کانونی یەکەم 09, 2019

ئەم هەفتەیە لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کۆدەبێتەوە

دۆخی کەرکووک لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوو لەرووی ئیداریەوە بە رادەیەک خراپ بووە، زۆربەی لایەنە سیاسیەکان کۆکن کە لەسەردەمی بەعسیش هاوشێوەی نەبووە، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەستی داوەتە پرۆسەیەکی چڕی تەعریبکردنی کەرکووک، هەوڵدەدات بە هەموو شێوەیەک بوونی کورد لەو شارە کەمبکاتەوە، بەڵام پارتی و یەکێتی لە نێوان خۆیان دوای رێککەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگار بەنیازن رێگری لەو هەوڵانە بکەن.

بەپێی چەندین سەرچاوەی فەرمی لە کەرکووک لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا لەوەتەی جبووری دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، زیاتر لە ٦٠ هەزار عەرەبی ناوچەکانی دیکە ناسنامەیان گواستۆتەوە کەرکووک، هەوڵێک بە گوتەی لایەنە کوردیەکان ئەگەر بەری لێ نەگیرێت داهاتووی خراپی لەسەر دۆخی شارەکە دەبێت، فراکسیۆنە کوردستانیەکان و لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک لە هەوڵدان رێگری لە بە عەرەبکردنی کەرکووک بگرن،ئەوان کۆکن کە دەبێت سنوورێک بۆ ئەو کارانە دابندرێت .
ساڵی داهاتوو بڕیارە سەرژمێری لە کەرکووک بکرێت، بەو دۆخەی ئێستاوە کورد لە کەرکووک زیانی گەورەی بەردەکەوێت، بۆیە هەوڵێکی گشتگیر هەیە بۆ رێگری لەو دۆخە، شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییی کردنەوەی دۆخی کەرکووک دەڵێت:" کۆتایی ئەو هەفتەیە دەست بە کۆبوونەوەکان دەکەینەوە، دەمانەوێت ئەو گرێیانەی تاوەکو ئێستا ماون بکرێنەوە، لەگەڵ پێکهاتەکانیش قسە کراوە و پارتی و یەکێتی دڵنیایی پێداون .
شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی دۆخی ئێستای کەرکووک دەڵێت:" تەعریب زۆر بە شێوازێكی سیستەماتیک دەستی پێکردووەتەوە، هەمووشی پارێزگاری سەپێندراو لە پشت ئەو هەوڵانەیە، گرفت بۆ کوردی کەرکووک دروست دەکرێت، بۆیە لەگەڵ فراکسیۆنەکان و لایەنە کوردیەکان هەوڵێکی گشتگیر هەیە بۆ رێگری لەمە."
هەفتەی رابردوو راکان جبووری پڕۆژەکانی کەرکووکی راگەیاند، زۆربەی پڕۆژەکانی بۆ بەرژەوەندی پێکهاتەیەکی دیاریکراوە و لە زەرەری ئەوانی دیکەیە، تەنانەت تورکمانیش لە ئەدای پارێزگاری سەپێندراو رازی نین، بڕیاریشە پارتی و یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکانیش ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە، ئەوەش دوای رێککەوتنی هەردوولا لەسەر پارێزگاری کەرکووک کە تەیب جەبار کاندیدی هاوبەشی هەردوولایە، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی ئەوەی بڕیارەکان لەبەرژەوەندی ئەواندایە، بەشێکی عەرەبەکانی کەرکووک بە ئاشکرا دژایەتی هەوڵی لایەنە کوردیەکان دەکەن،خۆپیشاندانەکەی ١٠ رۆژ لەمەوبەریش کە تێیدا دروشمی بەعسیبوون گوترایەوە، بەڵگەی ئەو هەوڵانەن .
هەفتەیەک لەمەوبەریش سەرۆک بارزانی پەیامێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و خەختی لەوە کردەوە :" کورد ئێستا و پێشتریش ڕای وا بووە كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركووك ناكات و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژین.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە بڕیارە نیسانی ساڵی داهاتوو ئەگەر پەرلەمان و کۆمسیۆن رێکبکەون، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، کورد دەیەوێت پێش ئەو هەڵبژاردنە دۆخی پارێزگاکە ئارام بێتەوە.
یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، ماوەیەکی زۆرە مشتومڕی دروست کردووە، لایەنە کوردستانییەکان رازی نین لەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە هێشتا تەعریب هەیە هەڵبژاردن بکرێت. پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردبوو مانگی 11 ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق بکرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی هەموار نەکردووەتەوە، بۆ ئامادەکاری بۆ هەر هەڵبژاردنێك کۆمیسیۆن پێوستی بە 6 مانگە، لایەنە سیاسیەکان دەڵێن: جگە لە رووی یاساییەوە لە روی سیاسی و ئەمنیشەوە عێراق ئامادەی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە نیە.

© 2017 Hawler