ئەیلول 19, 2019

کورد دوای جەژن لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە

هەرچەندە بڕیاربوو لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوە بکەن، بەڵام کۆبوونەوەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان، کورد دەیەوێت دڵنیایی بداتە پێکهاتەکان کە ئامانج لە دانانی پارێزگار و رێکارە ئیدارییەکان سەقامگیری دۆخی کەرکووکە

بەپێی زانیاری ئەندامانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، کۆبوونەوەکان دوای جەژن دەبن، گفتوگۆکان تایبەت دەبن بە چۆنیەتی دانانی پارێزگارێک کە هەموو لایەنەکان لە ئەدا و کارەکانی رازی بن، چونکە ئێستا تورکمان و کورد لە ئەدای راکان جبووری رازی نین .
لیژنەکە هۆشداری دەدات لە بە عەرەب کردنی کەرکووک و دەڵێت تەعریب بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە، هاوکات ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا دەکەن بە خێرایی خەمێکی جدی لە شارەکە بخورێت و ئەو هەوڵە شۆڤینیانەی هەیە رابگیرێت .
لیستی برایەتی كەركووك،، لە كۆی 41ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك 26 ئەندامی هەیە. ئەندامەكانیش لەلایەنەكانی پارتی ‌و یەكێتی ‌و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانن.دوای رێككەوتنی پارتی ‌و یەكێتی لەسەر دانانی تەیب جەبار بە پارێزگاری كەركووك، بەشێك لە عەرەب ‌و توركمانەكانی كەركووك ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی، کورد دەیەوێت پێکهاتەکان دڵنیا بکاتەوە .

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک دەڵێ:' کۆبوونەوەکان بە ئامانجی کردنی گرێ کوێرەکانە لەسەر زۆر لە پرسە سیاسییەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە رێککەوتن کراوە، ئەوەی ماوە هەندێک کێشەی سادەیە لەنێوان ئێمە و عەرەب و تورکمان، بە ئومێدین بتوانین لە کۆبوونەوەی داهاتوو ئەو بابەتانەش یەکلایی بکەینەوە. هەوڵەکان بەردەوامن ئومێد دەکەین بگەینە رێگەچارەیەکی یاسایی و دیپلۆماسی.
لەبارەی تەعریب، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت بابەتی تەعریبکردن لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە چڕی دەستیپێکردووە، تەعریبی کارگێڕی، تەعریب لەسەر خاک و هێنانی خەڵک و گواستنەوەی نفوس و پسوولەی خۆراک بۆ کەرکووک دەستیپێکردووە.
کورد لە دۆخی کەرکووک رازی نیە، دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دۆخی کەرکووک ئاسایی و یاسایی بکرێتەوە،بڕیارە نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، کورد دەیەوێت پێش ئەو هەڵبژاردنە دۆخی پارێزگاکە ئارام بێتەوە لایەنە کوردستانییەکان رازی نین لەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە هێشتا تەعریب هەیە هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەمواری یاسای هەڵبژاردن مانگی رابردوو تێپەڕێندرا.
پێشتر راکان جبووری پڕۆژەکانی کەرکووکی راگەیاند، زۆربەی پڕۆژەکانی بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی دیاریکراوە و لە زەرەری ئەوانی دیکەیە، تەنانەت تورکمانیش لە ئەدای پارێزگاری سەپێندراو رازی نین،بڕیاریشە پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکانیش ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، ئەوەش دوای رێککەوتنی هەردوولا لەسەر پارێزگاری کەرکووک کە تەیب جەبار کاندیدی هاوبەشی هەردوولایە، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕیارەکان لەبەرژەوەندی ئەواندایە، بەشێکی عەرەبەکانی کەرکووک بە ئاشکرا دژایەتی هەوڵی لایەنە کوردیەکان دەکەن.

© 2017 Hawler