تشرینی یەکەم 20, 2019

چاودێرانی سیاسی: هەوێنی پێکهێنانی کابینەی نوێ پشوودرێژی حیزبی براوە و خەڵکی کوردستان بوو

دواجار، ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، کاندیدی ڕاپێردراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی، متمانەی پەرلەمانی بۆ خۆی و وەزیرەکانی کابینەکەی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەوەی ئەم کابینەیە جیا دەکاتەوە، دروشمی کابینەکەیە و ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا پێکهاتووە، کە ئەویش بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزە، کە دروشمی پارتی بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بووە حیزبی براوە، لە ئیستادا هەمووان چاوەڕوانن ئەدایەکی نوێ لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ببینن، بەو پێیەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دوو سەرکردەی دیار و بە ئەزموونن لە سەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە.

چاودێرێکی سیاسی:
سەرۆکی نوێی کابینە لە نێو دنیای زانیاری و ئاگاییەوە دێتە نێو دەسەڵاتی جێبەجێکردن
بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی، کابینەی تازە، چاوەڕوانی کاری گەورەی لێدەکرێت و ئەو ئومێدەش هەر لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی بەهێزی سەرۆکی کابینەکەوەیە، بەو پێیەی لە هیچ قۆناغێک دانەبڕاوە لە کێشە و ئازارەکانی خەڵکی کوردستان و لەگەڵیان ژیاوە، ڕێکار مەلا حەسەن، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە متمانە بە دەستهێنانی کابینەی نوێ دەڵێت:" حکومەتی تازە سوێندراوی کوردستان چاوەڕوانی کاری گەورەی لێ دەکرێت ئەمە تەنھا ستایشی سیاسی و پیاھەڵدانێکی حزبی نیە، بەڵکو بەرئەنجامی کۆمەڵێك فاکتەری گەورەن کە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا پێك گەیشتوون، ئەو فاکتەرانەش بریتین لە کۆمەڵێک خاڵ لەوانە:
_ سەرۆکایەتی حکومەت لەلایەن سەرکردەیەکی بەھێزی گەنج، کارەکتەرێك کە لە نێو دوونیایەك زانیاری و بەرێگایی پڕ لە ئاگاییەوە دێتە نێو دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن بەو پێیەی لە رابردوودا سەرۆکی حکومەت ماوەی چەندین ساڵ سەرۆکایەتی دامەزراوەیەکی زانیاری و ھەواڵگری دەکات کە دەشێت بڵێین: باشترین کەس بێت بۆ بینینی کێماسی و ئازارەکانی سەرجەم کایەکانی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی کوردستان لە ناوچەکە و خاوەنی دبلۆماسییەتێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهانی.
ئەو چاودێرە سیاسییە فاکتەرێکی تری، بەهێزی ئەم کابینەیە لەوەدا دەبینێت، کە بڕیارە دروستەکەی داوە، بەوەی لە کایەی جێبەجێکاری و کاندیدەکانی ئەم کابینەیە بۆ وەزارەتەکان بریتین لە هێزێکی نوێ کە گەنجانن و ئەوە بە بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنێت و دەڵێت:" ھەموو دامەزراوەیەك تایبەتمەندی خۆی ھەیە و وەگەرخستنی ھێز و توانا و کادیر تێیدا جیاوازە کابینەیی حکومەتیش کە مەبەست لێی دەسەڵاتی جێ بەجێکردنە و دەسەڵاتی جێ بەجێ کردنیش سروشتەکەی بە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت کە دەزگایەکی جێ بەجێکارییە ھەمیشە لە جوڵەدایە و پێویستی بەتوانایی گەنج و خوێنی گەرمە.
وە بڕیارە دروستەکە ئەوەبوو کە درا، زۆرینەیی وەزیرەکانی ئێمە لەم تیمەی پارتی بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەنجن، بە سەرۆکایەتی سەرکردەیەکی بەھێزی گەنج.
هەروەها پێشبینی دەربارەی داهاتووی کارەکانی کابینەی نوێ دەکات و دەڵێت:" حکومەتێکی بەرگە گر دەبێت بۆ سەرجەم پێشھاتەکانی کە رۆژانی دواتر بەرۆکی دەگرن، بەو پێیەی لەسایەیی پشوو درێژی خەڵکی کوردستان و تەسامحی سیاسیی لایەن سیاسیەکان قۆناغەکانی دانوستاندن درێژەیان ھەبوو و ئاسان نەگەشتینە رێکەوتن بۆ بەرێکەوتن بەرەو کوردستانێکی بەھێز لەبەرامبەر ھەوڵێکی زۆری دەرەوە بۆ لەباربردن و پەکخستنی پرۆسەی دیموکراسی ھەوڵی جدی ھەبوون بۆ لەدایك نەبوونی حکومەتێکی نوێ بۆ ھەرێم بەڵام ئەنجام بریتی بوو لە سەرکەوتنی دیموکراسیەتی ھەرێم و رێگای گفتوگۆ و یەکتر قبوڵ کردن، ھەڵبژاردن و سوێند خواردنی یاساییکابینەی نوێی حکومەت.

