تشرینی دووەم 13, 2019

چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری هەولێر جێبەجێ دەكرێن

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە هەولێر جێبەجێ دەكرێن، هەموو گەڕەكە نوێیەكانی شارەكە پڕۆژەی خزمەتگوزاریان پێ گەیشتووە، جگە لەوەی رێگاوبانەكانی قەزا و ناحییەكان نۆژەن دەكرێنەوە.

كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ "هەولێر" روونیكردەوە:" پڕۆژەی ستراتیژی شەقامی 150 مەتری لەگەڵ ئەو بەشەی شەقامی 120 مەتری زۆربەی كارەكانیان تەواو بووە، هاوكات جووتسایدی هەولێر- دهۆك ئەو بەشەی كە پەیوەندی بە سنووری هەولێرەوە هەیە، زۆر بە وردی كاری تێدا دەكرێت و رۆژانە ئەو كۆمپانیایەی كاری تێدا دەكات كارەكانی خۆی بەباشی بەڕێوە دەبات، رێگای هەولێر- كۆیە ئەوەی كە تایبەتە بە سنووری پارێزگای هەولێر سیانەیەكی زۆر باشی بۆ كراوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" لە قەزا و ناحییەكانیش هەموو ئەو رێگاوبانانەی كە پێویستیان بە سیانەكردنەوە هەیە وردە وردە كاریان تێدا دەكرێت، هەموو ئەو گەڕەكانەی كە لە هەولێر نوێنە زۆربەی زۆری رێگاوبانەكانیان قیرتاو كراوە، شۆستەیان بۆ كراوە و مەجاریان بۆ دروستكراوە، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا كە نەوتی سپی دابەشبكرێت و رێگاوبانەكان دووبارە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، ئەوانەی وەكو خزمەتگوزاری سەرەتایینە بەرە بەرە كاریان تێدا دەكرێت، ئێدی كاروبارەكان بەرێوەدەبرێن و چاوەڕوان دەكەین لە داهاتوودا میزانیەی تایبەتی حكوومەتی هەرێم كاری لەسەر بكرێت پرۆژەی گەورەتریش بكرێن".

© 2017 Hawler