ئاب 22, 2019

لەسەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە كوردستان

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هێشتا 30%ـی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە حەوت هەزار ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی 272 هەزار و 875 پەنابەر كە كۆی گشتییان دەكاتە ملیۆنێك و 100 هەزار ئاوارە و پەنابەر.

دەزگای خێرخوازی بارزانی توانی هاوكاری پەنابەر و ئاوارەكان بكات، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەركی دەزگای خێرخوازی بارزانییە كە هاوكاری لێقەوماوان بكات و رۆڵێكی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵكەی زانیوە و بەردەوام هاوكاری ئەو خەڵكەی كردووە كە پێویستیان پێ بووە.
نوری محەمەد، پەنابەرێكی رۆژئاوای كوردستانە بۆ "هەولێر" دەڵێ:" سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەین، كە بەردەوام هاوكاری ئێمەی كردووە و ئەوەی پێویستمان پێ بووە بۆمان دابین كردووە.
عەلاوی سەعید، ئاوارەیەكی مووسڵە بۆ "هەولێر" گوتی:" دەزگای خێرخوازی بارزانی بەردەوام هاوكاری ئێمە دەكات، هیچ جیاوازیەك ناخاتە نێوان ئاوارە و پەنابەرەكان، بۆیە سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەین كە ساڵانە هاوكاری ئێمە دەكات، داوا لە هەموو رێكخراوەكان دەكەین چاو لە ئەوان بكەن و هاوكاری ئاوارە و پەنابەران بكەن.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند:" دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی بەشێكی زۆری ئامانجەكان بپێكێنرێ، ئەوەش بە پشتگیری خەڵكی كوردستان بووە، كە بەردەوام پشتگیری ئەو دەزگایەیان كردووە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەشڵێ:" دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆتە پردێك لە نێوان خەڵكی هەژار و خەڵكی دەوڵەمەند هەروەها بووینەتە پردێك لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان، لە ساڵی 2013 ژمارەیەكی زۆر پەنابەر لە رۆژئاوای كوردستان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، دواتر ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە لە پارێزگاكانی عێراق روویان لە هەرێم كرد، كە نزیكەی 30% دانیشتووانی هەرێم ئاوارە و پەنابەر بوون، دەزگای خێرخوازی بارزانی توانی بەپێی پێویست هاوكاری ئاوارە و پەنابەران بكات، ئێستاش بەردەوامە و رۆژانە هاوكاری ئاوارە و پەنابەران و خەڵكی دیكە دەكات.
هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە "هەولێر"ـی گوت:" ملیۆنێك و 100 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان هەن، بەپێی ستانداردی جیهانی، خەرجی رۆژانەی هەر ئاوارە و پەنابەرێك 3.7 دۆلارە. بەو پێیەش خزمەتگوزارییەكانی ئاوارە و پەنابەران رۆژانە 3 ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" لە رووی داراییەوە حكوومەتی عێراق هیچ بودجەیەكی بۆ پشتیوانی ئاوارەكان نەناردووە. هاوكارییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی 25% پێداویستیەكان دابیندەكات، كۆی هاوكارییەكانی دیكە كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".
هۆشەنگ محەممەد ئاماژەی بەوەشكرد:" گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان وەستاوە، بەپێچەوانەوە، هاتنی ئاوارە و پەنابەران زیادیكردووە. لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا حەوت هەزار و 195 ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، كە لە هەزار و 439 خێزان پێكهاتوون، هۆكاری دووبارە گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ كەمپەكان بۆ نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و نەبوونی دەرفەتی كار و بژێوی ژیانە، بۆیە ناچاربوونە دووبارە بگەڕێنەوە كەمپەكان، هەروەها تێكچوونی رەوشی ئەمنی ئەو ناوچانەیە بەهۆی كار و چالاكی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، 38 كەمپی ئاوارە و نۆ كەمپی پەنابەران لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە 11 كەمپیان لە هەولێر و 21 یان لە دهۆك و شەش كەمپیش لە سلێمانین".

© 2017 Hawler