ئەیلول 19, 2019

قوباد تاڵه‌بانی: پارتی لەم قۆناغە ئەرکی قورسی لەسەر شانە

دەقی پەیامەکە:
به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌ڕێزان جێگری سه‌رۆك وئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی وسه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان
سڵاوێكی گه‌رم.
به‌بۆنه‌ی حه‌فتاوسێیه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ گه‌رمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی جه‌نابتان وكادر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی ده‌كه‌ین، به‌هیوای ئه‌وه‌ی كاروانی دورودرێژی خه‌باتی حیزبه‌كه‌تان و هێزه‌ سیاسییه‌ نیشتمانییه‌كانیتری كوردستان سه‌ره‌نجام ببێته‌ هۆی سه‌رفرازی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ ئامانجی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌كه‌مانه‌.
ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی پارتی هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ، كه‌ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌، ئه‌م كابینه‌یه‌ش به‌رده‌وام بوونی چاكسازی و خزمه‌تكردنی باشتری خه‌ڵكی كوردستانی كردۆته‌ پێشه‌نگی كاره‌كانی خۆی و له‌پێناو به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر گه‌له‌كه‌مان به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، پێویستمان به‌ هاوئاهه‌نگی ھه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ و پارتیش له‌م قۆناغه‌ ئه‌ركی قورسی له‌سه‌ر شانه‌ بۆ نزیكبونه‌وه‌ی زیاتری حیزبه‌كان و كوردستان كه‌ خاك و نیشتمانی هه‌موومانه‌ ئه‌مه‌مان لێ ده‌خوازێت.
دووباره‌ 16 ئاب پیرۆزبێت و سڵاو بۆ ئاهه‌نگگێڕانی ئه‌م یاده‌.
قوباد تاڵه‌بانی
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران

© 2017 Hawler