تشرینی یەکەم 20, 2020

ئەمەریکا یەک لەسێی هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

پێنتاگۆن بڕیاریداوە ژمارەیەک لە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، بەپێی شیکەرەوەکانی بواری ئاسایش ئێستا کاتێکی هەستیارە بۆ کێشانەوەی هێزەکان و هەر کەمکردنەوەیەک دەبێ بە ووریایی و تێگەیشتنی تەواوەبێت.

ئەمەریکا ئامانجی هێزەکانی لە عێراق لە هێزی شەڕکەرەوە گۆڕدراوە بۆ هێزی ڕاوێژکاری و مەشق و ڕاهێنان پێکردن، ئەوەش بەگوتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی ئێستای عێراق.
لە ڕاپۆرتێکی (ۆڵ‌ستریت‌جۆرناڵ) دا ئەوە ڕوونکراوەتەوە و، تیایدا هاتوە ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق دادەبەزێت بۆ نزیکەی (٣٥٠٠) سەرباز، ئەو پڕۆسەی کەمکردنەوەی هێزەکانیان لەماوەی دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا ئەنجامدەدرێت.
ئەو هەوڵەی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق لەچوارچێوەی خواستەکانی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادایە لەبەر چەند هۆکارێک، دیارترینیان بەرزکردنەوەی کێرڤی ڕاکێشانی هەستی ئەمەریکاییەکانە لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی دادێت کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەو ساڵدا ئەنجامبدرێت، وە بۆ نیشاندانی پڕکردنەوەی ئەو بەڵێنەی کە دابووی لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا، هەڵبەتە بەڕێز (ترەمپ) پێشتر بەڵێنیدابوو ژمارەی هێزەکانیان لە شەڕەکانی وڵاتاندا کەمبکاتەوە و ئەو ئەو شەڕانەی بە شەڕی بێ کۆتایی ناوبردوە.
بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لەئێستادا، ئاستی ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی (٢٠١٥) نزیک سەرەتای شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق.
شارەزایانی بواری ئاسایش لە ناوچەکە و هەروەها لە ئەمەریکاش هۆشداریدەدەن هەر کەمکردنەوەیەک لە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامبدرێ پێویستە بەوریایی و بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستاوە بێت نەک کاردانەوە و پڕکردنەوەی بەڵێنەکان بێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە نەوەکو ئەوەی لەساڵی (٢٠١١)ەدا ڕوویدا دووبارە ببێتەوە چونکە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو کاتەدا بۆشایی هێزی لە ناوچەکانی عێراقدا دروستکرد و بوو بەهۆی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە بەشەکانی باکوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا.
نە عێراق و نە ئەمەریکا نایانەوێ ببینن ئەو ڕووداوەی ڕابردوو دووبارەببێتەوە، حکومەتی عێراقی ئێستا باش دەزانێت دۆخی وڵاتەکەی باش نیە و لەبەردەم هەڕەشە و ئاگاداریدایە لە مەترسی شانە نوستوەکان و گروپە بچوکە شەڕکەرەکانی داعش کە لەبەشێک لەناوچەکانی عێراق و هەروەها لەسەر سنووری سووریادا چالاکن.
پێویستە عێراق بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دابەزاندنی هێزە بیانیەکان لەوڵاتەکەیدا بکات کە نەبێتەهۆی زیادکردنی ناسەقامگیری و ڕوودانی کارەساتی زیاتر.
بەشێک لەچاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن پێنتاگۆن لەنێوان دوو ئامانجدا دێت و دەچێت کە یەکیان ئێرانە لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوی دیکەیان چینە لەوڵاتانی ئاسیادا.
ئەوەی کە ئێستا لە هەوڵەکانی ئەمەریکادا دەخوێندرێتەوە ئەوەیە ئامانجەکەی زیاتر بەرزکردنەوەی هێزە لەبەرانبەر چیندا، واتە گواستنەوەی هێزەکان و فشاریەتی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ بەرەی ئاسیا و ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ چیندا.
شیاوی گوتنە، سەرۆکی ویلایەت یەکگرتوەکانی ئەمەریکا خوازیارە قۆناغەکانی گێڕانەوەی هێزەکانی بۆ ئەمەریکا بەبەڵگەوە نیشاندات هەروەکو پێشتر بەڵێنی دابوو، ئەو هەنگاوانەی کێشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەوڵاتانی بیانی پێشتر لە ئەفغانستان و لە ئەڵمانیا دەستپێکردوە و، ئێستاش بەنیازە لە عێراق بەشێک لە هێزەکانی کەمکبکاتەوە.
پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان و ستراتیژیەکانی ئەمەریکا و عێراق و کۆبونەوەکانی بەرپرسانیان لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژە و بەڵگەی ئەو کەمکردنەوەیەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، لەئێستادا ئامانجی ئەمەریکا تاڕادەییەک لەناو عێراقدا چڕدەبێتەوە لەسەر گرنگیدان بە مەشق و ڕاهێنان و، هاوکاری و بواری لۆجستی بۆ ئامادەکردنی هێزەکانی عێراقی بۆ شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی وڵاتەکەیان لەسەر توانای سەربازی خۆیان.
لە ئێستادا نزیکەی (٥٢٠٠) سەربازی ئەمەریکا لە عێراقدا هەن، ئەگەرچی ئەمەریکا بەنیازە بەشێک لەهێزەکانی لە عێراق کەمبکاتەوە، بەڵام هێزەکانی ناتۆ و، هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی وەکو خۆیان دەمێننەوە لەناو عێراقدا بۆ مەشق پێکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە.
سەرچاوە: ئیندیپێندێنت

© 2017 Hawler