بەرهەمی پشوودرێژی لە دانوستانەکان کابینەیەکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێت
لە لای چاودێرانی سیاسی، ئەگەرچی لە سەرەتاوە وا دەردەکەوت ڕێککەتنەکانی پێکهێنانای کابینەی نوێ بەرەو گرژی و ئاڵۆزی پەلدەهاوێت، بەڵام پشوودرێکی حیزبی براوە کە پارتی بوو، ڕێگری لەو پێشبینییە خراپە کرد و هەموو هەوڵەکانی لە پێناو یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان خستە گەڕ و توشی هیچ هەڵچونێکی سیاسی نەبوو، وە پێیان وایە، بەرهەمی ئەو پشوو درێژییەی پارتی و خەڵکی کوردستان هەوێنی پێکهێنانی ئەم کابینەیەن و هەر بەو هۆکارەش لە کارەکانیدا سەرکەوتوو دەبێت و تۆکمە و بەهێز و یەکگرتوو دەبێت، مەسعوود حەیدەر، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش، لەسەر کابینەی نوێی هەرێم لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت:" ئەرکەکانی بەردەم کابینەی نوێ قورسن، بەڵام مەحاڵ نین"، مەسعوود حەیدەر پێسبینی سەرکەوتنی کابینەکە دەکات و دەڵێت:" بە روئیاو ھەنگاوێکی نوێی ئەرێنی لە حوکمڕانی کوردی، ئایندەیەکی گەش لە پێش گەلی کوردستانە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و دیبلۆماسی.
پشت بە خواو دڵسۆزانی میللەتەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرکەتوو دەبێت"

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی لەسەرە
بە ڕای چاودێرانی سیاسی، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم کابینەیە، ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان هاودەنگ و هاوسۆزن لەگەڵ مەسرور بارزانی، کە هەر لەگەڵ کاندید کرانی لە لایەن پارتییەوە، هیچ دژایەتییەک نەکرا و ڕاستەوخۆ لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لێکرد و بە گەرمییەوە پیرۆزباییان ئاراستەکرد، لە رابردووشدا، سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لە ستایشی مەسرور بارزانیدا ئەوەیان ڕاگەیاندووە، سەرکردەیەکی خاوەن ئیرادە و بە سەلیقەیە، هاوکات لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و پاراستنی کوردستان، سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگە شاهێدی ئەوەیان بۆ داوە، کە توانیوییەتی ورەیەکی بەرز بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، سەرەرای ئەوەی ناوبراو نەوەی مستەفا بارزانی نەمر و کوڕی سەرۆک بارزانییە، کە ئەمەش خۆی یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دروستبوونی ئەو کۆدەنگییە نیشتیمانییەی لەسەر سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە.

