تشرینی دووەم 12, 2019

بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا: شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

بڕیارە شاندێكی هەرێمی كوردستان ‌بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر نەوت‌ و بودجەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق بەم نزیكانە سەردانی بەغدا بكات. بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەڵێ، هەرێمی كوردستان بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی 2020ی رەوانەی بەغدا كردووە و لە بودجە خەمڵێنراوەكەدا هەموو وەردەكارییەكی خەرجی ‌و داهاتە جۆراوجۆرەكانی تێدایە.

فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ "هەولێر" دیاركرد:" بودجە خەمڵێنراوەكە بەدەستی ئێمە گەیشتووە، لە بودجە خەمڵێنراوەكەدا هەموو وەردەكارییەكی خەرجی ‌و داهاتە جۆراوجۆرەكانی تێدایە.
بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، باسی لەوەش كرد :"هەرێمی كوردستان راپۆرتی بودجەی خەمڵێنراوی 2020 رەوانەی بەغدا كردووە هەوڵدەدەین زۆربەی داواكارییەكانی كورد لەناو بودجەدا جێگیر بكرێن، ئەگەر لە بودجەی 2019 باشتر نەبێت، خراپتر نەبێت.
فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئەوەش دەخاتە ڕوو وە دەڵێت:" لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی بەغدا دەكات، ئەو لیژنەیە پێشتر سەردانی بەغدای دەكرد، بەڵام لەبەر خۆپیشاندانەكان ئەو سەردانە دواخرا، سەردانی شاندی هەردوولا بۆ یەكدی وا دەكات كە زیاتر لێك نزیك بوونەوە دروست بێت و زووتر كێشەكان چارەسەر بكرێن، هەر دوولاش باوەڕیان بەوە هەیە كە دەبێت كێشەكان بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكرێن، چونكە چارەسەركردنی كێشەكان لە بەرژەوەندی هەر دوولادایە".

© 2017 Hawler