تشرینی یەکەم 17, 2019

گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە

راكان جبووری، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركووك لە كردنە ئامانجی كورد لەو پارێزگایە بە تەعریبكردن و دوورخستنەوەی فەرمانبەران و بێبەشكردنیان لە خزمەتگوزارییەكان بەردەوامە. سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی دەڵێ، تا ئێستا تەعریب لە كەركووك بەردەوامە، گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، ئەوەش شتێكی دڵخۆشكەرە، بەتایبەتی ئەو لیژنە فەنیانەی كە دروست كراون ئۆمێدێكی گەورە بە خەڵك دەدەن، چونكە ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەكان زۆر لە كێشەكان چارە دەكات.

لیستی برایەتی كەركووك لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژە بەوە دەكات، كردنە ئامانجی جبووری بۆ كورد لەرێگەی هاندانی خێزانە عەرەبەكانە بۆ گەڕانەوەیان بۆ كەركووك بەمەبەستی تەعریبكردن و جارێكی تر بە پاڵپشتی لە عەرەبی هاوردە لە ناوچەكانی داقووق و دبس و سەرگەڕان و لەیلان، بەمەبەستی گۆڕانكاری دیموگرافییە لە كەركووك، جیا لە گۆڕانكاری لە پۆستە كارگێڕییەكان لە فەرمانگەكان و دیوانی پارێزگاكە بەناوی دروستكردنی هاوسەنگی، لەوكاتەی مەبەستی ئەو دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی كوردە بەتایبەتی.
بەیاننامەكە روونی كردەوە:" ئەو پارێزگارە بەوەكالەتە لە سەرەتای ئەم مانگەدا واژووی لەسەر كۆنووسێك كردووە بۆ دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی كورد لە بەش و هۆبەكانی دیوانی پارێزگای كەركووك بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەندامە عەرەب و توركمانەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە كە ئەو رەفتار و هەڵسوكەوتانەی جبووری پێچەوانە و پێشێلی یاسا و دەستوور و تەوافوقی سیاسی و بەیەكەوەژیانی نەتەوەیی دەكات، چونكە فەراموشكردن و دوورخستنەوەی كورد لە كەركووك دەچێتە خانەی دەمارگیری و بیری تەسك و دەبێتە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخەكە، بۆیە جبووری بەرپرسە لە شێواندنی دۆخی پارێزگای كەركووك.
لەبارەی پڕۆژەكانی بودجەی 2019ی كەركووك لیستی برایەتی كەركووك ئاماژەی كرد كە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە واژووی رەزامەندیان كردووە بە مەرجی دیاریكراو، بەڵام تا ئێستا خزمەتگەزاری ناوچەكانی قەرەهەنجیر و لەیلان و شوان و پردێ و دبس و سەرگەڕانی نەگرتووەتەوە، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو هەڵسوكەوتە نایاساییە دەكرێ ببێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و ململانێی نەتەوەیی لە كەركووك.
بەیاننامەكە داوای لە جبووری كرد كە كار بە لۆجیكی دروست و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە بكات و رێز لە خواستی كورد بگرێت كە زۆرینەی هاووڵاتییانی پارێزگای كەركووك پێك دێنن و ناكرێت فەرامۆش و بێبەش بكرێن و ئەوانەشی هەوڵی دوورخستنەوە و دابڕانیان لە پرۆسەی سیاسی دەدەن، دەبێت پێشبینی وەڵامی گونجاو بكەن.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی بۆ "هەولێر" دیاركرد:" رەوشی كەركووك تا ئێستا ئاسایی نەكراوەتەوە، دەبێت ئاسایی بكرێتەوە، ئەو هەماهەنگیەكی كە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا هەیە ئەوە شتێكی باشە و ئەو هەماهەنگیە بەردەوامە، ئەو لیژنانەی كە دەست بەكاربوونە ئۆمێدێكی گەورە بە خەڵك دەدەن، ئێمەش ئۆمێدمان وایە كە رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە.
كەركووكی، روونیشیكردەوە:" ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە شتێكی گرنگە و دەبێت بارودۆخی خەڵك بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو هێزانەی كە لەناو شارەكانن، دەبێت بچنە دەرەوە، ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕاوەكان زۆر لە كێشەكان چارە دەكات، چونكە تا ئێستا تەعریب لە كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان بەردەوامە، ئەوە بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ خەڵكی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكان، بۆیە دەبێت بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە".

© 2017 Hawler