نیسان 21, 2018

ئەمڕۆ یەكێتی ئەوروپا توندتریت راپۆرت لەبارەی توركیاوە بڵاودەكاتەوە

ماڵپەڕی (رۆیتەرز) بڵاوی كردوەتەوە، ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە یەكێتی ئەوروپا توندترین و رەخنەترین راپۆرتی خۆی لەسەر بارودۆخی توركیا بڵاودەكاتەوە، كە پێشتر بە هیچ شێوەیەك بەو زمانە لەبارەی توركیاوە هەڵسەنگاندن نەكراوە.

2 بەرپرسی یەكێتی ئەوروپا، كە ناویان بڵاونەكراوە و یەكێكن لەو كەسانەی ئاگاداری ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەن لەسەر توركیا، بۆ (رۆیتەرز) ئاشكرای دەكەن، جگە لە رێككەوتنی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئاوارە سوورییەكان، لەبارەی مافی مرۆڤ لە توركیا و ئازادی رادەربڕین و بێلایەن نەبوونی دادگا بە توندترین شێوە رەخنە لە توركیا گیراوە، چونكە هەموو ئەو بابەتانە لە توركیا بەرەو خراپبوون دەڕوات نەك باشبوون.
ئەم راپۆرتە بەیانی لە شاری ستراسبۆرگ لە فەڕەنسا بڵاودەكرێتەوە، بەڵام بەشێكی ئەو راپۆرتە كەوتوەتە دەست میدیاكانی ئەڵمانیا و ئەمریكا.
رۆژنامەی (وێڵت ئام سۆنتاگ)ـی ئەڵمانی، لە ژمارەی دوێنێیدا بڵاوی كردوەتەوە، لەم راپۆرتەی كە بڕیارە بەیانی بڵاوبكرێتەوە، هیچ ئومێدێك نییە بۆ ئاشتبوونەوەی توركیا و یەكێتی ئەوروپا، چونكە باسی هیچ زەمینەیەك نەكراوە تا رێككەوتن لەخۆی بگرێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتوە، لە ساڵی 2014ـەوە توركیا لەرووی بێلایەن نەبوونی دادگاوە زۆر بەرەو خراپی دەڕوات، هەروەها ئازادی رادەڕبڕینیش زۆر سنووردار كراوە. ئەمانەش وا دەكەن ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا مەحاڵ بێت.
بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، پەیوەندی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا زیاتر خراپ دەكات و زیاتر لە یەكتری دوور دەخاتەوە

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.