تشرینی یەکەم 20, 2020

لە٢٢ ساڵی ڕابردوودا ٢٠ ساڵیان لەگەرمترین ساڵەکان بوون

سیاسەتی ئەمەریکا لەسەردەمی (دۆناڵد ترەمپ) دا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و، لەدوای ئەوەی هاتە کۆشکی سپی لەڕێکەوتنی پاریس ئەمەریکای هێنایەدەرێ، (ترەمپ) گوتی، ئەو دەیەوێ دانوستاندنی نوێ لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوەبکات کە دادوەری زیاتری بۆ بازرگانیەکان و کرێکارەکانی ئەمەریکا تێدابێت و مافەکانیان دابینبکات.

 

پابەندنەبوونی ئەمەریکا بەڕێکەوتنی گۆڕانی کەشوهەواوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر برەودان بەدەردراوە گازیەکان و، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەجیهاندا.

نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریداوە ئەو ئامانجەی دیاریکراوە بۆ سنوردارکردنی گەرمبونی جیهان کە (خوار دوو پلەی سەنتیگرادی) لەمەترسیدایە چونکە وڵاتانی گەورە ئابوری جیهان لەنێویاندا ئەمەریکا و ئەوروپا نەیانتوانیوە پابەندبن بە بەڵێنەکانیانەوە.

وڵاتانی جیهان ڕێکەوتن بە پابەندبوون بە (٢ پلەی سەنتیگرادی) واتە تێكڕایی بەرزبونەوەی گەرمبونی جیهان لەو ئاستە زیاترنەبێت بەڵام زانایان لەئێستادا تێڕوانینێکی تازەیان هەیە و بەو ئاستە ڕازی نین و دەڵێن دەبێ کەمتر لە (١،٥ پلە) بێت.

بەپێی ڕێکخراوی میترۆلۆجیکیاڵی جیهانی (دەبلیو ئێم ئۆ) ئێستا جیهان بەتێكڕایی نزیکەی یەک پلە گەرمترە لەڕابردوو، بەتایبەتی بەبەراوورد بەپێش بەرفراوانبونی پیشەسازییەکان لەجیهاندا.

لە(٢٢) ساڵی ڕابردوودا (٢٠) ساڵیان لەگەرمترین ساڵەکان بوون و، وە سالەکانی (٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨) لەگەرمترین ساڵەکانی ئەو دوو دەیەیە بوون، ئەگەر بێتو ئەو گەرمیە بەردەوامبێت ئەوا پێدەچێت تاوەکو ساڵی (٢١٠٠) تێكڕایی پلەی گەرمی جیهان بۆ زیاتر لە (٣،٥) پلە بەرزبێتەوە.

یەک پلە بەڕواڵەت شتێکی زۆر نیە بەڵام بەپێی پانێڵی زانایانی نێودەوڵەتیلەبارەی کەشوهەواوە، ئەگەر وڵاتان شکستخواردووبن لەهەنگاونان و کارکردن ئەوا جیهان ڕووبەڕووی قەیران و کارەساتی گەورەدەبێتەوە، ئاستی ئاوی دەریایەکان بەرزدەبێتەوە، پلەی گەرمی ئۆقیانوسەکان و ئاستی ئەسیدی ناویان بەرزدەبێتەوە و، وە توانایەکان و دەرفەتەکانی ئێمەش بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵەکان لەوانە برنج و گەنم و جۆ دەکەوێتە مەترسیەوە.

ڕێکەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەرچی ڕێکەوتنێکی گرنگ بوو بەڵام ئەگەر بێتو هەموو بەڵێنەکانیش بەتەواوی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە جێبەجێبکرێن لەبڕینی دەردراوەکانی گازی کاربۆن هێشتا گەرمبونی جیهان تاوەکو کۆتایی ئەو سەدەیە بەڕادەی نزیکەی تێكڕایی (٣ پلە) ی گەرمی بەرزدەبێتەوە.

چەند دەیەیەک دەبێت توێژینەوەکان لەبارەی گەرمبونی کەشوهەوای جیهانی دەیانگوت دەبێ هەوڵبدرێ تاوەکو کۆتایی ئەو سەدەیەی تێێداین بەرزبونەوەی تێكڕایی پلەی گەرمی جیهانی بۆ خوار (٢ پلە) ڕابگیرێت. وڵاتانی جیهان بەڵێنیاندا پابەندبن بەبەرزبونەوەی تێكڕایی پلەی گەرمی بۆ خوار (٢ پلە)، وە هەوڵبدرێت توانایەکانیان لەو بوارەدا پەرەپێبدەن و ئەو ئامانجە دابەزێنن بۆ (١،٥ پلە).

