ئەیلول 18, 2020

هاوردەکردنی ٢٩ بەرهەم لە ئیرانەوە قەدەخە دەکرێن

عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا ١٣ دەروازەی بازرگانییان هەیە کە لەو ژمارەیە نۆیان فەرمین و بە گشتی هەشت دەروازەی بازرگانی ئێران لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە و پێنجەکەی تر لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە شێوەیەکی سنووردار چالاکی بازرگانییان هەیە.بەپیی بریارێک دەروازەکانی عێراق چالاکییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە هەر چەندە تەنیا رۆلی هاوردەیان هەیە و هیچ کاڵایەکیان لێیەوە هەناردە ناکرێت. هاوکات هاوردەکردنی ٢٩ بەرهەمیش لەو دەروازانە قەدەخە کرا.

بەهۆی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا و ئەو هەنگاوانەی بۆ رێکخستنی دەروازەکان لە لایەن حکوومەتی عێراق گیرابوونە بەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەنیا لە دەروازەکانی کوردستان دەکران . بەگوێرەی دواین بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای تەندروستی و پاراستنی نیشتمانیی عێراق بڕیار دراوە تەواوی دەروازە بازرگانییەکانی باشووری عیراق بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی کاڵا بکرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە شەهلا عەموری جێگری سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق ئاشکرای کرد هاوردەکردنی ٢٩ بەرهەمی کشتوکاڵی لە ئێرانەوە قەدەخە دەکرێن. خورما لەو بەرهەمانەیە کە بۆ هەمیشە هاوردەکردنی لە ئێران قەدەخە کراوە، هاوکات خەیار، ئالیفی گەنمەشامی، باینجان، کەلەم، قەرنابیت، گێزەر،پەتاتە، خاس، سیر، کودی، بیبەر، هێلکە، مریشکی زیندوو، تەماتە، شێلم، چەوەندەر هاوردەکردنیان قەدەخەیە جگە لەمانە مریشکی بەستوو، هەنگوین، ماسی بەستوو، شووتی، گندۆرە، باقلەی کەسک، ئالیفی جۆ، گەنم رەشەوڵاخ و مەڕ، دۆشاوی خورما، ئالیکی پیشەسازی و چەند بەرهەمێکی تر هاوردەکردنیان قەدەخە کراوە.
پێویستە بگوترێ پێشتریش هاوردەکردنی زۆرێک لەو بەرهەمانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە لە لایەن هەرێمی کوردستان قەدەخەکرابوون و رێگەی هاتنە ژوورەوەیان پێ نەدەدرا بەڵام لە دەروازەکانی تر جاروبار کە هاوردە دەکران بە قاچاخ لە ناوچە کوردستانییەکانەوە بۆ هەرێم دەگوازرانەوە کە دەبوونە هۆی تێکدانی هاسەنگیی خستنەڕوو و داخوازی لەسەر بەرهەمی ناوخۆ.
چوار پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگایەکی عەرەبنشینی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هاوسنوورن و هەر یەک لەو پارێزگایانەش کۆمەڵێک دەروازەی فەرمی و لاوەکییان هەیە کە ئاڵوگۆڕی کاڵای بازرگانییان تێدا دەکرێت.
پارێزگای ورمێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوو دەروازەی هەیە کە بریتین لە حاجی ئۆمەران و کێلێ لە سنووری قەلادزێ. لە هەر دوو دەروازەکە ئالوگۆڕی بازرگانی دەکرێت بەڵام هاتوچۆی گەشتیاران قەدەخەیە.
پارێزگای سنەش خاوەنی دوو دەروازەی گرنگی بازرگانییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی باشماخ و سەیرانبەنی بانە. لە سەیرانبەن تەنیا شتومەک بۆ عێراق هاوردە دەکرێت بەڵام هیچ شتێک هەناردە ناکرێت و سەرجەم پرۆسەی هەناردەکردن هەر لە دەروازەی باشماخ ئەنجام دەدریت.
پارێزگای کرماشان خاوەنی شەش دەروازەی بازرگانییە کە لەم شەش دەروازەیە چواریان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دووی تریان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵین.
دەروازەکانی شوشمێ یان تەوێڵە، پشتە یان شێخ سلە، تیلەکۆ و پەروێزخان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەیە بەڵام دەروازەکانی مونزەریە یان خوسرەوی و مەندەلی یان سۆمار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ئالوگۆڕی بازرگانیان هەیە.
لە ئێستەدا دەروازەی تیلەکۆ داخراوە بەڵام سێ دەروازەکەی تری نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستان کراونەتەوە ئەو دوو دەروازەیەش کە لە گەل حکوومەتی عێراق پێوەندییان هەیە هەفتانە تەنیا دوو رۆژ دەکرینەوە.دەروازەکانی تیلەکۆ، پشتە و تەویڵە و کێلێ دەروازەی لاوکین بەڵام ئەوانەی تریان فەرمین.
پارێزگای ئیلام لە رۆژهەلاتی کوردستان تەنیا یەک دەروازەی بازرگانی هەیە ئەویش لەگەڵ حکوومەتی ناوەندییە بە ناوی زەرباتیە یان مێهران. ئەم دەروازەیە هەفتەی چوار رۆژ کراوەیە و تەنیا کاڵای لێ هاوردە دەکرێت و هیچ کاڵایەکی لێیەوە هەناردە ناکرێت.
پارێزگای خووزستان یان ئەحوازیش لەگەڵ باشووری عێراق دوو دەروازەی بازرگانی هەیە بە ناوەکانی جەزابە و شەلەمچە کە لە یەکەمیاندا هەفتانە دوو رۆژ و لە دووەمیاندا هەفتانە پێنج رۆژ بەرووی هاوردەی بازرگانی دەکرێتەوە و هیچ کاڵایەک لێیانەوە هەناردە ناکرێت.
لەسەرجەم دەروازەکان هاتوچۆی گەشتیار بەهۆی رێوشوێنەکانی کۆرۆنا قەدەخە کراوە و تەنیا بە شێوەیەکی مەرجدار بەشێک لە هاووڵاتیان بۆیان هەیە گەشت بکەن.
بەپێی دواین بریارەکان لەم هەفتەیەوە جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی خوسرەوی و شەلەمچە لە هەفتانە دوو رۆژ بۆ چوار تا پێنج رۆژ زیاد دەکات و هەفتانە ٥٠٠ تا ٧٥٠ بارهەڵگر لە دەروازەکە شتومەک هاوردە دەکەن و دەروازە داخراوەکانی تریش دەکرێنەوە.

 

© 2017 Hawler