ئاب 15, 2020

مانگی ڕابردوو کچێکی تارانی لە فلکەی ئینقلاب (شۆڕش)ـی تاراندا لەچکی لەسەر داکەند و بە چوکڵێکەوە هەڵیواسیو و دەیشەکاندەوە؛ پۆلیس گرتیان بەڵام ئەوەندەی نەبرد لە چوارقڕنەی ئێراندا کچی تریش هەڵسان و بەبێ لەچک چوونە شەقام!

ستارە، یەک لەو کچانەی وا لەچکی بە چوکڵەوە کردووە ئاوەها بەسەرهاتەکەی خۆی دەگێڕێتەوە: "هەرکە لە ماڵ وەدەر کەوتم و ڕێگای شەقامم گرتە بەر، دڵەکوتە گرتمی؛ وام دەزانی گیانم هاتووەتە گەرووم! هەمووشی لە ترسا نەبوو ئەڵبەت؛ ڕاستە ترسیشم لێ نیشبوو، ئاخر نەمدەزانی چ دەقەومێ؛ بەڵام بێجگە لە ترس، هەستی تریشم لێ نیشتبوو؛ جۆرە شاگەشکەییەک بوو؛ هەستی وایش هەبوو تا ئەو کاتە لێم نەنیشتبوو. کە چوومە سەر سەکۆ و لەچکم لەسەر داکەند و بە چوکڵێکەوە هەڵمواسی، دڵم وەختبوو لە سنگمەوە دەرپەڕێ!
لە ستارەم پرسی چۆن وێرات کارێکی وا بکەی؟ مەگەر نازانێ قدەغەیە؟ گوتی: "کە ویدا موەحد وای کرد ئێمەی ئافرەتان یەک بە خۆمان گوتمان دەک لەو ڕووە قایمەی!
لەو چل ساڵەی کۆماری ئیسلامیدا کەس نەیوێراوە وا بکا؛ نە کەس داوای لێ کردبوو نە هیچ؛ یەک بە خۆی هەڵسا و لەچکی بە چوکڵەوە کرد؛ گیرا؛ تەمێ کرا؛ سزا درا؛ بەڵام من دەڵێم ئەو کەسەی دوای ویدا هەڵسا لەچکی بە چوکڵەوە کرد، کارەکەی گەورەترە؛ ئاخر نەیهێشت ئەو کارە ببێتە ئەفسانەیەکی مێژوویی لەبیر بچێتەوە؛ ئاگرەکەی خۆش کرد و، کردی بە بزووتنەوەیەک؛ کە وێنەی سێیەم کچی لەچک بە چوکڵ بڵاو بوویەوە، لە دڵی خۆمدا گوتم خۆ من لەوەتی هەمە دژی حیجابی زۆرەملێ بوومە، بۆ لێی نەیەمە دەنگ؟ ئەم هاتنەدەنگە نە پێویستی بە کۆکردنەوەی خەڵک هەیە نە ڕێکخستن؛ هەر کەس لە ڕاست خۆیەوە دەتوانێ بێتە دەنگ. ئەوە بوو هەڵسام چوومە شەقام و نیو سەعات بەبێ سەرپۆش بەسەر سەکۆیەکەوە ڕاوەستام؛ خەڵک زۆربەیان ڕاوەستان و سەیرێکیان دەکرد و دەڕۆیشتن؛ نێرەوز و نێرینە، هەندێکیان تەعلیقیان دەهاویشت؛ تەعلیقی ناوگەڵاوی و ئاڵۆشنیشیان فڕێ دەدا؛ کابرایەک بە لامەوە ڕاوەستابوو پەراوێزی پاڵتۆکەمی ڕادەکێشا! ئافرەت، هەندێکیان بە سەرسوڕمانەو سەیریان دەکردم و، دەکەوتنە سرتەسرت! هەندێ کوڕ و کچیش بە دەم بزەوە، بە پەنجە ئاماژەی سەرکەوتنیان بەرزەوە دەکرد. شۆفێرتەکسیەکان شاگەشکە بووبوون و دەیاگوت ئەی دەست خۆش! زۆر بەجەرگی! ئیتر دیتم وا چەند پۆلیسێک خەریکن دێن بەرەو لام؛ هاتمە خوارەوە و تێم هەڵتەقاند و، خۆمم لێیان بزر کرد."

لێی دەپرسم ئەگەر گیرابای؟ دەڵێ: "من و ئەوانەشی کە وا دەکەن چاک دەزانین ڕەنگە بگیرێین؛ نەیشگیرێین ڕەنگە دوایی بە وێنەکەماندا بماندۆزنەوە و بمانگرن؛ بەڵام ئەگەر شتێکت بوێت و نیازی گۆڕانکاریت هەبێ خۆ ناکرێ دەستەوئەژنۆ لێی دانیشیت و چاوەڕوان بی خەڵکی دی بیگۆڕن؛ دەبێ بە خۆت ڕاپەڕیت."
"ئەڵبەت خۆ دەردی من بەرەڵایی و سەرکۆتکردن نیە؛ ئەمن دەڵێم ئەو حکوومەتەی وا خۆی لە هەموو شتێکی سادەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەڵدەقورتێنێت، دیارە دەست دەخاتە هەموو بوارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییشەوە؛ واتە لە خەڵک دەبێتە دیکتاتۆر! هیچ دیکتاتۆریەکیش ئەوەندەی ئەوە خراپ نیە دەست لە هەموو شتێکی سادەی ژیانیش وەربدەیت! زۆر کەس لە بابەتی حیجابی زۆرەملێ هاتوونەتە دەنگ بەڵام هیچ کامێکیان بەقەدەر ئەمەیان شاریانە و بەهێز نەبوونە."

© 2017 Hawler