تشرینی یەکەم 21, 2020

لە کوێی بەدەستهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆناداین؟

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

دروستکردنی ڤاکسین (کوتان) لەدژی توشبوون بە نەخۆشیەکان پێویستی بە چەند قۆناغێک هەیە هەر لە توێژینەوە و گەشەپێدان و تاقیکردنەوە و، بەکارهێنان و، گواستنەوە و گەیاندن، هەتا ئەگەر بێتو هەموو قۆناغەکانیشی بەباشی و بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبچن ئەوا ڤاکسینێکی تەواو بۆ ئەوەی ئامادەی بەکارهێنان بێت بچەند ساڵێکی دەوێ.

لەمێژووی ڕابردوودا ڤاکسین یارمەتیدەری سەرەکی ژیانی مرۆڤایەتی بووە و لەڕێگەی بەکارهێنانی ڤاکسینەوە بەرگری لەدژی توشبوون بەنەخۆشیەکان پەیداکردوە، نەخۆشیەکانی وەکو سورێژە و، ئیفلیجی منداڵان و، مامپێز و تیتانیوز و تی بی و زۆری دیکە لەو نەخۆشیە باوانەن کە بەهۆی ڤاکسینەوە خەڵکی بەرگریان لەدژی پەیداکردوە.
ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە جیهان لەبارێکی خراپدایە و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەموو کایەکانی ژیانی تاکەکان هەبوە، بەجۆرێک بەشێک لەخەڵکی توشی دڵەڕاوکێ و ترس و نەخۆشیە دەروونیەکانیش بوون، تاکە ڕێگاش بۆ زاڵبوون بەسەر بارودۆخی پاندێمێکی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا دەرکەوتنی ڤاکسینە لەجیهاندا.