وێستگەکانی ژیانی( مەسروور بارزانی) سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم
گرنگترین وێستگه‌كانی ژیانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
• مه‌سرور مەسعود مسته‌فا بارزانی، لە 1969/3/2 له‌ گوندی دیلمان له‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی چاوی به‌ دونیا هه‌ڵهێناوه‌.
• له‌ هاوینی ساڵی 1985 له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ رێزه‌كانی لەشکری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردووه‌ و بەشداری شۆڕشی گوڵانی کردووە.
• ساڵی 1988 به‌شداریی مه‌یدانی داستانی به‌نێوبانگی (خواكوڕه‌ك)ی كردووه‌ له ‌دژی سوپای رژێمی دیكتاتۆریی بەعس و به‌ كامێرای تایبه‌تی خۆی بەشێکی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی تۆماركردووه‌، كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ فیلمه‌ دۆكیۆمێنتەرییه‌كانی شۆڕشی چه‌كداری گه‌لی كوردستان داده‌نرێت.
• ساڵی 1991 له‌ دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می كه‌نداو به‌شداری له‌ راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستانی کردووە‌.
• سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی شۆڕش و به‌رخودانی گه‌لی كورد ژیانی منداڵی خۆی له‌ ئاواره‌یی به‌سه‌ربردووه‌، به‌ڵام قۆناغه‌كانی خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی له‌ ئێران به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕیووه.
• ساڵی 1992 بۆ فێربوون و شاره‌زابوون له‌ زمانی ئینگلیزی رووی له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی شانشینی به‌ریتانیا كردووه‌ و بۆ ماوه‌ی ساڵێك له‌وێ خوێندوویه‌تی‌.
• دواتر بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن، ڕووی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌ و له‌ زانكۆی ئەمریکی له‌ واشنتۆن دی سی (1993- 1997) ده‌ستی به‌ خوێندن كردووه‌ و به‌ سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی بەکالۆریۆسی له‌ زانستە سیاسییەکان به‌ده‌ستهێناوه‌.
• پاشان له‌ هه‌مان زانكۆدا، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامه‌ی ماستەر، لە بواری ئاشتی و چارەسەریی ناكۆكییه‌كان، خوێندوویەتی.
• ساڵی 1998 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌ و به‌ ده‌نگی به‌شداربووانی كۆنگره‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مەکتەبی سیاسیی هه‌ڵبژێردراوه‌ و ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی ئاژانسی پاراستن و هه‌واڵگری پێ سپێردراوه‌.
• ساڵی 2005 لە بەرامبەر رۆڵی خەبات و پرەنسیپەكانی مستەفا بارزانی لە ژیاندا، دەزگای خێرخوازی بارزانی دامەزراند، وەك‌ دەزگایەكی مرۆیی، خێرخوازیی قازانج نەویست بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری بە ئاوارە‌ و پەنابەران و كەسانی خۆجێیی، كە پێویستیان بە یارمەتییە.
• لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە ساڵی 2010 بەڕێوەچوو، یەكەمین دەنگی بەشداربووانی كۆنگرەی بەدەستهێنا و دووبارە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.
• بە فەرمانی سەرۆك مەسعود بارزانی بە بڕیاری ژمارە ‌(68) لە 30/4/2012 بۆ سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی ئاسایش، هەواڵگری سەربازی و دامەزراوە هەواڵگرییەكان، بە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دامەزرا.
• له‌ دوای ئابی 2014، له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لەگەل هاوپەیمانان پێکهێنا، کە ئەم هەوڵە هاوبەشە رۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەکردنی هێڕشە ئاسمانییەکان و بەڕیوەبردنی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکان لە دژی تیرۆریستان هەبوو.
• مەسرور بارزانی لەگەل سەرۆک بارزانی بە شێوەیەکی مەیدانی لە بەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو، بەشداریی لە سەرپەرشتی کردنی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش کردووە.
• دامەزرێنەر و سه‌رۆكی بۆردی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستانه‌ له‌ دهۆك، كه‌ له‌ دێسه‌مبه‌ری 2013 دا به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی دانا.
• 3/12/2018 لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەربژێر كرا.
• 11/6/2019 وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی گشتی 30/9/2018 لەلایەن فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرا و لە دەنگدانێكی راستەوخۆدا، بە دەنگی (89) پەرلەمانتار لە ئامادەبوونی (97) پەرلەمانتار بووە بەربژێر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
• 12/ 6/2019 بە فەرمانی هەرێمیی ژمارە (1ی ساڵی 2019) لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا.
• خێزاندارە و خاوەنی سێ كوڕ و كچێكە بەناوەكانی (یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران).
• وێڕای زمانی دایك، زمانه‌كانی فارسی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی دەزانێ.
• خولیای خوێندنەوە و شێوەکاریی و ئەسپسواریی و مەلەوانی هەیە.

© 2017 Hawler