کانونی یەکەم 09, 2019

عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت، بیر لە رێگای دیکەی بازرگانی دەکاتەوە

عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ بازارەکانی جیهان و پاراستنی ئابوورییەکەی لە ئەگەری هەر جەنگێک کە لە داهاتوودا ئاسایشی کەنداو تێک بدات بیر لە رێگای تری بازرگانی بۆ هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە و سەرۆک وەزیران، وەزارەتی نەوتی راسپاردووە هەنگاوی پێویست بنێت.

گرنگترین و سەرەکیترین بەرهەمی عێراقی کە لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشرێت و سەرووی 90%ی داهاتی گشتی وڵات پێکدەهێنێت نەوتە، بەڵام زۆربەی ئەو بەرهەمە لە باشوورەوە هەناردە دەکرێت و بۆیەش عێراق دەیەوێت جگە لە هێڵی نەوتی کوردستان ئەلترناتیڤی تر بۆ رێگای هەناردەکردنی نەوتەکەی بدۆزێتەوە.
لەوانەیە بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی رێگای تری بازرگانی بۆ بردنەدەرەوەی نەوت لەو رووداوانە سەرچاوەی گرتبێت کە لە کەنداو روودەدەن و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی رووداوەکان زیاتر دەبێت و مەترسی زیاتر دەکەوێتە سەر کەرتی کەشتیڕانی و گواستنەوەی نەوت لەو ریڕەوە ئاوییەی نزیکەی یەک لە سەر سێی پێداویستی نەوتی جیهانی لێیەوە دەگوازرێتەوە.
عێراق کە بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە نیو وڵاتانی ئۆپێک هەژمار دەکرێت ئابوورییەکەی بە نەوت گرێ دراوە و فرۆشتنی نەوتەکەشی بەندە بە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەی کەنداو.
لانی کەم لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ رووداوی مەترسیدار لە گواستنەوەی نەوت لەم ناوچەیە رووی داوە و نوێترینیان ئەو کەشتییە نەوتییە بەریتانییە بوو کە رۆژی هەینی ئێران دەستی بەسەرداگرت.
هەر جۆرە رووداوێکی جەنگ و ئاڵۆزی کاریگەری راستەوخۆ دەخاتە سەر ئابوورتی عێراق و بۆیەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامی هەفتانەیدا گرنگترین خاڵ کە پێداگری لەسەر کرد بریتی بوو لە ورووژاندنی پرسی راکیشانی هێڵێکی نوێی گواستنەوەی نەوت لە بەسراوە بۆ ناوچەی حەدیسە و لەوێشەوە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن.
هەڵبەت دووەم رێرەوی بازرگانی و هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کورستان هێڵی کوردستان- جەیهانە کە جگە لە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە نەوتی کەرکووکیش بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوازێتەوە. لەوانەیە هێنانی نەوتی بەسرا بۆ کوردستان و پاشان بۆ بەندەری جەیهان کارێکی تا رادەیەک ئاستەم و پڕخەرج بێت، بەڵام دەکرێ بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک پەرەی پێ بدرێت و هەر لە کورستانەوە نەوتی زیاتر بۆ بازارەکانی جیهان بگوازرێتەوە و لە ئەگەری هەر جۆرە رووداوێک یان جەنگ لە کەنداو، لە کوردستانەوە هەناسە بە ئابووری عێراق بدرێت و لە قەیران رزگاری بکات و لە داهاتووشدا راکیشانی هێڵی نەوتی بەسرا-ئوردن گەرەنتی زیاتر بە ئابووری عێراق دەبەخشرێت.
گەرووی هورمز بە شادەماری گواستنەوەی نەوت بە تایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا و باکوری ئەفریقا هەژمار دەکرێت. راکێشانی هێڵێکی نەوت لە بەسراوە بۆ ئوردن دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا لە ئەگەری دروستبوونی هەر کێشەیەک لە ناوچەی کەنداو، عێراق کاریگەرییەکی زۆر خراپ وەرنەگرێت.
دەگوترێت سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی وەزارەتی نەوتی کراوە کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت هەنگاوی پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنی دو پڕۆژە بنێت کە گرنگترینیان راکێشانی هێڵەکەی بەسرایە بۆ بەندەرێکی ئوردن.
لە ئەگەری دروستبوونی هەر جۆرە جەنگێک لە کەنداو نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە و ئەگەر حکوومەتی عێراق لە ناچاریانیش هەناردەی نەوتەکەی کەم ببێتەوە ئەوا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکاتەوە و لە ئەگەری کورتهێنانی بودجە لە داهاتوودا رزگاری بکات.
هەرچەندە راکێشانی هێڵی بەسرا بۆ ئوردن هێشتا لە چوارچێوەی بیرۆکەدایە و بە پراکتیک دەست بە جێبەجێکردنی و لانی کەم دیزاینکردنی نەکراوە بەڵام دروستکردنیشی ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت و تا ئەو کاتە هێڵی نەوتی کوردستان جەیهان باشترین رێگا دەبێت کە دەتوانێت عێراق لە هەر جۆرە قەیرانێک رزگار بکات.

© 2017 Hawler