تشرینی دووەم 12, 2019

ئاوارەکانی کەرکووک داوای ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە دەکەن

دوو ساڵ بەسەر كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، كە بەپێی رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەنێوان هەندێك سەركردەی سیاسی لەگەڵ میڵیشا عێراقی و ئێرانییەكان، بە بێ هیچ ئەستەمێك كەركووك داگیر كرا و زۆربەی كوردەكان ئاوارە بوون و دەست بەسەر بارەگاكانی پارتی دا گیراو تا ئێستاش چۆڵ نەكراون، جگە لەوەی رۆژانە بەرپرسە كوردەكان لادەبرێن و تەعریب بەردەوامە. ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە دەڵێن، بارودۆخی كەركووك زۆر خراپە و تا بارودۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێتەوە و ناگەڕێینەوە.

دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و دەستبەسەرداگرتنی كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانەوە، كەركووك بێ پارێزگارە و عەرەب و بەرەی توركمانی نایانەوێ پارێزگاری كەركووك بدرێت بە كورد.
پەراوێزخستنی كورد و مافی كورد لە كەركووك بەردەوامە بە هاوكاری هێزە عێراقییەكان عەرەبە هاوردەكان بەردەوام هەڵدەكوتنە سەر گوندە كوردنشینەكانی سنووری كەركووك و خانەقین ئەمەش بۆتە جێگەی نیگەرانی و بە ئاماژەیەكی مەترسیدار بۆ داهاتووی ئەو ناوچانە وەسف دەكەن.
بە گوتەی بەرپرسانی كورد، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە شتێكی گرنگە و دەبێت بارودۆخی خەڵك بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو هێزانەی كە لەناو شارەكانن، دەبێت بچنە دەرەوە، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەكان زۆر لە كێشەكان چارە دەكات، چونكە تا ئێستا تەعریب لە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان بەردەوامە، ئەوە بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ خەڵكی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان، بۆیە دەبێت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە.
نەجات عەلی، بەرپرسی یەكەی هەشتای پێشمەرگە لە میانەی دەرچوونی خولێكی سێ مانگی بۆ ٧٩١ پێشمەرگەی یەكەی هەشتا لە سۆران رایگەیاند، بەهیواین بە زووترین كات لەگەڵ سوپای عێراق بگەینە رێككەوتنێك، تا ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێكەوە بپارێزین، راستییەكانیش ئەوەیان دەرخستووە، كە سوپا بە بێ پێشمەرگە ناتوانێ پارێزگاری لەو ناوچانە بكات".
مەحموود شەوكەت، ئاوارەیەكی كەركووكە و لە سۆران نیشتەجێ بووە بۆ "هەولێر" دیاركرد:"بەداخەوە لایەنێكی سیاسی بووە هۆكار كە نیوەی خاكی كوردستان لە دەست بدەین، ئەگەر ئەو لایەنە لەگەڵ میلیشاكان هاوكار نەبوایە كەس نەیدەتوانی دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكاتن ئێستا كورد سەربەخۆ دەبوو و بە مافە ڕەواكانی خۆی دەگەیشت.
شاخەوان ڕزگار، ئاوارەیەكی دیكە بۆ "هەولێر" گوتی:" تا میلیشاكان كەركووك چۆڵ نەكەن و هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە بڕیارمان داوە هەر لە ئاوارەیی بژین و نەگەڕێینەوە، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین كار بكات بۆ ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، ئەگەرنا بەو شێوەیە بێت ئەو ناوچانەی ماون ئەوانیش لە دەست دەدەین خەڵكەكەی هەموو ئاوارە دەبن.
گوتیشی:" لە كەركووك خێزانێكی زۆر ئاوارە بوونە، پێویستە بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، چەكدارانی حەشدی شەعبی لەناو كەركووك نەمێنن، بارودۆخەكە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر بگەڕێتەوە، ئەگەرنا تا رەوشەكە بەو شێوەیە بێت ناگەڕێینەوە.
نیهاد رەسوول، ئاوارەیەكی دیكەیە بۆ "هەولێر" جەختی لەوە كردەوە 16ی ئۆكتۆبەر پەڵەیەكی ڕەشە بە ناوچاوانی خیانەتكارانەوە و مێژوو ئەو ڕۆژەی لە پەڕە ڕەشەكانی خۆیدا نووسیوەتەوە بۆیە ئێمە دەمانەوێ لەو ڕۆژەدا بە دەسەڵاتدارانی عێراق بڵێین پێویستە كەركووك بگەرێندرێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر و ئێمە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و دووبارە دەست بە ژیانی خۆمان بكەینەوە لە ئاوارەیی ڕزگار بین".

© 2017 Hawler