کانونی یەکەم 09, 2019

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كانی ماسی: لە سنووری شارەدێی کانیماسی ڕۆژ نەبووە تۆپباران و شەڕ ڕووی نەدابێت

بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پەکەکەوە ھاووڵاتییانی سنووری ناحیەی کانیماسی دڵگرانن و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ بەھۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە ٥٦٠ ھەزار دۆنم زەویی ڕەز و باخ سووتاوە.

سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانیماسی لە پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند: "بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سەر سنوور و ھەبوونی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وە تا ئێستا ١١ گوندی سنووری شارەدێی کانیماسی ئاوەدانییان بۆ نەچووە و خەڵکی ئەو گوندانە بەھۆی ئەو ڕەوشەوە کە پەکەکە لە سنوورەکانیان بەدیی هێناوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و لە شوێنەکانی دیکە نیشتەجێ بوونە."
بەڕێوەبەری شارەدێی کانیماسی گوتیشی: "ساڵانە بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە سوپای تورکیا بوردوومان و تۆپبارانی سنووری ناحیەی کانیماسی دەکات و تەنیا ئەمساڵ ٥٦٠ ھەزار دۆنم زەوی، کە زۆربەی ڕەز و باخی ھاووڵاتییان بووە، سووتاوە، واتە ساڵانە زیانێکی ئێکجار گەورەی ماددی بەر ھاووڵاتییان و جووتیارانی سنووری شارەدێی کانیماسی دەکەوێت، ئەویش ھۆکارەکەی پەکەکەیە."
سەربەست ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕۆژانە شەڕ و پێکدادان و تۆپباران لە سنووری ناحیەکەمان ھەیە و ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی سنوورەکە پەیدا کردووە، چونکە ناکرێت ئەمە بووە ٣٠ ساڵ کە لە ناوچەکەدا ھەر شەڕە. لەبەر ئەوە داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین چیی تر ناوچەکە نەکەن بە مەیدانی شەڕ و بەھانە نەدەنە دەست تورکیا بۆ زیانگەیاندن بە خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان."

لە KDP.infoەوە

© 2017 Hawler