تەمموز 21, 2019

سه‌رۆکی شاره‌وانیی پاریس ستایشی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات

له‌ دووه‌م ڕۆژی سه‌ردانیدا بۆ پاریس و له‌ دیدارکێدا له‌گه‌ڵ خاتوو ئان هیدالگۆ سه‌رۆكی شاره‌وانیی فه‌ڕه‌نسا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پشتگیرییه‌كانی فه‌ڕه‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان شاره‌وانیی پاریس و پارێزگای هه‌ولێری خواست.

له‌ دیداره‌که‌دا که‌ ئێواره‌ی دوێنێ، پێنجشه‌ممه‌ 11/7/2019 له‌ شاره‌وانیی پاریس به‌ڕێوه‌چوو، خاتوو هیدالگۆ ستایشی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و فره‌ڕه‌نگی له‌ هه‌رێمی کوردستان و دۆخی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و یارمه‌تیدانی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.

 

تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندیی فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ژینگه‌ی جیهانی و مه‌ترسیی تیرۆر و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌که‌‌ بوون.

له‌ کۆتاییی دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا دیارییان گۆڕییه‌وه‌.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر هەینی, 12 تەمموز 2019 08:25
© 2017 Hawler