نیسان 15, 2021

لە ١٠ ساڵى ڕابردوو ١٥٠٠ کۆڵبەری ڕۆژهەڵات کوژراو و بریندار بوون

شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

 

ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووەتە ناوچەیەکى داگیرکراوى میلیتاریزەبوو کە هەتا دێت گەلى ڕۆژهەڵات لە لایەن دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامییەوە برسیتر و پەراوێزتر دەخرێت و هەموو داهاتى سەرچاوە سرووشتی و تەنانەت ئینسانییەکانى تاڵان دەکرێت و لە بەرژەوەندى خواست و پیلانە نەگریسەکانى ئاخوندەکان بەکار دەبرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتى کوردستان هێندە سەرچاوەى سرووشتى و هەلى کارى تێدایە کە بەشى هەموو ڕۆژهەڵاتییەکان بکات و ژیانیان بگاتە خۆشى، بەڵام هەر لە دواى ئینقیلابى گەلانى ئێران و ڕزگاربوونى ڕۆژهەڵاتیش لە دەست سیستەمى توندوتیژ و داپڵۆسێنەرى ساواک و پاشایەتى ئەو پارچەیەى کوردستانیش کەوتەوە دەست کوردەکان خۆیان کەچى دواتر و لەسەر بنەماى فێڵ و تەڵەکە و فەتواى خومەینى دووبارە ڕۆژهەڵاتى کوردستان داگیر کرایەوە و میلیتاریزە کرا و گەلى ڕۆژهەڵات برسى و سەروەتى ئەو پارچەى کوردستان ئێستاشى لەگەڵدا بێت بەتاڵان دەبرێت.
هەر بۆیە خەڵک ناچارن ڕوو بکەنە هەندێک پیشە کە لە ڕاستیدا پیشە نین چونکە بەدەرن لە توانا ئینسانییەکان و مرۆڤ گەر ناچار نەبێت هەرگیز دەستیان بۆ نابات و خۆى ناخاتە نێو ئەو مەترسییە گەورەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پاشینەیەکى یاسایی و قەرەبوو نایگرێتەوە، ئەویش کۆڵبەرییە.
لاوان و پیر و ژنى ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە هێڵە سنوورییەکان دەستیان داوە کۆڵبەرى، بۆ پەیداکردنى پاروە نانێک بۆ بژیوى ماڵ و منداڵ، کارێکى تاقەتپڕووکین کە سەرەڕاى مەترسییەکانى ڕێگە شاخاوی و بەفراوییەکان، هەمیشە تەقەى چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامیش بووەتە مۆتەکە و عیزرائیلى گیانى کۆڵبەران و ڕۆژ نییە تەقە لە کۆڵبەران نەکەن و نەیانکوژن و برینداریان نەکەن و یا لە ترسى تەقەى ئەو چەکدارانەى ڕژێم هەڵنەدێردرێن و نەکەونە سەر جێگا و گیان لەدەست نەدەن.
ئەمەى خوارەوەش ئامارى دە ساڵەى کۆشتاری کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە دەستى چەکدارەکانى سوپاى پاسداران و ڕژێمى ئاخوندى، واتە ئامارى نێوان ساڵى (٢٠١١ تا ٢٠٢١ى زایینى) واتە ساڵى (١٣٩٠ تا ١٣٩٩ى هەتاوى) کە لە ماڵپەڕەکانى تایبەت بە کۆڵبەران و مافى مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردپا و مافى مرۆڤى هەنگاو و مافى مرۆڤى کوردستان وەرگیراوە.
لە ساڵی ١٣٩٠ تا کۆتایی سالی ١٣٩٩، ١٥٠٦ کۆڵبەر لە کوردستان کوژران و بریندار بوون؛

ژمارەى کۆڵبەرانى کوژراو و بریندار و ونبوو:
ـ کوژراو: ٥١٥ کەس
ـ بریندار: ٩٨٦ کەس
ـ ونبوو: ٥ کەس

