نیسان 21, 2018

ئەمەریکا لەسووریا دەمێنێتەوە

هێرشی هابەشی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەر چەند پێگەیەکی سووریا وەکو وەڵامێک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەگورزێکی سەرکەوتوو لەدژی حکومەتی سووریا هەژمارکرا، هاوکات وڵاتانی ڕۆژئاوای زیاتر کۆک کرد کە درێژە بەئەرکەکانیان لەسوریادا بدەن و بەرپەرچی هەر هێرشێکی کیمیایی بدەنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئەمەریکا کە نزیکەی (٢٠٠٠) سەربازی لەسووریادا هەیە ڕازیبوە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسووریا بمێنێتەوە، لەو بارەیەوە (ئیمانوێڵ ماکڕۆن) سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەداوە کە توانیویەتی (دۆناڵد ترەمپ) ڕازایبکات هێزەکانیان لە سووریا بمێننەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، هەروەها گوتیشی بەوەش ڕازیبوون کە بەردەوامی بەهێرشی سنوردار بدەن.
هەردوو سەرۆک کە پەیوەندییەکی دۆستانە و گەشەسەندوویان هەیە پێش ئەنجامدانی هێرشە هەواییەکە چەندین جار لەبارەی سووریاوە قسەیان کردوە و ستراتیژیەتی هاوبەشیان داڕشتوە.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی فەرەنسا لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای ئەو مانگەدا (ترەمپ) ڕایگەیاندبوو سووریا بۆ خەڵکی دیکە جێ دەهێڵن و ئەوان بەزوویی دێنەدەرەوە. بەڵام پێدەچێ هەوڵە هاوبەشەکانی نێودەوڵەتی لەدژی سووریا بەتایبەتی (ئەمەریکا و، فەرەنسا و بەریتانیا) کاریگەری هەبوبێت لەسەر گۆڕینی ستراتیژیەتی کورتخایەنی ئەمەریکا لەسووریادا.
لەدوای لێدوانەکەی (ماکڕۆن)، کۆشکی سپی لەزاری گوتەبێژەکەیەوە ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئەمەریکا نەگۆڕاوە و سەرۆک ڕوونە لەکێشانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لەزووترین کاتدا، بەڵام ئەوەیشی نەشاردەوە کە دەبێ ئامانجەکان بەدەستبهێنن و ئەو ئامانجەی بۆی نێردراون دەبێ بەتەواوەتی تێکی بشکێنن کە داعشە، وە نەهێڵن جارێکی دیکە بگەڕێتەوە.

تیمی لێکۆڵینەوەی چەکی کیمیایی لەسووریان:
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (بی‌بی‌سی) تیمێكی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵێنەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سووریاوەگەیشتونەتە ئەو وڵاتە و سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایان لێدەکرێ.
تیمە لێکۆڵەرەوەکان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارۆچکەی (دوما) بوون، ئەوان نایانەوێ ڕاپۆرتەکانیان بۆ ڕای گشتی بەزووویی بڵاوبکەنەوە.
ناردنی ئەو تیمە لێکۆڵەرەوەیە لەکاتێکدایە کە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بەبێ چاوەڕوانیکردنی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە هێرشی وەڵامدەرەوەیان لەدژی سووریادا ئەنجامدا، لەو بارەیەوە سەرۆکی فەرەنسا لەچاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان بەڵگەی ڕوون و ئاشکرایان لەبەردەستدا بوە کە سووریا چەکی کیمیایی لەدژی خەڵکی سیڤیل بەکارهێناوە و پێویستە ئەو هەوڵانە ئاوا بەبێ وەڵامدانەوە تێنەپەڕن و دەبێ جیهان لەمەترسیەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیای وریا و ئاگاداربێت.
شیاوی باسکردنە، هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا سێ پێگەی حکومەتی سووریای پێکا، ئەو هێرشە بەگەورەترین هێرشی هێزەکانی ڕۆژئاوا لەدژی سووریا لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا هەژماردەکرێ.
ئەمەریکا دەڵێ لەو هێرشەدا (١٠٥) موشەک بەڕووی سووریادا تەقێنراون، وە هیچیان کێشە و بەربەستیان نەهاتۆتەپێش لەلایەن سیستەمی بەرگری سووریاوە بەڵام ڕووسیا دەڵی (٧١) یان بەردراونەتەوە.
ئەو دەستپێکە هێرشە هاوبەشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەهەوڵێکی گرنگ بۆ دڕاندایەتی حکومەتی سووریا لەدژی هاوڵاتیەکانی و، هەروەها بۆ سنوردارکردنی دەسەڵاتی ڕووسیا و ئێران لەسووریا دادەنرێ، شارەزاییان ئاماژە بەوەدەدەن تێكچونی پەیوەندی دیبلۆماتی نێوان بەریتانیا و ڕووسیا کاریگەری لەسەر بڕیاری هێرشی هاوبەشی سەر سووریا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە هەبوە.
لەدوای ئەو هێرشە، فەرەنسا ڕایگەیاندوە ئەمەریکایان ڕازیکردوە لەسووریادا بمێنێتەوە، هەڵبەتە فەرماندە سەربازییەکان و ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکایش لەگەڵ مانەوەی هیزەکانی ئەمەریکایە لەسووریا و نایانەوێ هەڵەی عێراق دووبارەبکەنەوە.
گرنگی مانەوەی ئەمەریکا لەناوچەکەدا پاڵپشتیەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی لەئێستادا کە پێگەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو ناوچەیەدا بەلاواز دەبینرێ، وە لەو بارەیەوەڕاپۆتێکی (نیۆرک تایمز پۆست) ئاماژەی بەوەداوە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەسوریا ئامانج لێی تەنها سووریا نیە بەڵکو بەرگرتنە لەهەژموونی شیعە و نەهێشتنی هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە. هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسی گەورەی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەبێ.
دۆخی سووریا و قوڵبونەوەی کێشەکان لەنێوان جەمسەرە گەورە و وڵاتە زلهێزەکان لەسووریادا کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بەدەیهێنانی سەقامگیری و چارەسەری سیاسی لەو وڵاتەشدا، پێویستە ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سووریا بدەن و ژیان و سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ سووریا و ناوچەکە بگێڕنەوە

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.