ئاب 18, 2019

کورد و تورکمان سكاڵایان لە بەردەوامی پرۆسەی تەعریبی کەرکووک کردووە

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، تا ئێستا شاری کەرکووک، لە ژێر ئیدارەیەکی سەربازیدایە و بێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاسا و بڕگەیەکی دەستووری لە پارێزگای کەرکووک، بڕایارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، کە سەرجەمیان لە دژی پێکهاتەی کورد و دواتر تورکمانەکانی ئەو شارەیە.

بە پێی زانیارییەکان لە دوای ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٦٠ هەزار عەرەب، ناسنامەیان بۆ سەر پارێزگای کەرکووک گواستۆتەوە، کە ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرای پرۆسەی تەعریبە لەو پارێزگایە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدەدرێت، لە کاتێکدا بەهۆی هێرشە سەربازییەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هەزاران هاونیشتیمانی کوردی شارەکە ئاوارە بوون و پارێزگای کەرکووکیان جێهێشتووە و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە پارێزگاکە.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا، ڕایدەگەینێت، ئەوەی ئێستا هەیە لە پارێزگای کەرکووک تەعریبێکی ئاشکرایە و سکاڵایان ئەنجامداوە.
جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵی ڕووداو، دەڵێت:" لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا بەهەمان شێوە تەعریب دەستی پێکردووەتەوە، بەپێی دەستور و یاسا ئەو کارانە نابێت بکرێن، بەڵام کراوە، ئێمە لەئەنجوومەنی نوێنەران نووسراومان کردووە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام وەزیری ناوخۆ گوتی، من نوسیوومە بەپێی رێنماییەکان، بەڵام حکومەتی عێراق هەمان نەفەسی هەیە ئەو شوێنانە تەعریب بکرێن".
هەر سەبارەت بە ڕەوشی پاریزگای کەرکووک، لە چەند ڕۆژی رابردوودا، شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی پێکهاتەکان و کەمە نەتەوەییەکانی کەرکووکیان کرد و لەگەڵیان کۆبوونەوەتەوە، لای خۆیەوە نوێنەری کاکەییەکان ئەوەی ڕاگەیاندووە، بە وەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی گووتوە، کە ئەمنییەتی شارەکە لە مەترسیدایە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش ناتوانن شارەکە بپاریزن، نوێنەری کاکەییەکان بۆ دەنگی ئەمریکا باسی لەوەشکردووە، وەفدەکە بە هەڵە لە بارودۆخی ئەو ناوچانە تێگەیندرابوون لە لایەن عەرەبە هاوردەکانی ئەو شارەوە.
جگە لە کورد، تورکمانەکانیش لەم هەنگاوەی گواستنەوەی ناسنامە بۆ عەرەبەکان نیگەرانن و پێیان وایە، ئەم هەنگاوە مەترسییەکی گەورەیە دژ بە ژیانی پێکەوەیی و وای بۆ دەچن سەرجەم ئەو ئاوارانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە هاتنە نێو پارێزگای کەرکووک لە ئێستادا گواستنەوەی ناسنامەیان بۆ دەکرێت بۆ پارێزگای کەرکووک، ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ کە ئەمە وایکردووە کاریگەری لەسەر ڕێژەی دانیشتووان بە پێی پێکهاتەکان بگۆڕدرێت و ژمارەی عەرەبەکان لەو پارێزگایە بەرەو هەڵکشان بچێت، تا ئێستا لە عێراق ئەوەی پشتی پێدەبسترێت سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ە.

© 2017 Hawler