
Error: No articles to display
بەھۆی تەشەنەكردنی زیاتری كۆرۆنا قەدەغەی سنوورداری ھاتووچۆ لە تاران و چەند پارێزگای دیكەی ئێران راگەیاندرا، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 322 كەس بە كۆرۆنا لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسانی تەندروستیش ھۆشداری لە خراپتربوونی دۆخەكە دەدەن و لە رۆژھەڵاتی كوردستان قەدەغەی ھاتووچۆ لەنێوان پارێزگاكان پیڕهو دەكرێت.
تەشەنەكردنی كۆرۆنا لە ئێران وایكردووە كە قەدەغەی ھاتووچۆی سنووردار لە تاران و چەندین پارێزگای دیكە رابگەیەندرێت، لە رۆژی شەممەوە تەنیا 30%-ی فەرمانبەران لە تاران دەچنە سەر كارەكانیان و ئەوانی دیكه دەبێت لە ماڵەوە كارەكانیان رایی بكەن، بازاڕی گەورەی تاران دادەخرێت و شەوانەش ھاتووچۆ سنووردار دەكرێن، جێبەجێكردنی ئەو رێكارانە لەكاتێكدایە كە 18 پارێزگای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لەدۆخی سووری تەشەنەكردنی كۆرۆنادان، ژمارەی گیان لەدەستدانیش رۆژانە بەرزدەبێتەوە، بەشێوەیەك كە لە 24 كاتژمێری رابردوودا 31 ھەزار و 814 كەس تووشی ئەو پەتایە بوونە و 322 كەسیش بەو ھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارانە بەرپرسانی كەرتی تەندروستی ئێرانیان تووشی شۆك كردووە.
عاتیفە عابدینی، ئەندامی ناوەندی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە ئێران ئاماژهی بهوه كرد، پشووی جەژنی قوربان ھۆكاری سەرەكی ئەو دۆخەیە، بە گوتەی ئەو نەخۆشخانەكانی تاران پڕبوونە و تووشبووانی كۆرۆنا لەسەر زەوی نەخۆشخانەكان كەوتوون. دۆخەكە لە پارێزگاكانی مازەندەران، گهیلان و بەگشتی باكووری ئێرانیش وەكو تارانە، لە رۆژھەڵاتی كوردستانیش ئەگەرچی ھەندێك شار لەدۆخی سووری تەشەنەكردنی كۆرۆنادان، بەڵام دۆخی ورمێ لە ھەموویان خراپترە، جەواد ئاقازادە، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی ورمێ ھۆشداری دەدات و دەڵێت جگە لە سەردەشت، ھەموو شارەكانی دیكەی ئەو پارێزگایە لەدۆخی سوور و مەترسیدان، ژمارەی قوربانیانیش بەرزبووەتەوە.
لە 24 كاتژمێری رابردوودا نزیكەی 2 ھەزار كەس لە رۆژھەڵاتی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە و 23 كەسیش بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.
ھەموو جۆرەكانی كۆرۆنا و بەتایبەت دێلتا بە ھەموو ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستاندا بڵاوبوونەتەوە، وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش رایگهیاند، شەپۆڵی پێنجەمی كۆرۆنا لە ھەموو شەپۆڵەكانی پێشتر خێراتر دەبێت و زیانەكانیشی زۆرتر دەبن، ھەر بۆیە راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ لانیكەم 2 ھەفتە بە تاكە چارەسەری دەربازبوون لەو دۆخە دەزانێت.