کانونی یەکەم 09, 2019

سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ئابوریی كوردستان جوڵه‌یان تێده‌كه‌وێته‌وه‌

سەرجەم ئاماژە ئابووری و سیاسییەکان ئەوە دەردەخەن کە هەرێمی کوردستان لە گەشەسەندن دایە و خەریکە سەرجەم تەنگژە و نەهامەتییەکانی رابردوو تێدەپەڕێنێت و دووبارە داهاتی تاک بەرز دەبێتەوە و ریژەی بێکاری دادەبەزێت و جموجۆڵە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان لە سەرجەم کەرتەکاندا دەست پێ دەکاتەوە.

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان تووشی کۆمەڵیک قەیران و تەنگژەی ناوخۆیی و دەرەکی بوو کە بەشێکیان رەهەندی دارایی، بەشێکیان رەهەندی تەناهی و بەشێکی تریان رەهەندی سیاسییان هەبوو.
تەنگژەکان بە گوشارە ئابوورییەکانی بەغدا لەسەرەتای ساڵی 2014 دەستی پێ کرد و حکوومەتی ئەوکاتی بەغدا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد بودجەی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی بڕی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ چارەیەکی نەما جگە لەوەی پشت بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوتی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە ببەستێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەریک بوو رووبەڕووی ئەم گوشارە ئابوورییە ببێتەوە چونکە ئەو کات نرخی نەوت بە سەرووی 100 دۆلار دەفرۆشرا و ئەگەر نرخەکە هەر لەم ئاستەدا مابایەوە و رووداوەی تری نەخوازراو نەهاتبامە پێش ئەوا زوو دەیتوانی تەنگژەکە تێپەڕێنێت کەچی دابەزینی نرخی نەوتی بەسەردا هات و تا کۆتایی ساڵی 2016 بۆ نزمترین نرخ دابەزی و نرخەکەی ئەوەندە نزم بوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد رێژەیەکی بەرچاو لە مووچەی فەرمانەران کەم بکاتەوە و بۆیان پاشەکەوت بکات کە تا کۆتایی ساڵی 2018 درێژەی کێشا.
لە نێوەراستی ساڵی 2014 قەیرانێکی ئەمنی سەرانسەری عێراق و تەنانەت ناوچەکەشی گرتەوە و بە هۆی سەرهەڵدانی داعش لە حوزەیرانی ساڵەکە بە سەدان هەزار ئاوارە روویان لە کوردستان کرد، ژمارەی ئاوارەکان لە هەندێک پارێزگا و شارۆچکە سەرووی دانیشتوانە رەسەنەکەی بوو، جگە لەمە پێشمەرگەش کەوتە نێو جەنگی تیرۆریستانی داعش و بە درێژایی هەزار کیلۆمەتر جەنگا و سنوورەکانی پاراست،ئەو گۆڕانکارییانەش خەرجێکی زۆر زیاتری خستە سەرشانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنگژە داراییەکەی قووڵتر کردەوە.
قەبارەی وەبەرهێنان لە کوردستان رووی لە کەمی کرد و بەشێک لە کۆمپانیاکان لە کوردستان کشانەوە، رێژەی بێکاری بۆ سەرووی 14% هەڵکشا و بەغداش لەسەر هەمان سیاسەتی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو.
ئەمانە ئەو رووداوانە بوون کە هەریمی کوردستان بەسەریدا سەپابوون بەڵام لەگەڵ ئەو تەنگژەیە، ماڵی کورد لە ناوخۆش پەرت و بڵاو بوو و پارتە سەرەکییە سیاسییەکان بەرانبەر یەکتر وەستان و هیچ شتێکی خراپ نەما بە یەکتری نەکەن. دەرەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و گوشارەکانی دەرەوە لە سالی 2017 کارەساتی 16ی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە کەزیانێکی زۆری بە کوردستان گەیاند و بۆ چەندین مانگ سەرجەم سنوور و دەروازەکانی لەسەر داخرا و فڕۆکەخانەکانیش رێگەی کارکردنیان پێ نەدرا.
ساڵی 2018 ئەگەر ساڵیک بووبێت بۆ هەنگاونان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەدنییە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان ئەوا لە ساڵی 2019 بەری ئەم هەوڵانە زیاتر دروێنە کرا و جگە لەوەی کە پارتە سیاسییەکان لە ناوخۆ لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمان و تەنانەت پرسی کەرکووکیش ریککەوتن. بەیەکەوە قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقیش هەرێمی کوردستان ببەنەوە سەر هەمان رێرەوی گەشەسەندن.
لە چەند رۆژی رابردوودا فەرمانگەی ئاماری هەریمی کوردستان لە میانەی پیشانگەی نێودەوڵەتی هەلی کار لە هەولێر ئاشکرا بوو کە رێژەی بێکاری لە هەریمی کوردستان بۆ 9% دابەزیوە.
لە سەردانی یەکەمی شاندی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی پێداگری لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نیوان هەرێمی کوردستان و ناوەند کراوە و وەک لە دوای کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیران بۆ میدیاکان خستیەڕوو له‌ داهاتوویه‌كی نزیك ده‌ست به‌ گفتوگۆی ته‌كنیكی ده‌كرێت بۆ تاوتوێكردنیسەرجەم بابەت و کیشەکان.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش بڕیارە ئەمساڵ سەرۆکی فڕەنسا کە ئەندامێکی ئەنجوومەنی هەمیشەیی ئاسایشی نێودەوڵەتییە سەردانی کوردستان بکات.
لە چەند مانگی رابردودا کۆمپانیاکانی کوردستان چ ئەوانەی نەوت دەردەهێنن و چ ئەوانەی خەریکی بەرهەمهێنانی گازی سروشتین لە راپۆرتی جیاوازدا باسیان لە بەرزبوونەوەی داهاتەکانیان کردووە و پلانی روونیان بۆ پێشکەوتنی کار و پڕۆژەکانیان لە کوردستان خستووەتەڕوو. لە ناوخۆ مووچەی فەرمانبەران ئاسایی بووەتەوە و جووڵەی ئابووری و بازرگانیش لە سەرجەم کەرتەکان دەستی پێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتێکە کە سێ لایەنە سەرەکییەکە و زۆربەی لایەن و پێکهاتەکان تیایدا بەشدارن و بەرنامەی کاری حکوومەتیش پێداگرییە لە چاکسازی و نەهیشتنی گەندەڵی و ئەگەر بە تەواوی جێبەجێ بکرێت ئەوا هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەست لە دەستی یەکتر دەنێن و بە خێراییەکی زیاترەوە هەرێم پێس دەخەن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بەدی دەهێنن.

© 2017 Hawler