کانونی یەکەم 09, 2019

18 كۆمپانیای ئێرانی، گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دێنن

لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ ملیۆنێك و نیو گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، شاندێكی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی ئێران كە لە 18 كۆمپانیا پێكهاتبوون بە مەبەستی هێنانی گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێریان كرد.

بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران بە "هەولێر"ـی راگەیاند:" شاندێكی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی ئێران كە پێكهاتبوون لە 18 كۆمپانیا كە لە تەهران، ئۆرۆمیە و سنەوە هاتبوون، مەبەستی هاتنیان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر هێنانی گروپی گەشتیاری بوو بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەكانی پارێزگای هەولێر.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران گوتیشی:" ئەو كۆمپانیا گەشتیارییانە یەكەمجارە دێنە سنووری پارێزگای هەولێر و دەڤەری سۆران، سەرسامی خۆیان دەربڕی بە سرووشتی جوانی ناوچە گەشتیارییەكان و بەڵێی هێنانی گروپاتی گەشتیاریاندا، ئەمەش تەكانێكی تر دەداتە سێكتەری گەشتیاری دەڤەرەكەمان.
بارزان محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەو كۆمپانیانە پێشتر گەشتیاریان دەبردە شاری وان لە توركیا، بەڵام ئێستا دەیانەوێت گەشتیار بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران بهێنن، بۆیە بەڵێنیان دا كە لە داهاتوودا بە شێوەی گروپات گەشتیار بۆ سنووری پارێزگای هەولێر بهێنن".

© 2017 Hawler