە دەستی هێناوە، چونكە هەمیشە ئەو قسەیەمان گوێ لێ دەبوو لە لایەنەكان كە دەیانگوت كوردستان حكوومەتێكە لەناو حكوومەتێك، ئەو مافانە زیاترن لەوەی كە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دیاری كراون لەناو دەستوور، بۆیە دەبێت كورد یەكڕیز بێت، لە هەمان كاتیشدا خۆی ئامادە بكات بۆ ئایندە لیژنەیەكی پسپۆری شارەزا ئامادەی بكات، بۆ ئەوەی بۆ هەر هەنگاوێك و بەرنامەیەك كە ئەوان دایان رشت بێت، بەرنامەی خۆی هەبێت، رێگە نەدرێت دەست بۆ ئەو مافانە ببەن، كە لە دەستووری عێراقی دا هەیە، هەر چەندە دوو فیلتەری زۆر گرنگ هەن لە دەستووردا كە ناتوانن دەستكاری دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بكەن كە لە ماددەكانی 126 و 142 لە هەر دووكیان بڕگەی چوارە، هەم دوو لەسەر سێی رەتكردنەوەی سێ پارێزگا، هەمیش ناكرێت دەست بۆ مافەكانی گەلی كوردستان ببەن، ئەگەر بە رەزامەندی پەرلەمانی ئەو هەرێمە نەبێت، كە ئەوەش محاڵە.

لەلایەكی دیكەوە عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی بۆ " هەولێر" گوتی:" لەرووی دەستوور و یاسا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەركی ئەوەیە كە نوێنەرایەتی هەرێم بكات لەگەڵ بەغدا و جیهانی دەرەوە، بۆیە كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و گەیشتن بە یەكهەڵوێستی تایبەت لەم قۆناغەدا كە بەغدا هەیە، هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی دەستوور، بۆیە زۆر گرنگە كە سەرۆكی هەرێم لایەنەكانی كۆكردەوە، كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی دوورودرێژی هەیە لە حوكمڕانی، ئەو دەستكەوتە دیبلۆماسیانەی كە بەدەست هێناون ئەگەر هەر هیچ نەبێت پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو رۆڵەی گەورەی بەڕێزیان گێرا بۆ شكاندنی گەماڕۆ و توانی ئەو پلانە تێكبشكێنێت، جێگەی دڵخۆشییە سەرەڕای هەموو بۆ چوونە جیاوازەكان توانی بە زیرەكی و ئەزموونی خۆی بگەنە ئەو رێككەوتنە كە لە بەیاننامەكەدا دیار بوو كە یەكڕیز و یەكدەنگن، بۆیە هەنگاوەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ یەكگوتاریی كورد لە ‌بەرامبەر عێراق بەرز دەنرخێنم.

بەرواری، ئاشكراشی كرد:"ئێمە هیچ كاتێك نەمان ویستووە كە بە دڵی خۆمان لەگەڵ ئەو عێراقە بژین، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە شتێكیان نەكردووە كە ئۆمێدێك بۆ ئێمە دروست بكەن تا ئەو رۆژە دێت كە ئێمە لەگەڵ ئەوان نەمێنین، بۆیە ئێستا ناچارین لەگەڵ ئەوان بژین، لە لیژنەی دەستوور نوێنەرمان هەیە، لە كاتی خۆی لە ساڵی 2005 بە زیرەكی سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی، هەندێك میكانزمان خستوونەتە ناو دەستوور، ناتوانن ئەو مافانەی كە وەرمان گرتوونە لەناو دەستوور جێگەیان بۆتەوە لابدەن، سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئامادەكاری كردووە لەسەر ئاستی حكوومەت لیژنەیەك پێكهاتووە كە ئامادەبێت بۆ هەر ئەگەرێك، هەروەها لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم لیژنەیەك لە ڕاوێژكاری خاوەن ئەزموون و زیرەك پێكهاتووە و كۆبووتەوە، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە ئێمە یەكدەنگ و یەكڕیز بین، ئەگەر ئێمە ئەوە بكەین، دەتوانین زۆر دەستكەوت بەدەست بهێنین، جێگەی خۆشحاڵییە كۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتی، كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حزب و لایەنەكان جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت یەكڕیز بین، هەروەها دەستوور شتێكی باشە، بەڵام جێبەجێ ناكرێت، بەڵام ئەگەر گەیشتە ئەوەی كە دەستوور بگۆڕن پێویستە هەموو لایەنەكان سوور بن لەسەر ئەوەی كە مامەڵە لەگەڵ ئەوە ناكەن كە لە هەر گۆڕانكاریەكدا مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان كەم بكەنەوە".

© 2017 Hawler