نیسان 15, 2021

لە باكووری كوردستان كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ كراوە

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

رۆژانە زیاتر لە ٢٠ هەزار كەس لە تەواوی توركیادا تووشی كۆرۆنا دەبن، بەڵام باكووری كوردستان تا ئاستێكی زۆر توانیویەتی كۆنتڕۆڵی بارودۆخی كۆرۆنا بكات و، رێژەی تووشبوو بەرەو كەمبوونەوە دەچێت. لە ماوەی ٢ هەفتەی رابردوودا، ژمارەی تووشبوو زیادی كردووە، بەڵام نەبووەتە مایەی مەترسی بۆ دانیشتوانی باكووری كوردستان.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (BBC)ی توركی، لە نەخۆشخانەكانی ئامەد ١٥٠ تووشبووی كۆرۆنا بوونیان هەیە، لەو رێژەیە ٦ یان باری تەندروستیان ناجێگرە و هەروەها لە ماوەی ٧٢ سەعاتی رابردووش، تەنیا ٥ تووشبووی كۆرۆنا لە ئامەد گیانی لە دەستداوە.
ئەوەی زۆرترین مەترسی توشبوون بە كۆرۆنای لەسەرە، سێكتەری تەندروستییە، بۆیە داوا دەكرێت كوتانی دژە كۆرۆنا سەرەتا لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی بدرێت.
سەرۆكی ژووری پزیشكانی وان، دەڵێت ئێستا كاتی چەپڵە لێدان نییە، بەڵكوو دەبێت خۆمان بپارێزین تا لە كۆرۆنا بە دوور بین.
ئۆزگوور دەنیز دەڵێت: ”لە كۆی ٧٠ گومانلێكراو، تەنیا ٢٠ كەسیان دەركەوت تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە. یەكێك لەو كێشانەی وای كردووە لە وان كۆرۆنا بوونی هەبێت، هاتنی گەشتیاری ئێرانییە بۆ شارەكە، بۆیە دەبێت بە پەلە سنووری نێوان توركیا و ئێران دابخرێت، تا ئەوكاتەی مەترسی كۆرۆنا بوونی نامێنێت“.
هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، هەكاری یەكێكە لەو شارانەی باكووری كوردستان، كە هیچ تووشبوویەكی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندا بوونی نەماوە و، ماوەی ٢ هەفتەش دەبێت هیچ تووشبوویەكی نوێی كۆرۆنا لەو شارە تۆمار نەكراوە.
دەنیز پێی باشە رێكارەكانی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا توندتر بكرێت، چونكە ئەگەر ئەو ڤایرۆسە بە رێژەیەكی بەرچاو بڵاوببێتەوە، ئەوكات تیمەكانی تەندروستیش فریای ئەو هەموو نەخۆشە ناكەون.
بە گوێرەی گوتەی ئەو بێت، نازانرێت لەناو وان چەند تووشبوو هەیە، چونكە بەشێكی هاووڵاتیان تێستی كۆرۆنا ناكەن و خۆیانی لێ دەدزنەوە، ئەمەش بە كارێكی هەڵە وەسف دەكات.
لە مێردینیش لە هەمان شێوە، كۆرۆنا تا ئاستێكی باش لەژێر كۆنتڕڵدایە، لە ماوەی هەفتەی رابردووشدا، لە كۆی ٥٠٠ گومانلێكراو، تەنیا ٣٠ كەسیان ئەنجامی تێستەكەیان پۆزەتیڤ بووە، هەروەها لەو رێژەیە ٤ یان پزیشكن و یەكێكیش كارمەندی تەندروستییە.
رێژەی مردن لە مێردین بە كۆرۆنا زۆر كەمە، لە ماوەی ٦ رۆژی رابردوودا، تەنیا یەك تووشبووی كۆرۆنا گیانی لە دەستداوە.
لە باتمان تەنیا ٨ تووشبووی كۆرۆنا تۆمار كراوە، بەڵام ئەنجامی ١١٢ ی تریش جارێ بڵاونەكراوەتەوە و، رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا بڵاوبكرێتەوە.
سەلاحەدین ئۆغووز، سەرۆكی ژووری پزیشكانی باتمان، دەڵێت كۆرۆنا لە شارەكەیان لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئەمەش بە هەوڵی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی.
ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ژمارەی پزیشك و كارمەندی پزیشك كێشەمان نییە، ئەوان دڵسۆزن و بەشێكی زۆریان ناچنەوە ماڵەوە، ناچار بە هۆی كاركردنی بەردەوامەوە بۆ رێگەگرتن لە كۆرۆنا، بەشە ناوەخۆیی قوتابیانمان بۆیان چۆل كردووە تا لێی بنوون، بەڵام كێشەی ئێمە نەبوونی پارەی پێویستە بۆ دابینكردنی خۆراك بۆ ئەو كارمەندانە".

© 2017 Hawler