تشرینی یەکەم 17, 2019

هیچ هەنگاوێک بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک نەنراوە

لە دوای دووساڵ لە داگیرکردنی شاری کەرکووک و ئاوارەکردنی بەشێکی زۆری کوردەکانی ئەو شارە و بە سەربازگە کردنی پارێزگای کەرکووک، هێشتا بارودۆخی ئەو شارە بە هەمانشێوەیە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی ئەو شارە نەنراوە و پارێزگاری سەپێنراوی پارێزگای کەرکووک بەردەوامە لە دەرکردنی بڕیاری نایاسایی و نادەستووری دژی کورد.

ئەوەی جێگای باسە لە ئێستادا بڕیاردراوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت بە پارێزگای کەرکووکیشەوە، ئەگەرچی پارتی سکاڵای لە چەند بڕگەیەکی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکە هەیە و بە فەرمی سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام لە ئەگەری بەشداری کردنی پارتی لەو هەڵبژاردنە پێویستی بە بارەگا دەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە نەنراوە بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لەو شارەم کە لە ئێستادا هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزی جۆرا و جۆری تێخزاوە.
عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاندووە، کە ئەوان ناو و ناونیشانی بارەگاکانی خۆیان بە حکومەتی عێراق ڕاگەیاندووە لە شاری کەرکووک، بۆ ئەوەی لەو هێزانە چۆڵبکرێت کە ئێستادا لە نێو بارەگاکانی پارتین و داگیریان کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە.
عەدنان کەرکووکی، بە دەنگی ئەمریکاشی گووتووە:" سە‌عد حە‌ربیە‌ی فە‌رماندە‌ی ئۆپە‌راسیۆنە‌کانی کە‌رکوک نوسراوی ئاراستە‌ی شارە‌وانی کردووە‌، تا بزانێت موڵکیە‌تی ئە‌و بینای ئێمە‌ داوای دە‌کە‌ین، لە‌سە‌ر چی لایە‌ک تاپۆیە‌، دە‌رکە‌وتووە‌ لە‌سە‌ر ەیچ لایە‌ک تاپۆ نیە‌، ئە‌مە‌ ئاماژە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی نیە‌تی چۆڵکردنی بارە‌گاکە‌یان نیە‌."
لە لایەکی ترەوە کامەران کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاندووە، حکومەتی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات بارەگاکانی پارتی موڵکی دەوڵەتن، بەڵام هەموو حیزبێک بارەگای هەیە و ئەگەر پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات، پێویستی بە بارەگا دەبێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە بڕیارە هەفتانە ڕۆژی سێ شەممە، ئەنجامبدرێت. کە هەفتەی پێشووتر دانیشتنەکەیان بە هۆی تەواو نەکردنی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان شکستی هێنا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لیستی برایەتی، ڕایدەگەیەنێت بەو بارودۆخەی ئێستاوە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ناکەن و داوا دەکەن بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە دەشڵێت:" بە سەربەرزی نەبێت ناگەڕێینەوە کەرکووک".
پارێزگای کەرکووک، لە ڕابردوودا بە هاوبەشی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای فیدڕاڵی عێراق و هێزی ئەمنی ئەو شارەوە بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، ڕەوشی پارێزگاکە گۆڕا و کەوتە دەست هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزی جۆرا و جۆری تائیفی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە نەتوانێت کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و بەشێک لە ئەندامەکانی لە ترسی هەڕەشەی ئەو هێزانە ئاوارەی شارەکانی تر بوون و لە ئێستادا داوای چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە دەکەن.

 

© 2017 Hawler