تشرینی یەکەم 21, 2020

بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو شەڕی پارتە سیاسییەكانی توركیا لەسەر باكوورە

بۆ زۆربەی پارتە سیاسییەكانی توركیا یەكلابووەتەوە، كە دەنگی كورد لە باكووری كوردستان ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلایی دەكاتەوە، بۆیە پارتە سیاسییەكانی توركیا كۆبوونەوە و میتینگەكانیان دەبەنە باكوور و بەڵێنی جۆراوجۆریش بە كورد دەدەن.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ەوە پارتە سیاسییەكانی توركیا بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كورد دەدەن، بەڵام نەك بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر، تەنانەت ئەو بوێرییەشیان نەبووە زمانی كوردی وەكوو زمانێكی فەرمی لە دەستووردا جێگیر بكەن، یان رێگە بدەن كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت.

دەكرێت بڵێین ئاكەپە تاكە پارت بوو كە نەفەسێكی درێژی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، ئەویش لە ٢٠٠٥ رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارێكدا لە ئامەد گوتی ”لە توركیا كێشەیەك هەیە و پێی دەڵێن كێشەی كورد“، پاشان لە ٢٠٠٨ رێككەوتنی ئۆسلۆی لەگەڵ پەكەكە بە نهێنی ئەنجامدا و لە ٢٠١٣ش پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس. بەڵام لە ٢٠١٤ و دوای شەڕی خەندەق ئەویش پەشیمان بووەوە و گوتی لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەیە كێشەی تیرۆرە و لەگەڵ برا كوردەكانمان هیچ كێشەیەكمان نییە.

لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی ٢٠١٥، دەنگدەری كورد سزای ئاكەپەیان دا و، بۆ یەكەمجار زۆرینەی لە پەرلەمان لە دەستدا و هەدەپەش بووە خاوەنی ٨١ كورسی پەرلەمانی. ئاكەپە ناچار كرا حكوومەتێكی كاتی و هاوپەیمان دابمەزرێنێت و پاشان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمجارەیان كورد بەڵێنەكانی ئاكەپەیان پێ باش بوو لەبارەی كێشەی كورد، بۆیە ئاكەپەیان كردەوە بە زۆرینەی پەرلەمان، بەڵام هەدەپەشیان وا لێ كرد كە بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت.

لەناو ئاكەپەدا چەند سەركردەیەكی سیاسی جیابوونەوە، دیارترینیان ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و عەلی باباجان جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، هەروەها عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری توركیا، لەناو ئەو ٣ سەركردەیەشدا ٢ پارتی سیاسی دامەزرا، بە ناوەكانی (دەوا و ئاییندە).

سەرۆكی ئەو ٢ پارتە خۆیان لە كورد نزیك دەكەنەوە و دەڵێن غەدر لە كورد كراوە، تەنانەت ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی پێویستە لە توركیا رێگە بدرێت كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، هەروەها بەڵێنیدا ئەگەر بێتە دەسەڵات ئەو مافە بۆ كورد بگێڕێتەوە.

چەند بەرپرسێكی ئاكەپەش وەڵامی داودئۆغڵویان دایەوە و گوتیان راست ناكەیت، چونكە كاتێك سەرۆك وەزیران بوویت كێ دەستی گرتبوویت بڕیارێك دەربكەیت بۆ ئەوەی كورد بە زمانی دایك بخوێنێت؟

عەلی باباجان لە ١٠_١٠_٢٠١٠ چووەتە ئامەد و لەوێ بەشداری لە كۆنگرەی لقی پارتەی كرد، ئەویش لە وتارێكدا  گوتی: ”هەموو ئەو ئاستەنگانە هەڵدەگرین كە رێگە نادەن كورد بە زمانی دایك بخوێنێت، ئێمە تەواوی هەمواركردنەوەكان دەكەین تا هەمووان بتوانن بە زمانی دایك بخوێنن“.

كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە كۆنگرەی پارتەكەی تیشكی خستە سەر كورد و كێشەی كورد لە توركیا. ئەو بەڵێنی بە كورددا ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات لە ماوەی ٤ ساڵدا دەتوانن كێشەی كورد چارەسەر بكەن.

كلیچدارئۆغڵو ئاماژەی دا، كێشەی كورد دەبەینە پەرلەمان و یاسای بۆ دەردەكەین، تا لە رەگەوە كێشەكە چارەسەر بكەین و ئێمە بەڵێن دەدەین لە توركیا شتێك نامێنێت بە ناوی كێشەی كورد.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، ئاكەپەش بە نیازە لە ٢٠٢١، بە بەرنامەیەكی تر و پلانێكی تر خزمەت بە كورد بكات و لێیان نزیك ببێتەوە، دیارترینیان ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزارییە.

هەروەها ئاكەپە دەیەوێت لە رێگەی چەند كەسایەتییەكی دیاری باكوور، كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵكدا بكات و، پێیان بڵێت دەنگمان بدەنێ ئێمەش لەگەڵ ئێوەدا دادەنیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، نەك پەكەكە و هەدەپە.

بەڵام ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە لە بەردەم ئاكەپە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگی كوردەكان لە دەست بدات، هاوپەیمانییەتی لەگەڵ مەهەپەدا، چونكە مەهەپ پارتێكی دژە كوردە و كوردیش هەرگیز ئەو پارتەی قبوڵ نەبووە.

تەنانەت دەزگا راپرسییەكانی توركیا باس لەوە دەكەن، كوردە موخافیزكارەكانی سەر بە ئاكەپەش، لەو پارتە توڕەن و دەنگی پێ نادەنەوە، چونكە ئاكەپە ماوەی ٢ ساڵە هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد نەناوە.

 

کارزان گلی

© 2017 Hawler