ژمارەى کۆڵبەرانى کوژراو و بریندار و ونبوو بە پێى ساڵەکان:
ـ ساڵی ٢٠١١ى زایینە: ٩٤ کوژراو و بریندار (٤٣ کوژراو و ٥١ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٢ى زایینى: ٧٤ کوژراو و بریندار (٤٣ کوژراو و ٣١ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٣ى زایینى: ١٠٢کوژراو و بریندار (٤٤کوژراو و ٥٨ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٤ى زایینى: ٨٩ کوژراو و بریندار (٣٨ کوژراو و ٥١ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٥ى زایینى: ٥٨ کوژراو و بریندار ( ٢٩ کوژراو و ٢٩ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٦ى زایینى: ١٥٤ کوژراو و بریندار (٦٦ کوژراو و ٨٨ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠١٧ى زایینى: ٢١٢ کوژراو و بریندار (٥٨ کوژراو و ١٥٢ بریندار و ٢ ونبوو)
ـ ساڵی ٢٠١٨ى زایینى: ٢٦٥ کوژراو و بریندار (٧٩ کوژراو و ١٨٣ بریندار و ٣ ونبوو)
ـ ساڵی ٢٠١٩ى زایینى: ٢٢٧ کوژراو و بریندار (٥٧ کوژراو و ١٧٠ بریندار)
ـ ساڵی ٢٠٢٠ى زایینى: ٢٣١ کوژراو و بریندار (٥٨ کوژراو و ١٧٣ بریندار)

چۆنیەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان:
ـ کوژران و برینداربوون بە گوولەی هێزە چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى: ١١٠١ کەس کە دەکاتە ٧٣% ى هەموو برینداربووان و گیانلەدەستدراوانى کۆڵبەران لە ماوەى ئەم دە ساڵەدا و بە پلەى یەکەم دێت.
ـ مردن و برینداربوون بە هەڵدێران لە شاخ لەبەر ڕاکردن لە دەستى چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى: ٩٤ کەس کە ئەمەش دەکاتە ڕێژەى ٦%ى هەموو برینداربووان و گیانلەدەستدراوانى کۆڵبەران لە ماوەى ئەم دە ساڵەدا و بە پلەى دووەم دێت.
ـ مردن و برینداربوون بە گیرخواردن لە نێو بەفر و بۆران: ٨٠ کەس کە ئەمەش دەکاتە ٥%ى هەموو برینداربووان و گیانلەدەستدراوانى کۆڵبەران لە ماوەى ئەم دە ساڵەدا و بە پلەى سێیەم دێت.
ـ کوژران و برینداربوون بە تەقینەوەی مین: ٧٥ کەس کە ئەمەش دەکاتە ٤%ى هەموو برینداربووان و گیانلەدەستدراوانى کۆڵبەران لە ماوەى ئەم دە ساڵەدا و بە پلەى چوارەم دێت.
ـ کوژران و برینداربوون بە کەوتنە نێو ئاو و ڕووبار لەبەر ڕاکردن لە دەستى چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى: ١٤ کەس
ـ برینداربوونی کۆڵبەران به لێدان لە لایەن چەکدارەکانى کۆمارى ئیسلامى: ٩ کەس
ـ برینداربوون پاش ڕووداوی پێکدادان لە کاتی کۆڵبەری: ٩١ کەس
ـ کوژران و برینداربوون بە تەقەی هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتى تورکیا؛ ١٧ کەس
ـ کوژران به لێدانی هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتى تورکیا: ١ کەس
ـ مردن بە جەڵتەی دڵ لە کاتی کۆڵبەرى و لەبەر قورسى کۆڵەکەیان: ١٤ کەس
ـ کەوتنەی ژێر کۆڵ و خنکانی کۆڵبەر: ١ کەس
ـ ونبوو: ٧ کەس
ـ پشت شکان لەبەر بارى قورس: ١ کەس
ـ خنکان بە هۆی غاز لە خێوتی نێو شاخەکان: ١ کەس

برینداربوون و کوژرانى کۆڵبەرانى خوار تەمەنى یاسایی:
ـ ٢٩ کەس لە کۆڵبەران کوژراون و بریندار بوونە کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ واتە تەمەنى یاسایی بووە کە بە ناچار و لەبەر بژیوى ژیان دەستیان بە کۆڵبەرى کردبوو.

© 2017 Hawler