تشرینی یەکەم 20, 2019

پەیەدە بەردەوامە لەسەر دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانی رۆژئاوا

تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانی رۆژئاوا لە زیندانەكانی پەیەدەدانە و ئامادە نین ئازادیان بكەن و بەشێكیشیان چارەنووسیان نادیارە.

جەدعان عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ " هەولێر" گوتی:" بارودۆخی رۆژئاوا ئارام نیە و نازانین چارەنووسی رۆژئاوا بە چی دەگات، پەیەدە لێ ناگەڕێ كەس لە رۆژئاوا كار بكات، لەو رۆژەی كە پەیەدە لە جیاتی رژێمی سووریا لە رۆژئاوای كوردستان حوكم دەكات هەتا ئێستا زیندانەكانی پەیەدە بەتاڵ نەبوونە لە ئەندام و سەركردەكانی ئێمە، داعش بە دڕندایەتی خۆی چەندین جار ئەو كەسانەی كە لابووە لە رێگەی چەند كەسێكەوە ئازاد كراون، بەڵام هەموو جیهان داوای یەكگرتنی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەكات، كەچی پەیەدە گوێ بە كەس نادات و رۆژ بۆ رۆژ دژایەتی كورد دەكات، ئێستا زیاتر لە 14 ئەندام و سەركردەكانی ئێمە لە زیندانەكانی پەیەدەدان.
لەلایەكی دیكەوە پەیەدە بڵاوی كردووەتەوە، كە داوا لە ئەنەكەسە دەكەن بێن لە ڕۆژئاوای كوردستان بارەگاكانی خۆیان بكەنەوە و چالاكیی سیاسی ئەنجام بدەن، لە بەرانبەردا بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان، نەواف حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیەدە ڕاست ناكات و ئەو دەنگۆیانە تەنها بۆ پڕۆپاگەندەی ڕاگەیاندن بڵاو دەكاتەوە، ئەگەرنا ڕێگە بە كردنەوەی بارەگاكانی ئێمە نادات و داوا دەكات بچین مۆڵەت لە ئەوان وەرگرین و دان بە ئەوان بنێین و لەژێر دەستی ئەواندا بین، ئێمەش ئەو كارە ناكەین، بۆیە بە هیچ جۆرێك ڕێگە نادەن بارەگاكانی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەینەوە".
بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە هەرێمی كوردستان گوتیشی: "پەیەدە سەرجەم بارەگاكانی ئێمەی داخستووە و داگیری كردوون، كە نزیكەی 40 بارەگا دەبن و ئەگەر ڕاست دەكەن با سەرەتا بارەگاكانمان ڕادەست بكەنەوە و دواتر ئێمە خۆمان بارەگاكان دەكەینەوە، بەڵام ڕادەستیان ناكەنەوە".
حەسەن ڕوونیشی كردەوە:"جگە لە بارەگاكانمان، تاوەكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئەندام و لایەنگرانی ئێمەش لە زیندانەكانی پەیەدەدان و ئامادە نین ئازادیان بكەن و بەشێكیشیان چارەنووسیان نادیارە".

© 2017 Hawler