ئەیلول 19, 2019

پێویستیی عێراق بە گازی ئێران سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی سووک کردووە


زیاتر لە ساڵێکە کۆمەڵێک سزای قورس بە سەر ئێراندا سەپێنراوە و کاریگەریی زۆر خراپی خستووەتە سەر ئابووری ئێران بەڵام ئەو وڵاتە یەکێک لەو کەرتانەی دڵی پێ خۆش کردووە و پێی وایە ئەمەریکا هیچ کاتێک نەیتوانیوە رێگەی هەناردەکردنی بگرێت و لە داهاتووشدا ناتوانێت رێگەی فرۆشتنی بگرێت، ئەو گازەیە هەناردەی عێراقی دەکات.

بەشێک لە میدیاکانی ئێران ویڕای دانپێدان بەو کاریگەرییە قورسەی بەسەر کەرتی نەوتی ئێران هاتووە ورێژەی هەناردەکردنەکەی بە ریژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، باس لەوە دەکەن کە ئێران بە فرۆشتنی گازی سروشتی توانیویەتی قەرەبووی بەشێک لەو کورتهینانە بازرگانییە بکاتەوە.ئەوان دەڵین ئەمەریکا زۆری هەوڵ دا تا ئەم کەرتەش بخاتە نێو بازنەی سزاکانی بەڵام دواجار ناچار بووە عێراق لە کڕینی گاز ببەخشێت، هەرچەندە عێراق بە فەرمی نەیگوتووە لە سزاکانی سەر ئێران هاوکاری ئەمەریکا دەکات.
کاتێک لە ساڵی 2018 ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی کشایەوە بە چەندین قۆناغی جیاواز هەر یەک لە کەرتەکانی بانک و دارایی و نەوت و بازرگانی دەریایی ئێرانی خستە ژێر سزاکانییەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2018 ئەمەریکا ماوەی سێ مانگی بۆ عێراق دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی بە یەکجاری واز لە کڕینی گازی سروشتی لە ئێران بهێنێت بەڵام هەر ئەو کات بەرپرسانی عێراق داوایان لە ئەمەریکا کرد پێوسیتییان بەکاتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی پشت بە ناوخۆ ببەستن وهێشتا بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق پشت بە گازی هاوردە کراوی ئێران دەبەستێت و ئەگەر بە تەواوی بپچڕێت ئەوا لە هاوینەکەی تەنگژەی جیاواز دەهێنێتە کایەوە.
لە کۆتایی بەهاری ئەمساڵ بوو کە باڵوێزی ئەمەریکا لە بەغدا بە فەرمی گوتی عێراقیان لە کڕینی گاز و کارەبای ئێران سەربەست کردووە بی ئەوەی باس لە کاتێکی دیاریکراو بکات.
پێویستە بگوترێت سەرەڕای ئەوەی کە عێراق بە دووەم بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و زۆر دەوڵەمەندە لە سەرچاوی گازی سروشتی بەڵام نەیتوانیوە سوود لەو سەرچاوانەی وەربگرێت و بەشی بەرچاوی گازی بیرەکانی نەوتیش کۆنترۆڵ نەکراون و بێ ئەوەی گل بدرێنەوە، دەسووتێنرێن.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە ئەمەریکا بە ئاسانی نەتوانێت ئەو کەرتەی ئێران سزا بدات و رێگە لە عێراق بگرێت گازی ئێران بکڕێت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جێگرەوەی گازی سروشتی وا بە ئاسانی دابین ناکرێت و پێویستی بە وەبەرهێنان و کاتێکی زیاتر هەیە. عێراق کە ژێرخانی ئاوەدانیی بەشێک لە پارێزگاکانی تێک چووە و پێویستی بە داهاتی زیاتر هەیە وا بە ئاسانی ناتوانێت لەم کەرتەدا خۆ لە ئێران سەربەست بکات.
ئێران پێداگری لەوە دەکات کە گازەکەی تەنیا بۆ عێراق هەناردە ناکات بەڵکوو بە تورکیا و پاکستان و ئەفغانستان و عومانیشی دەفرۆشێت و ئەم کەرتەش هەناسەیەکی بە ئابووری ئێران داوە و گوشارەکانی سەر ئابوورییەکەی کەم کردووتەوە.
ئەوەی لە عێراقدا لە داهاتوودا مایەی ئومێدە بۆ دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سەرجەم پاریزگاکانی عێراق بە گازی سروشتی، گازی هەرێمی کوردستانە کە وەبەرهێنانی گەورەی تێدا کراوە و جێگەی سەرنجی کۆمپانیاکانی جیهانە.
کۆمەڵێک کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە کە بە گوێرەی دواین پێشبینییەکانیان لە ماوەیەکی کەمدا ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زۆر بەرز دەکەنەوە و لە هەرێمی کوردستانەوە گازی سروشتی هەناردەی تورکیا و ئەوروپا دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت هەریمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا ببیتە دابینکەری سەرەکی گازی عێراقیش و لەو رووەوە رۆڵێکی زۆر کاریگەر ببینێت.

 

© 2017 Hawler