ئاب 18, 2019

کرێکارانی ئێران و رۆژهەڵات بۆ کار دێنە کوردستان

ئارامی هەرێمی کوردستان و داهاتی تا رادەیەکی باشی کرێکار لە رۆژێکدا، هەروەها سزای توندی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، وای لە کرێکاران و گەنجانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بۆ پەیداکردنی بژێویان روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

کرێکارەکان کە زۆربەیان کوردن، بەدوای نانی رۆژانەی خۆیانن،زۆربەیان لە کەرتی بیناسازیدا خەریکی کرێکارین و رازی بەو پارەیەی لە کوردستان پەیدای دەکەن،چونکە نزیکەی سێ هێندەی ئەو رۆژانەیەیە کە لە ئێران دەستیان دەکەوێت
ئەو گەنجانەی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بەدوای کاردا دەگەڕێن، لەسەر شەقام چاوەڕێی خاوەن کارێکن لەگەڵ خۆیان ببات بۆ کارکردن، عەلی یەکێکە لەو کرێکارانە و دەڵێت:" بە تەواوی کرێی رۆژێک لە ئێران تەنیا دەتوانی بای ژەمێک خواردن بکڕی، بەڵام پێویستی خێزان زۆر لەوە زیاترە، ئەو گەنجە تەمەن ٣٢ ساڵانە خەڵکی ئورمییەیە، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە،ئەو پێی باشە ناوی دووەمی خۆی نەڵێت،لە ترسی ئەوەی خێزانەکەی و خۆی رووبەڕووی کێشە ببنەوە .
کرێکارەکان رۆژانە نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ هەزار دیناری عێراقیان دەستدەکەوێت،بە گوتەی خۆی ئەو پارەیە سێ هێندەی رۆژانەیەکی کرێکارێکە لە ئێران، دەڵێت :" پارەیەکی باشە دەتوانین خۆمان و خێزانەکەمان پێی بژین."
ئەو کرێکارە ماوە ماوە دەگەڕێتەوە ئێران، لەو وڵاتە نرخەکان هاوشێوەی پێشوو نین، سزاکانی ئەمریکا رەوشەکەی خراپتر کردووە و کرێکاران ناچارن سەتان کیلۆمەتر بۆ نانێک ببڕن ."
کرێکارێکی دیکەی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەڵێت نادڵنیایی لە رەوشی ئابووری هۆکاری کۆچکردنمانە، رەنگە بەیانیەک لە خەو هەڵسیت و نرخی کەلوپەل و خواردنەکان دوو هێندەی لێ هاتبێت،بۆیە ئەو نادڵنیاییە خەڵکی تووشی رەوشێکی زەحمەت کردووە."
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ساڵی رابردووەوە بۆ سەر کەرتەکانی، وزە، دارایی، ئامانجی لێی وەکو واشنتن دەڵێت:" ناچارکردنی ئێرانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، سزاکان وای کردووە قەیرانێکی گەورەی دارایی لەو وڵاتە سەرهەڵبدات، هەڵاوسان بەڕێژەی سەتا 52 بەرزبووەتەوە،بۆیە زۆر لەو کەسانە بۆ کار دێنە کوردستان، زۆربەشیان بە ڤیزای مانگێک دێنە هەرێمی کوردستان، ئەوان ٢٨ رۆژ کار دەکەن و لەو دوو رۆژەدا ماوە دەگەڕێنەوە،لەگەڵ گەڕانەوەشیان بەشێکی ئەو کەلوپەلانەی لە ئێران نرخیان گرانە لەگەڵ خۆیان دەبەن، دوای هەفتەیەک مانەوەش ئەو بازنەیە دووبارە دەستپێدەکاتەوە و بۆ کار دەگەڕێنەوە کوردستان .
عادل باخەوان، توێژەر لە پاریس لەبارەی کۆچی ئەو گەنجانە دەڵێت:" زۆربەیان پێویستی ژیانی رۆژانە و سەرچاوەی داهات هۆکاری کۆچکردنیانە، دەشڵێت نەک کورد کە هەرێمی کوردستان بە نزیک لە کەلتووری کۆمەڵایەتی دەبینن، بەڵکو خەڵکی ئێرانیش بە هەمان شێوە بۆ کار دەچنە کوردستان."
خۆرشید کوردێکی شەقڵاوەییە باڵەخانەیەکی بۆ کرێیەکی هەرزان داوەتە ئەو کرێکارانە، دەڵێت :" پایزی رابردوو ٥٨ کرێکار لە هوتێلەکەی ئەوبوون، بەڵام ئێستا نزیکەی ١٨٠ کرێکار دەبن" دوو باڵەخانەی دیکەشی بە کرێ گرتووە بۆ پێدانی بەو کرێکارانە، شەوانە بە ٣ دۆلار هەر کرێکارێک لەو ژوورانە دەمێننەوە، زۆربەی کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەکو فرانس پرێس دەڵێت پەرۆش بوون قسە بکەن، بەڵام بێ ناوهێنانیان،چونکە لە داهاتووی خۆیان دەترسن، ئەوان لە نێویاندا دەرچووی کۆلیژ هەیە، ناچار بووە کرێکاری بکات، بەهۆی ئەوەی دانەمەزراوە، و نەیتوانیوە کار پەیدابکات." یەکێک لەوانە کرێکارێکی ٢٤ ساڵانە لەوبارەوە دەڵێت:" بە بڕوای من ئابووری وڵاتەکەم خراپتر دەبێت، بۆیە کۆچی ئێمە بۆ نانە."
تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبارەی هاتنی کرێکاران نییە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە بە گوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێژەکە ئەوەندە بەرز نییە، لەگەڵ ئەوەش ئەوان خاوەن هەمان ئەو مافانەن کە کرێکارێکی هەرێمی کوردستان هەیەتی، رێبین سیامەند کرێکارێکە دەڵێت:" وەکو ئێمە پارە وەردەگرن، پەیوەندیمان پێکەوە باشە و کارمان لەگەڵ ئەندازیار و خاوەن کارانە."

 

© 2017 Hawler