تشرینی یەکەم 17, 2019

هەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سنە کۆتایی هات

رۆژانی 2 تا 8 ی ئۆکتۆبەر ، لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەشتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب بەڕێوەچوو.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ھەر چوار بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەولێر ، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە و بە چەندین ناونیشانی کتێب بەشداری لەو پێشانگایە کرد.
لە دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، د سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، تیشکی خستە سەر بابەتگەلی پەیوەندیی، کلتوور، کتێب، ژیانی ئاشتییانەی گەلان و ڕۆڵ و بایەخی کتێب لەو نێوەندەدا و سوپاسی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی کرد، تایبەت بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان / سنە ، کە سێیەم ساڵە دەرگا بەڕووی ئەو پەیوەندییە کلتوورییانەدا دەکاتەوە.
بریکاری وەزارەت ، کە سەرۆکایەتی شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکرد، بەشداریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بە پێویست زانی و جەختیشی لەو ڕاستییە مێژووییە ڕۆشنە کردەوە، کە شاری سنە و تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەموو ئەو پەیوەندییە کلتووریانەیش کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەیە، ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی و فەرھەنگی و جڤاکی قووڵیان بەیەکەوە ھەیە و لێک جیا نابنەوە.
دوای تەواوبوونی مەراسیمی وتار، کە لە نێویاندا بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران خانم د لادن حەیدەری و نووسەری بەنێوبانگ مستەفا مەلەکییان وتاریان پێشکەیش کرد، ڕێزلێنان پێشکەشی کۆمەڵێک لێکۆڵەر و نووسەر و ھونەرمەند کرا.
پاشان د سالار عوسمان، ھاوڕێ لەگەڵ بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاریدەدەری پارێزگاری سنە و بەرپرسی نمایشگای کتێب لە ئێران و بەڕێوەبەری گشتی فەرھەنگ و ئیرشادی سنە شریتی پێشانگاکەی بڕی و دواتر بەشە جیاجیاکانی پێشانگاکەیان بەسەرکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ بەشداربووان خواست.

بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلانی ئێران کۆبووەوە
ھەر ھەمان ڕۆژ ، د سالار عوسمان لەگەڵ خانم حەیدەری بریکاری وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلانی ئێران کۆبۆوە و لە دیدارێکدا باس لە پەیوەندییە کلتوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا و ھەردوولا جەختیان لەسەر قووڵترکردنەوەی پەیوەندییە کلتوورییەکان کردەوە.
لە ڕۆژانی مانەوەیاندا و بە یاوەری شاندی وەزارەت، سەردانی ھەریەک لە خاتوو سیمین چایەچی شاعیر و نووسەر ، خانەوادەی ھونەرمەندی بەنێوبانگ عەباسی کەمەندی ، کتێبخانەی قوتابخانەی نمونەیی ئەبرار ، مەزاری ھونەرمەندی مەزن سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و گۆڕەپانی ناودارانی کوردی کرد.
لە درێژەی چالاکییەکاندا، د سالار عوسمان بە پێشکەشکردنی بابەتێک بەشداری لە کۆڕیادی پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا ڕەسوڵ کرد و لەو کۆریادەدا تیشکی خستە سەر چەند لایەنێکی گرنگی ژیانی زانستی و کلتووری و سیاسیی پرۆفیسۆری خوالێخۆشبوو و جەخیشی لەو ڕاستییە کردەوە، کە پرۆفیسۆر عیزەددین مستەفا ڕەسوڵ ئینسکلۆپیدیایەکی مەزن و فراوانە و کورد دەبێ شانازیی پێوە بکات .
ھەر لەو سەردانەدا، کە شەش ڕۆژی خایاند، شاندەکە بەشداریان لە چەندین پانێڵ و سیمینار کرد و چاویان بە چەندین زانا و لێکۆڵەر و نووسەر و شاعیر و ھونەرمەند و و ئەکادیمیستی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران کەوت و ھیوای سەرکەوتن و بەخشش و پەیوەندیی بەردەوام و بەیەکەوەکارکردنیان بۆ خواستن.
شایانی باسە شاندەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بە فەرمی داوەتکرابوون، لەم بەڕێزانە پێکھاتبوون لە ( د سالار عوسمان، مەھدی بێداوی، سمکۆ محمد، ڕێدار سابیر، ئەیوب ڕۆستەم، نەھرۆ ھەینی، عەتا مەحمود کەریم ، سەلام عەلی، ئەیاد نەقیب، شێروان فاروق ، ھۆشیار عوسمان و جەلال ئەحمەد ).

© 2017 Hawler