تشرینی دووەم 12, 2019

حکوومەتی کەنەدا بەڵێنییەکانی خۆی بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە جێبەجێ نەکردووە

رۆژنامەی ناشناڵ پۆستی کەنەدی لە راپۆرتێکدا باس لە هەڵوێستی هەر دوو حکوومەتی ئێستا و پێشووی کەنەدا دەکات لەبارەی یارمەتیدانیان بە پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش و حکوومەتی نوێ بەوە تۆمەتبار دەکات ئەو بەڵینییانەی جێبەجێ نەکردووە کە پێشتر بە کوردی دابوون.

حکوومەتی پێشووی پارێزگاریخوازی کەنەدا بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار چەکی بە پێشمەرگە دا بەڵام حکوومەتی نوێی لیبراڵ سەرجەم ئەو یارمەتییانەی راگرتوون.
لە ساڵی 2014 کاتێک رێکخراوی تیرۆریستی داعش سەری هەڵدا وڵاتانی رۆژئاوا یەک لە دوای یەک هاتنە نێو جەنگی دژی تیرۆر و بۆ ئەمەش یارمەتییان پێشکەش بە پێشمەرگە کرد. وڵاتان بە تایبەتی دوای ئەوە زیاتر دژی داعش وەستان کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دامەزرا.
بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا جگە لە راهێنانی پێشمەرگە چەکیشیان دایە پێشمەرگە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و شکست بە هێرشەکانی داعش بهێنێت.
حکوومەتی پێشوی کەنەدا بەڵینی دابوو بە بەهای نۆ ملیۆن و 500 هەزار دۆلار چەکی قورس و مامناوەندی بداتە پێشمەرگە بەڵام ئەم چەکانە هیچ کاتێک نەگەیشتنە دەستی پێشمەرگە و حکوومەتی نوێی لیبراڵی کەنەدا لە ژێر گوشاری حکوومەتی ناوەندیی عێراق رێگەی لە جێبەجێکردنی ئەم بەڵینییە گرتووە.
جێستین ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەم دواییانەدا قسەی کردووە و لە قسەکانیشی باسی لەوە کردووە کە پاڵپشتی لە هاوپەیمانەکانی دەکات بۆ ئەوەی داعش بە تەواوی لە ناو بەرن، یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی کەنەدا لەم جەنگە کورد بووە وبۆیەش بە بۆچوونی رۆژنامەکە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا لەو کاتەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە هەوڵی داوە ئەو یارمەتییانە کەم بکاتەوە یان بە یەکجاری رایانبگرێت کە دەبێ بە کورد بدرێن.
سەرچاوەکە بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە لەوەی ئەم چەکانە بە کورد دەدرێن یان نا قسەی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیا و کارگەی بەرهەمهێنانی چەک کردووە و ئەوانیش گوتوویانە حکوومەتی کەنەدا لە ئێستادا نەک هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ یارمەتیدانی کورد نادات بگرە ئەو بەڵێنییانەش جێبەجی ناکات کە حکوومەتی پێشووی کەنەدا دابووی و دەبوایە چەک بە پێشمەرگە بدرێت.
حکوومەتی پێشووی کەنەدا لە جەنگی دژی داعش لە سووریا فڕۆکەشی خستە خزمەتی جەنگ دژی داعش و چەندین تیمی تایبەتیی راهێنانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی راهێنان بە پێشمەرگە بکەن و لە ساڵەکانی 2015 و 2016 دوو بار چەکیان بۆ پێشمەرگە رەوانە کرد کە یەکێکیان بەبەهای دوو ملیۆن دۆلار بوو و ئەوەی تریان بایی ملیۆنێک و 200 هەزار دۆلار بوو.
هەر بۆیەش رەخنە لە حکوومەتی نوێی کەنەدا دەگرێت کە ئێستا تەنانەت ناهێڵێت فڕۆکەکانیشی لە دژی مۆڵگەکانی داعش بفڕن و لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشداری بکەن و لە ساڵی 2018ەشەوە راهێنانی پێشمەرگەیان هەڵپەساردووە و لە جیاتی ئەوەی یارمەتییەکان رەوانەی هەولێر بکات و بیانگەیەنێتە دەستی پێشمەرگە رەوانەی بەغدایان دەکات.
یەکێک لەو کۆمپانیایانە گوتوویەتی حکوومەتی کەنەدا لە ساڵی 2016 بڕیاری دابوو بای نۆ ملیۆن و 500 هەزار دۆلار چەک بۆ پێشمەرگە دابین بکات و دواتر سەرەڕای ئەوەی کە چەکەکەش کڕدرا هەر رەوانەی نەکرد و لە کۆگاکانی مۆنتراڵ هەڵگیراون.
لە راپۆرتەکە باس لە پرسی دابینکردنی چەک بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانان کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە حکوومەتی تورکیا سوودی لە لۆبی خۆی لە کەنەدا وەرگرتووە و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر کەنەدا چەک بە کورد نەدات و ترسی ئەوەی هەبووە ئەم چەکانە بگەنە دستی پەکەکە و بۆیەش کەنەدا دڵنیایی ئەوەی داوەتە تورکیا چەکەکان بۆ سووریا رەوانە ناکات.
بەو پێیە هەر دوو حکوومەتی تورکیا و حکوومەتی عێراق رۆڵیان هەبووە لەوەی حکوومەتی کەنەدا رازی بکەن تەنانەت ئەو چەکە سووکانەش رەوانەی کوردستان نەکات کە پێشتر بەڵینی ناردنیان درابوو.

 

© 2017 Hawler