ئەیلول 18, 2020

كۆربەندی جیهانی ئابوری داڤۆس لە وادەی خۆی ناكرێت

ئاریان دەرگەڵەیی - هه‌ولێر

 

بڕیاروابوو لە سەرەتای مانگی كانونی یەكەمەوە كۆربەندی ئابووری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا بكرێت، بەڵام بە هۆی پەتای كۆرۆناوە ئەمساڵ لە وادەی خۆی ناكرێت.

لەم بارەیەوە رێكخرانی ئەو كۆربەندە راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاندووە كە كۆربەندەكە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە لە مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجام نادرێت و لە سەرەتای هاوینی 2021 كۆڕبەندە دەكرێت.
كۆنگرە یان كۆڕبەندی داڤۆس لەبنەڕەتدا ناوی تەواوی (كۆڕبەندی ئابوری جیهانی)یە و بۆ یەكەمین جار لەژێر ناوی "كۆڕبەندی بەڕێوەبردنی ئەوروپا" لە ساڵی 1971 دامەزراوە و سەركردەكانی جیهان هەر لەسەركردە سیاسییەكانەوە تا سەركردەی رێكخراوە بازرگانی و ئابورییەكان و رێكخراو و ناوەندە خێرخوازییەكان و ئەكادیمستەكان كۆدەكاتەوە.
لەچەند ساڵی ڕابردوودا شاندی هەرێمی كوردستان بانگێشتی ئەم كۆڕبەندە كراون لە پەراوێزی كۆبونەوەكاندا چەندین كۆڕی گرنگیان ئەنجام داوە، سەرۆك مەسعود بارزانی لە ساڵانی 2013 و 2014 بەشداری لەو كۆڕبەندەدا كردووە هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵیشدا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندی ئابوری داڤۆس كرد و لە پەراوێزی كۆبونەوەكاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كۆبوویەوە .
سەرەتاكانی دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ مامۆستایەكی ئابووری بە ناوی كڵاوس_شواب كە لە ساڵی ١٩٧١ مونتەدایەكی بچووكی بۆ سەرمایەدارە ئەوروپییەكان دامەزراند.
‎بەڵام قۆناغە جیاوازەكان و ڕووخانی بلۆكی ڕۆژهەڵات و ڕاوەستانی جەنگی سارد و گۆڕانكارییەكانی دواتر وای كرد ئەم كوربەندە فراوان بكرێت و ئێستا دیارترین و ناودارترین نوخبەی ئابووری و سیاسی لە جیهاندا لە خۆی دەگرێت.
‎هەموو ساڵێكیش لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكەدا و لە شوێنێكی كەمێك دوور كۆڕبەندە چالاكوانانی ڕەخنەگر خۆپیشاندان دژی سەرمایەداری ئەنجام دەدەن.
‎داڤۆس بە سەیرانگایەكی دڵڕفێن دەچێت كە دەكەوێتە قەدپاڵی زنجیرە چییای ئاڵپ لە سویسرا، كۆبوونەوەكە بە گەورەترین كۆبوونەوەی ئابووری جیهان دادەنرێت.
شارێكی بچووكە كەوتووەتە سەر ڕووباری لاندویسر لە ناوچەی براتیقۆی سەر بە كانتۆنی گرۆباندن لە وڵاتی سویسرا، جیا لەوەی ساڵانە كۆڕبەندی داڤۆس لەو شارە ئەنجام دەدرێ و سەرۆكی زۆربەی وڵاتانی دنیا سەردانی دەكەن و لێی دەمێننەوە، هاوكات شارێكی بەناوبانگیشە بۆ وەرزشی زستانەیی، بە تایبەتی خلیسكێنەی سەر بەفر، لە ساڵی 1280ی زاینی لەلایەن رۆمانەكانەوە كۆچ بەرەو ئەو شارە دەستی پێ كرد و دواتریش بوو بەشێك لە سویسرا و زۆرینەی دانیشتووانی بە ڕەگەز ئەڵمانین و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەكەن، لە سەدەی هەژدەدا داڤۆس بووە ڕوویەكی دیاری دەوڵەمەند و توێژەران، سەرجەم چینە ئەرستۆكراتەكان لەو شارە كۆ بوونەوە و ژیانیان بەسەر دەبرد، چونكە بەهۆی كەشوهەواكەی چارەسەری سروشتی چەند نەخۆشییەك دەكات، بۆیە بە باشترین ناوچەی ژیان لە سویسرا ناسراوە. ڕووبەڕی ئەم شارە 254 هەزار و 48 كیلۆمەترە و بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە هەزار و 560 مەتر، ژمارەی دانیشتوانیشی بەگوێرەی ئاماری 2015 دەگاتە 11 هەزار و 109 كەس.

 

© 2017 Hawler