بەڵام لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زانایەکانی بواری گۆڕانی کەشوهەوا هەڵسەنگاندنی تازەیان کردوە و گەیشتونەتە تێگەیشتنێکی تازە کە تاچ ڕادەییەک بەرزبونەوەی پلەی گەرمی ئاساییە و سەلامەتە. زانایایەکان ئێستا کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێویستە تێكڕای بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بۆ خوار (١،٥ پلە) بێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی بواری گۆڕانی کەشوهەوا هەریەکە لە چین و ئەمەریکا دوو گەورەترین وڵاتن کە زۆرترین دەردراوەکانی خانوی سەوزیان هەیە و پێکەوە زیاتر لە (٤٠%) ی تەواوی جیهان لەو بوارەدا پێکدێنن.

شاخە سەهۆڵیەکانی نێو دەریایەکان بەهۆی گەرمبونی کەشوهەوای جیهانەوە لەمەترسی توانەوەدان و لەو ساڵانەی ڕابردوودا بەرەو کەمبونەوەی گەورە ڕۆیشتون.

سەهۆڵی ناو دەریایەکان ئەوە بۆ چەند دەیەیە لە بچوکبونەوەدان و، بەپێی داتایەکانی لیژنەی کاروباری کەشوهەوای پەرلەمانی بەریتانیا لەسەرەتایەکانی ساڵەکانی (٢٠٠٠) ەوە توانەوەکانیان زیادیکردوە.

شاخە ەهۆڵیەکانی نێو دەریایەکان بەڕادەییەکی زۆر گەورەن، وە توانەوەیان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زۆر لەوشکاییەکان ژێردەکەون، هەندێک لە پارچە سەهۆڵیەکانی گرینلاند نزیکەی (٢ بۆ٣) کیلۆمەتر ئەستورن و پڕن لەئاوی بەستراوە ئەگەر بێتو بتوێنەوە ئەوا ئاستی دەریاییەکانی جیهان بۆ (٧ مەتر) بەرزدەکەنەوە.

لەکاتێکدا حکوومەتەکان دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن و گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدەن لەنەهێشتنی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی بەدانانی سیاسەتی بەهێزی گونجاو لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا بەتایبەتی لەبواری پیشەسازی و کشتوکاڵدا، ئەوا ئێمەیش وەکو تاک دەتوانین ڕۆڵ بگێڕن و کاریگەریمان هەبێت.

زانایان دەڵێن ئێمە هەموومان دەتوانین بەخێرایی دەست بەو گۆڕانکاریانە بکەین لە شێوەی ژیانی خۆماندا بۆ ئەوەی نەهێڵێن تێكچونی گەورە بەسەر گۆڕانی کەشوهەوادابێت، واتە گۆڕانکاری لە (ساتیلی ژیان) مان کاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕانی کەشوهەوادا.

لەو بارەیەوە پانێڵی زانایانی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا پێـماندەڵێن پێویستە کەمتر گۆشت و، شیر و، پەنیر بکڕێن لەجیاتی ئەوە زیاتر ئەو خۆراکانە بخۆین کە ڕووەکی و سەوزەواتن.

هانماندەدەن بەبەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لەجیاتی ئۆتۆمبیلی ئاسایی کە بە بەنزین و گاز ئیشیان پێدەکرێ.

گرنگە بۆ شوینە نزیکەکان بەپێ یان بەپاسکیل بڕۆین، لەجیاتی گەشتە بازرگانیەکان هەوڵبدەین ڤیدیۆکۆنفرێنس بەکاربێنین، ماڵەکانمان بەشێوەیەک لێبکەین کە کەمتر کاربۆن پێویستیەکانمان بێت.

زانایان دووپاتیانکردۆتەوە گەورەترین ڕێگای ستایلی ژیان کە کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر گەردوون بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بریتیە لە (دایتکردن)، کەمتر گۆشت بخۆین و زیاتر ڕووەکی بین.

زانایان دەڵێن کەمتر گۆشت بخۆین چونکە پیشەسازیەکانی بەرهەمهێنانی گۆشت دەردراوەکانی کاربۆنیان زۆرە و ئەوە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر گۆڕانی کەشوهەوا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler