کانونی یەکەم 09, 2019

بە هۆی ئەوەی دیمانەیان لەگەڵ داودئۆغڵودا كردووە، لە كارەكەیان دەركران

٣ رۆژنامەنووسی توركیا لە كەناڵی یوتوبەوە دیمانەیەكی تایبەتیان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا ئەنجامدا، بەڵام بە هۆی ئەو دیمانەیەوە ئەو ٣ رۆژنامەنووسە لە كارەكەیان دوور خرانەوە و بەرنامەكەیان لە رادیۆ و مالپەڕدا راگیرا.

یاڤووز ئۆغهان و ئیسماعیل سایماز و ئاكیف باقی، لە ئاژانسی (سپوتنیك)_ی بەشی توركی و رادیۆی RS بەرنامەیەكیان بە هاوبەشی هەبوو بە ناوەی (ئەوەی دەبێت بوترێت لای ئێمەیە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە یوتوب دیمانەیان لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلو كردوە، بەرنامەكەیان لەو ٢ میدیایە راگیرا و كۆتاییش بە كارەكەیان هاتوە.
ئەحمەد داودئۆغلو لەسەر ئەو رەفتارەی حكوومەت هاتە وەڵام و بە توندی رەخنەی لەو بڕیارە گرت و، لە پێگەی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: ”ئەم بڕیارە هیچ شتێك هەڵناگرێت، ئێوە هەر دەرگایەك دابخەن، ئێمە دەرگای تر دەكەینەوە. ئێمە بێ دەنگ نابین“.
سەرەتا ئەو ٣ رۆژنامەنووسە ویستویانە دیمانە لەگەڵ داودئۆغلو لە (سپۆتنك) و رادیۆی RS پەخش بكەن، بەڵام بەڕێوەبەرەكانیان رێگەیان نەداوە و گوتویانە دیمانە لەگەڵ ئەودا لێرە بڵاونابێتەوە. بۆیە ئاكیف باقی لە كەناڵی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردوەتەوە و لەسەر ئەو بڵاوكردنەوەیە هەر ٣ رۆژنامەنووس دەركراون.
یاڤووز لە تویتەر نووسیویەتی ”لەم وڵاتە هیچ شتێك بە بێ سزا كۆتایی نایەت. دوێنی لەگەڵ داودئۆغلو دیمانەمان كردوە لە رێگەی یوتوبی خۆمانەوە، كەچی ئەمڕۆ لە كارەكەمان دوور خراینەوە“.

© 2017 Hawler