ئەیلول 18, 2020

گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی دیکەی سەر عێراقە

گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری گەورەی لەسەر جیهان هەیە، ئەو کاریگەریانە عێراق و ناوچەکەشی گرتۆتەوە. عێراق لەکۆندا یەکێک بوە لەو وڵاتانەی کە لەڕووی کشتوکاڵیەوە ناوچەیەکی بەپیت و دەوڵەمەندبوە بەڵام لەو چەند ساڵانەی دواییدا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرماوە و، وشکبونی سەرچاوە ئاوییەکانی خاکەکەی لەخاکی بەپیت و بەرهەمهێنەوە بەرەو بیابینبون چوە و ئەوەش هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی خۆراک و دەرفەتەکانی کارکردنی هاونیشتمانیەکانی دروستکردوە.

لەڕاپۆرتێکدا کە لەلایەن گروپێکی شارەزای بواری کەش و هەوا و پەیوەستیەکانی بەمەترسی ئاسایشەوە دەرکەوتوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری گەورەی لەسەر هەبوە و، لەداهاتوشدا بەردەوام دەبێ.
یەکێک لەو گیروگرفتانەی کەڕووبەڕووی عێراق بۆتەوە کەمبونەوەی ئاوی ڕووبارەکانیەتی، عێراق لەڕابردوودا هەوڵی نەداوە سەربەخۆیی لەڕووی سامانی ئاوەوە بەدەستبهێنێ و لەو بوارەدا بیر لەجێگرەوە بکاتەوە، چونکە زۆربەی سەرچاوە ئاوییەکانی لەوڵاتانی دەروجیرانیەکانیەوە دێن.
لەساڵی ڕابردوودا عێراق کەمبونەوەی ئاوی بەئەندازەییەک تۆمارکردوە کە گەورەترین قەیرانی کەمبونەوەی ئاو بوە لە (٨٠) ساڵی ڕابردوودا، وە ئاستی ئاوی زۆربەی ڕووبارەکانی لەیەک دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێژەی (٤٠%) دابەزیوە.
گۆڕانی کەش و هەوا بەتەنیا گەرمبونی ژینگەکە ناگرێتەوە بەڵکو زریان و لافاو و کارەساتە ژینگەیەکانی دیکەش دەگرێتەوە، لەڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتوە لە عێراق بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و کەش و هەوای خراپەوە سەرچاوەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەناوچون و، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دانیشتوانەکەی دروستکردوە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتی بەداهاتی نەوت بەستوە، کە (٨٠%) ی داهاتی نیشتمانی لەنەوتەوە دەستدەکەوێ بەڵام هێزی کاری وڵاتەکەی، یان بەواتایەکی دیکە ئەو خەڵکە زۆرەی کە لەکەرتی کشتوکاڵیدا کاردەکەن ئەو بەشدارییەیان نیە لەکەرتی نەوتدا. پیشەسازی نەوت ڕێژەیەکی کەمی لەدەستی کاری ناوخۆیی لەخۆگرتوە، هەر بۆیە لەگەڵ لەناوچونی ژینگەی کشتوکاڵی لەعێراقدا کاریگەری گەورەیدروستکردوە لەسەر ئاستی ژیانی خەڵکی چونکە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی عێراق بەکشتوکاڵیەوە خەریکن. وە نمونەش ناوچەکانی باشوری عێراقن کە یەکێکن لەو ناوچانەی کەزۆرترین زیانی کشتوکاڵیان بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە بەرکەوتوە و خەڵکەکەی بێکاربوون.
ئەگەر بەووردی سەرنج بدرێ لەسەر هۆکارەکانی لەناوچونی کەرتی کشتوکاڵی لەو ناوچەیەدا ئەوە دەردەکەوێ کە تەنها یەکێک لەهۆکارەکان کارەساتەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوان، لەوانە نەبونی بارانی پێویست و، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و، هەروەها زریان و لافاو، بەڵام لایەکەی دیکەی هۆکارەکان بریتیە لەنەبونی بەڕێوەبردنێکی کارا لەلایەن حکومەتی بەغداوە. حکومەتەکانی عێراقی هەوڵیان نەداوە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی، وە سەرچاوە ئاوییەکانیان بەخراپی بەکارهێناوە و، وە ئەو بەست و بەنداوانەی لەئێران و لەتورکیاش دروستکراون هەم دیسان کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر کەمبونەوەی ئاو لەعێراق و تێکدانی کەرتی کشتوکاڵی لەناوچەکەدا و بەبیابانبونی خاکەکەی.
لەپانزە ساڵی ڕابردوودا، گەندەڵی کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر دروستکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەهەموو بوارەکاندا و کەرتی کشتوکاڵیش لەوە بەدەرنەبوە، لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە بەهۆی حکومەتێکی لاوازەوە گەندەڵی لەعێراقدا پەرەی سەندوە و، ئەو شێوەی خراپەی بەڕێوەبردنیش کاریگەری لەسەر کەرتە خزمەتگوزارییەکان و، بەرهەمهێنەرەکان هەبوە، لەنێویاندا کەرتی کشتوکاڵ کە سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی عێراقی بوە بەتەواوەتی لاوازبوە و بەرەو لەناوچون دەچێت.
شیاوی باسکردنە، گۆڕانی کەش و هەوا دیاردەیەکی جیهانیە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەوڵاتێکەوە تا وڵاتێکی دیکە جیاوازە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا کاری تێدەکات و زیانەکانی لەئێستادا هەستیان پیدەکرێ و، وە لەداهاتوشدا زیاتر دەردەکەون.
ئەگەرچی تیرۆریزم هەڕەشەیەکی گەورەی سەر عێراق بوە، بەڵام گۆڕانی کەش و هەوا و، لاوازبونی کەرتی کشتوکاڵ و، کەمبونەوەی ئاو لەعێراقدا وەکو هەڕەشەی شەڕ و تیرۆر کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق دەبێت. لەسەر حکومەتی عێراقی پێویستە کاری جیدی لەسەر گۆڕانی کەش و هەوا بکات و پلان و ستراتیژیەتی دروست بۆ ئەو مەبەستە بگرێتەبەر.
گەندەڵی ڕیشەیی لەعێراقدا بونی هەیە، وە گەندەڵی بەرفراون کێشەیەکی سەرەکی و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی عێراق، وە گەندەڵی وایکردوە عێراق نەتوانێ توانایەکانی بەکاربهێنێت بۆ دەست نیشانکردنی مەترسی و هەڕەشەکانی ئاسایش لەوڵاتەکەدا و هەروەها دانانی ستراتیژی بۆ سەقامگیری، لەنێو ئەوانەشدا دروستکردنی ستراتیژیەتێکی پەیوەست بەگۆڕانی کەش و هەوا.

© 2017 Hawler