ئایا چەند زووتر دەتوانین چاوەڕێی ڤاکسین بین؟
بەهەزاران کەس لە وڵاتانی جیهاندا تاقیکردنەوەی ڤاکسینیان لەلایەن کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانەوە بۆ پەیداکردنی بەرگری لەدژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەرکراوە و چاوەڕێی ئەنجامەکان و کاردانەوەکانن، ئێستا بەشێکی زۆری ئەو ڤاکسینانە لە حاڵەتی ئامادەسازی و گەشەپێداندان و چەند قۆناغی گرنگیان تێپەڕاندوە.
بەشێوەیەکی گشتی دروستکردنی ڤاکسین و تێپەڕینی بەهەموو قۆناغەکان بەسەرکەوتوویی لەکاتی ئاسایدا نزیکەی (٥ بۆ ١٠) ساڵی دەوێت، بەڵام بەهۆی خراپی پاندێمێکی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە و پەلەپەلی و تەنگەتاوی ئێستا کۆمپانیاکانی بواری دروستکردنی ڤاکسینەکان دەیانەوێ ئەو ماوە درێژە کورتبکەنەوە بۆ چەند مانگێک.
ڕووسیا لەپێشەوەی وڵاتانە و لەو ماوەیەدا ئاماژەی بەوەداوە ڤاکسینی (سپوتنیک‌ڤی) نیشانەی ئەرێنی لێوەدەرکەوتوون و دەرکەوتوە ڤاکسینەکە بەرگری پەیدادەکات بۆیە بڕێکی زۆر لەو ڤاکسینە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر دەخەنە بەردەست.
چین دەڵێ ڤاکسینەکەیان بەسەرکەوتوویی بەدەستهێناوە بەڵام لە ئێستادا تەنها بۆ بواری سەربازی لەبەردەستە.
وڵاتانی دیکەیش لەوانە ئەمەریکا و، بەریتانیا و، ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو چاوەڕێدەکەن بۆ کۆتایی ئەو ساڵ یان سەرەتای ساڵی دادێت قۆناغەکانی گەشەپێدانی ڤاکسینەکانیان لەدژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تەواوببن و ئامادەی بەکارهێنان ببن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی چاوەڕێی دەرکەوتنی ڤاکسین نیە بەشێوەیەکی بەرفراون لەو ساڵدا بەڵام چاوەڕێدەکات بۆ ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢١) ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەشێوەیەکی بەرفراوان لەبەردەستدابێت.
کۆمپانیای ئاسترازێنکا کە مۆڵەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیای هەیە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەپێشبڕکێی کۆمپانیا گەورەکانی بواری دروستکردنی ڤاکسیندا بوو و چاوەڕێدەکرا بۆ کۆتایی ئەو ساڵ ڤاکسینەکەیان ئامادەبێ و زۆر گەشبین بوون لە تێپەڕینی قۆناغەکانی بەسەرکەوتوویی. هەروەها بڕیارە بڕی (١٠٠ ملیۆن) ڤاکسین بۆ ناوخۆی بەریتانیا و، هەروەها نزیکەی (٢ ملیار) دۆسیش بۆ جیهان بەردەستبخەن، بەڵام لەئێستادا بەهۆی چەند تێبینیەک و دەرکەوتنی چەند وەڵامدانەوەیەکی نەرێنی لەلایەن بەکارهێنەرێکی ڤاکسینەکەوە قۆناغەکانیان بۆ ماوەیەک ڕاگرتوە و پێداچونەوەی بۆ دەکەن، شارەزایان لە کۆمپانیەکە دەڵێن ئەوە شتێکی ئاساییە و نابێتەهۆی پەککەوتنی هیوایەکانیان لەبەدەستهێنانی ڤاکسینەکە بەسەرکەوتوویی.
هەروەها کۆمپانیاکانی (پی‌فیزێر و بایۆ‌ئێن‌تێك) ئەو دوو کۆمپانیا گەورەیەن کە بەنیازن ڤاکسینی (ئێـم‌ئاڕ‌ئێن‌ئەی ڤاکسین) گەشەپێدەن، بۆ ئەو بوارە نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان تەرخانکردوە، وە چاوەڕێدەکرێ ڤاکسینەکەیان بەسەرکەوتووی تەواوببێ و مانگی ئۆکتۆبەر ئامادەی پەسەندکردن بێت.
وڵاتانی پێشکەوتوو لەو وڵاتانەن کە لەپێشەوەی ئامادەکارییەکانی بەدەستهێنانی ڤاکسینی دژی کۆڕۆنادان و بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخانکردوە، ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانە کە هیواخوازە بۆ مانگی کانوونی دووەمی (٢٠٢١) بڕی (٣٠٠ ملیۆن) دۆس ڤاکسینی دەستکەوێت، هاوکات سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پارێزگاریکردن لە نەخۆشیەکان ئاماژەی بەوەداوە چاوەڕێدەکەن ڤاکسینەکەی ئەمەریکا بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵ ئامادەی بەکارهێنان بێت.
بەڵام ئایا هەموو وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی هەژار دەتوانن بەهەمان شێوەی وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان ڤاکسینەکەیان بەو خێراییە دەستکەوێت، یان ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەو بوارەدا چ ڕۆڵێکی دەبێ؟
لەو بارەیەوە ڕێکخراوەکانی جیهانی لەبوارە تەندروستیەکاندا هۆشداریانداوە، لەوانە ڕێکخراوی پزیشکی سانسی بێ سنوور دەڵێ، ئەو کڕینە زۆرەی ڤاکسینەکان لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە کێشەی گەورە و ترسناکی لێدەکەوێتەوە و وڵاتانی هەژار لەبەدەستهێنانی بێبەش دەبن.
ئەوە لەڕابردووشدا ڕوویداوە، کە بەهۆی نرخی ڤاکسینەکانەوە بەشێک لەوڵاتان نەیانتوانیوە ڤاکسینی پێویست بۆ منداڵانیان دەستەبەربکەن و زیان و قوربانی زۆری لێکەوتۆتەوە.
دکتۆر (ماریناگێلا سامیۆ) یاردەدەری بەڕێوەبەری گشتی لەڕیکخراوی تەندروستی جیهانی لەو بارەیەوە دەڵێ، پێویستە لەوە دڵنیابین کە هەموو وڵاتان بتوانن ڤاکسینەکەیان دەستکەوێ نەک تەنها ئەوانەی کە پارەی زیاتری پێدەدەن.
شیاوی باسکردنە، شارەزایانی بواری ڤاکسینەکان گەشبینن کە لە کۆتایی ئەو ساڵەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی دادێت ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەست دەبێت، وە بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی (١٨٠) کۆمپانیای جیهانی لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینن لەدژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەڵبەتە مەرج نیە هەموو کۆمپانیایەکان لەگەشەپێدانی ڤاکسینەکەدا سەرکەتووبن بەڵام بەگشتی نزیکەی (١٠%)ی کۆمپانیایەکان دەتوانن بەسەرکەوتوویی ڤاکسینەکە ئامادەبکەن.
هەتا ئێستا نزیکەی (٨٠) وڵاتی دەوڵەمەندی جیهان بەشداری پلانی ڤاکسینی جیهانی بەناوی (کۆڤاکس) یانەوە کردوە و ئامانجیانە تا کۆتایی ئەو ساڵ نزیکەی (٢ ملیار دۆلار) کۆبکەنەوە بۆ یارمەتیدانی کڕین و گواستنەوەی داوودەرمان و ڤاکسین بۆ سەرانسەری جیهان، ئەو هەوڵەی وڵاتانی ئابووری گەورەی جیهان مایەی دڵخۆشکەرە بۆ وڵاتانی کەمتوانا و کەمدەرامەت تاوەکو بەسەر قەیرانی کۆڕۆنادا زاڵبن بەتایبەتی یارمەتیدەردەبێ بۆ وڵاتانی ئەفەریقا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین.

سەرچاوە: بی‌بی‌سی

© 2017 Hawler