ئەیلول 19, 2019

هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە سنووری کوڵەجۆ ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا

ئەگەرچی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، بەو شێوە بەرفراوانەی سەرەتای چالاکییەکانیان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ نەیانتوانیوە چالاکی و هێرشی بەرفراوان ئەنجامبدەن کە مەترسی بێت بۆ داگیرکردنی شار و شارۆچکەکانی عێراق، بەڵام بنبڕیش نەکراوە و جار بە جار چالاکی و جموجۆڵی مەترسیدار ئەنجامدەدەن، بە تایبەت لەو ناوچانەی بەهۆی نەمانی پێشمەرگەوە بۆشایی ئەمنی تێدا دروست بووە، کە زۆربەیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

بەهۆی ئەو جموجۆڵانەش، کە لەماوەی ڕابردوودا، چەکدارانی داعش، لە سنووری پاریزگای دیالە، ئەنجامیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدلمەهدی، سەرۆکایەتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سوپای عێراق دەکات دژی چەکدارانی داعش، ئۆپەرسیۆنەکەش لەو دیوی گوڵاڵەوەیە کە سوپاێ عێراق و چەکدارانی داعش تیایدا بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن و لەو بەری گوڵاڵەش هێزەکانی پێشمەرگە بوونیان هەیە و ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپاێ عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنووری کوڵەجۆ ئەنجامدا.
ئۆپەراسیۆنەکەی سنووری کوڵەجۆ، لە هێزەکانی لیوای ٥ی پیادەی شارەزوور و هێزەکانی ئاسایش پێکهاتبوو، عەمید کەمال، فەرماندی لیوای ٥، لە لێدوانیدا بۆ چەند میدیایەک ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند و ڕایگەیاند:" ئامانجمان لەم ئۆپەراسیۆنە گەڕانە بەدوای تیرۆرستان، بەتایبەتی ئەوانەی داعش لەو سنوورەدا. هێزێکی هاوبەشی میحوەری کفری، هێزی پشتیوانی و لیوای 136ـی هێزەکانی 70 و لیوای 5ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارین لەو ئۆپەراسیۆنە".
هەروەها باسی لەوەشکردووە، بەهۆی دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ سنورەکەیان کە لە ئەنجامی بۆشایی سەربازی و نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو سنورانەی پێشوو، ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامداوە و هەوڵی بنبڕکردنی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش دەدەن لە سنورەکەیان.
سەبارەت بە هەماهەنگیان لەگەڵ سوپای عێراق، کە لە هەمان کاتدا و لە سنووری خۆیان ئۆپراسیۆنێکی هاوشێوەیان ئەنجامدا، عەمید کەمال دەڵێت:" ێمە هەماهەنگیی مەیدانیمان لەگەڵ سوپای عێراق هەیە، بەپێی زانیارییەکانمان و قسەی ئەوان؛ عادل عەبدولمەهدی لە سەربازگەی کوبرایە لە جەلەولا و خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکەی سنووری ئەوان دەکات، بەڵام ئێمە جیاین و سەرپەرشتیاری خۆمان هەیە".
سەبارەت بە ژمارەی چەکدارانی داعش، باس لە بوونی ژمارەی جیاوز دەکات و دەڵێت بە پێی چەند سەرچاوەیەک ٣٠ چەکدار دەبن لە ناوچەی کوڵەجۆ و هەندێک سەرچاوەش باس لە ژمارەی جیاوز دەکەن بۆیە بە تەواوی ژمارەیان نازانرێت، ئەو فەرماندەیە ڕایدەگەیەنێت، لە پلانیاندا هەیە، لە داهاتوودا هێزی زیاتر لەو ناوچەیە جێگر بکەن و سەنگەری تریش زیاد بکەن، لە پێناو پاراستنی زیاتری ناوچەکە.
جێگای ئاماژە پێدانە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا، چەکدارانی داعش توانیبویان دزە بکەنە سنووری کوڵەجۆ و هێرشێکی لە ناکاو بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لەو ناوچەیە ئەنجام بدەن، هەرچەندە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و تێکیان شکاند، بەڵام چوار کارمەندی ئاسایش و دژە تیرۆر لە ئاکامی ئەو هێرشەی چەکدارانی داعش شەهید بوون.
لە لایەکی ترەوە، شانەی راگەیاندنی جەنگی لە عێراق، بڵاویکردۆتەوە، بەهۆی بۆردومانێکی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەیەکی نهێنی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە چیای قەرەچوغ، شەش چەکداری داعش کوژراون، لە بڵاوکراوەکەیاند هاتووە، هێرشەکەی هاوپەیمانان لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ئەنجامدراوە و شوێنی چەکدارەکان ئاشکرا کراوە.
لە هەمان کاتدا، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی پاریزگای دیالە، بە هۆی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری داعش، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، بارودۆخی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە هۆی نەمانی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، کەوتنە فەراغی ئەمنییەوە و تا ئێستا نەتوانراوە چەکدارانی داعش و شانە نوستووەکانیان بنبڕ بکرێت، هەرچەندە 9/12/2017 حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی حکومەتی عێراق، کۆتاییهاتنی جەنگی دژ بە داعشی ڕاگەیاند.

© 2017 Hawler