تشرینی دووەم 20, 2019

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێمی كوردستان وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌

هه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا، ئێواره‌ی دوێنێ، پێنجشه‌ممه‌ 11/7/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دیدارێكی له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی كورد و دۆستانی كورد و كوردستان له‌ پاریس ئه‌نجامدا.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

زۆر سوپاس

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاوان

زۆر خۆشحاڵم كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانماندا بۆ پاریس ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ڕه‌وه‌ندی كوردسی له‌ پارێس كۆده‌بمه‌وه‌ و به‌خێربێن سه‌رچاوان، هه‌روه‌ها خۆشحاڵم جگه‌ له‌ ڕه‌وه‌ندی كوردی، دۆستانی ئێمه‌ی فه‌ڕه‌نسی، باڵیۆزی عێراق له‌ پاریس و نوێنه‌رانی ژماره‌یه‌ك بالیۆزخانه‌كانی وڵاتانی دۆست لێره‌ ئاماده‌ن و هه‌موولایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاوان.

 

سه‌ردانی ئێمه‌ بۆ پاریس له‌سه‌ر بنگهێشتی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن بوو و دوێنێ له‌ كۆشكی ئه‌لیزێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدا. وه‌ك هه‌موو لایه‌كتان ئاگادارن په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا دیرۆكی و مێژوویین. فه‌ڕه‌نسا یه‌كه‌م وڵات بوو بڕیاری دروستكردنی ناوچه‌ی ئارامی له‌ هه‌رێمی كوردستان دا له‌ كاتی خۆیدا بۆ پاراستنی میلله‌ته‌كه‌مان، دوای ئه‌وه‌ش له‌گه‌ل ده‌وڵه‌تی فه‌ڕنسا به‌تایبه‌تی سه‌رۆك میتران ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رده‌وام بوون.

 

ساڵێك پێش ڕووداوه‌كانی ڕیفراندۆم، فه‌ڕه‌نسا له‌ لایه‌نی سیاسییه‌وه‌ ڕۆڵێكی زۆر گه‌وره‌ی بینی بۆ دووباره‌ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان و من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆڵه‌ی سیاسیی فه‌ڕه‌نسا نه‌بووایه‌ له‌و كاته‌دا كه‌ سه‌ختییه‌كی زیاد له‌ حه‌د بوو، دیار نه‌بوو دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌چوو.

فه‌ڕه‌نسا ده‌رگای سیاسیی خۆی بۆ گه‌لی ئێمه‌ كرده‌وه‌ و هه‌وڵی جددی دا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا و له‌گه‌ل به‌غداش به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

خۆشحاڵم كه‌ ده‌ڵێم دوای ساڵێك و چه‌ند مانگێك له‌ دیدارمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن، ئه‌مڕۆ كوردستان كه‌وتۆته‌ قۆناغێكی ته‌واو جیاوازه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێش ئێستا و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ره‌و باشتر ده‌ڕۆن و هیوادارین له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ چه‌ند ساڵه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌ و باوه‌ڕمان وایه‌ به‌ هاتنی حكوومه‌تی نوێی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌رێز عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌توانین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ له‌ نێوانماندا هه‌ن.

 

پرسی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پرسێكی جددییه‌ و پێویستی چاره‌سه‌ركردنیشی سیاسی بێت له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كورد تیایاندا ده‌ژین هه‌ریه‌ك به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی.

خۆشحاڵم ڕایبگه‌یه‌نم كه‌ دوێنێ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنرا له‌گه‌ل لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی توركمان و كرستیانه‌كان.

ئێمه‌ زۆر به‌ گه‌شتبینییه‌وه‌ سه‌یری دۆخی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و هه‌وڵه‌ جددییه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ن وه‌ك هه‌موو جارێك هه‌رێمی كوردستان وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌قامگیری له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا به‌گشتی بمێنێته‌وه‌.

جارێكی دیكه‌ سوپاسی هه‌موولایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ هاتن و ته‌شریفهێنانتان‌.

به‌خێربێن سه‌رچاوان

دواترین دەستکاریکردن لەسەر هەینی, 12 تەمموز 2019 08:16
© 2017 Hawler