ئاب 18, 2019

هەولێر و بەغدا ڕوویان له‌ چاره‌ی كێشه‌كانه‌

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاوەری شاندێك لە یەكەمین سەردانیدا بۆ بەغدا دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران، لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكانیش سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە میدیاكارانی رایگەیاند، تێگەیشتنی زۆر باش هەبووە، هەموو ئەو شتانەی كە پێویست بوو بگوترێن لە لایەن شاندی هەرێمەوە خستمانەڕوو".

هاوكات هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق وێرای بەرزنرخاندنی سەردانەكە دووپاتیشیان لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور كردەوە.
رۆژی دووشەممە 15/7/2019، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێدا، لە یەكەمین كۆبوونەوەدا جگە لە دەركردنی چەند بڕیارێكی گرنگ لەپێناو چاكسازیی و باشتركردنی دۆخی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ دەربڕینی نیازپاكی، شاندێكی باڵای حكوومەت بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی لە قۆناخەكانی داهاتوودا چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە كردەیی دەست پێبكەن.
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هەموو ئەو شتانەی پێویست بوو بگوترێت لە لایەن شاندی هەرێمەوە خستمانەڕوو. هەروەها گوتی: "لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە گفتوگۆی تەكنیكی دەكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتانە. هاوكات سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی، پێزانینی خۆی بۆ سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەربڕی و رایگەیاند، سەردانەكە گرنگ بوو بۆ پیشاندانی نیازپاكی هەرێمی كوردستان.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەغدا پیشاندانی نیازپاكی هەرێمی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا، هەروەها پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەرەی پێبدرێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند:" لە كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن باس كران و خرانەروو، بۆیە ئەو سەردانە زۆر گرنگ و ئیجابی بوو، نیاز پاكی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە دووپات كرایەوە كە دەیەوێت كێشەكان چارەبكات، هەروەها باس لەوە كرا كە دەستوور بە هەموو ماددەكانی جێبەجێ بكرێت، دەبێت ئیرادەیەكی سیاسی لە نێوان لایەنەكان و ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەبێت بۆ چارەكردنی كێشەكان، بۆیە داوا دەكەین كە ماددەكانی دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێن.
مامۆستایانی زانكۆ چوونی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە گرنگ و بەرهەمدار دەزانن، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەنە چارەسەر بكرێن.
د. رێبین محەمەد، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" رایگەیاند:" ئەو سەردانەی شاندی حكوومەت بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی سەرۆكی حكوومەت زۆر گرنگ بوو بۆ چارەنووسی هەرێمی كوردستان، چونكە چارەسەركردنی كێشەكان كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەنە، رەوش و ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر لێ دەكات.
د. ئازاد خدر، ئەویش كە مامۆستای زانكۆیە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكانی نێو كارنامەی كابینەی نوێ، چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە، بۆیە سەردانی شاندی حكوومەت بۆ بەغدا نیازپاكی هەرێم بەرامبەر بە چارەكردنی كێشەكان دەردەخات و بە بەرپرسانی بەغدا گوترا كە هەرێم لەگەڵ چارەكردنی هەموو كێشەكاندایە، بەتایبەتی كێشەی دارایی و ماددەی 140، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ئەو جۆرە سەردانانە بەردەوام بن، تا هەموو ئەو كێشانەی كە هەن چارەسەر بكرێن.
دەشڵێ:" سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی نیشانەی بەهێزی كوردستانێكی بەهێزە، حكوومەتێكی نوێش لە بەغدا هەیە و ئەوانیش دەیانەوێت كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارە بكەن".

© 2017 Hawler