ئاب 12, 2020

ئێران وەکو جاران پشتی چەکدارە شیعیەکانی پێ ناگیرێت

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران و، هاتنی پەتای کۆرۆناش کاری کردووەتە سەر پاڵپشتیە دارییەکانی ئێران بۆ گروپەکانی نێو حەشدی‌شەعبی و دابەزیوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) گروپە چەکدارییەکانی شیعەی دەرەوەی ئێران کە بزماری گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانن پاڵپشتیە داراییەکانیان لەلایەن ئێرانەوە وەکو جاران بۆ دابین ناکرێ و ئاستی یارمەتیە داراییەکەیان دابەزیوە.
لەو بارەیەوە سێ فەرماندەی نێو حەشدی‌شەعبی ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە بەهۆی سزاکانی سەر ئێران و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە تاران یارمەتیە داراییەکانی لەسەر کەم کردوونەتەوە.
ئەو یارمەتیە داراییانەی ئێران بۆ گروپی میلیشیاکانی نێو حەشدی‌شەعبی بۆ چالاکیەکانی دژی نەیارەکانی ئێران و، پاراستنی هەژمونی ئێرانن لە ناوچەکەدا، ئێران لە تارانەوە تا بەیرووت هێڵێکی گەرمی پەیوەندی هەیە و، لەڕێگای گروپە چەکدارە شیعیەکانەوە پارێزگاری لەدەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا دەکات.
هەر ئەو فەرماندانەی ناوەکەیان نەدرکاوە دەڵێن، لەوەتەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە یارمەتی دارایی مانگانە بۆ چوار گروپی شیعەکان لە عێراق کەمی کردوە، یارمەتیەکان ئێستاکە دوو سێ ملیۆن دۆلارێکە، کەچی پێشتر چوار و نیو بۆ پێنج ملیۆن دۆلاردا بوو.
هەروەها گوتیشیان کەمکردنەوەی ئەو بڕە یارمەتیەی ئێران کاریگەری کردووەتەوە سەر چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکان و ناچاربوون بە دوای سەرچاوەی داهاتی دیکەدا بگەڕێن بۆ چالاکیە سەربازییەکانیان و، دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەوانە بەکارهێنانی پارەی خۆیان لە ڕێگای قازانجی بازرگانیەکەیانەوە.
پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆتە سەر فشارەکانی دیکەی سەر ئێران بۆ نموونە فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەڕێگای سزا ئابوورییەکانەوە، ئەوانە پێکەوە وایانکردوە ئێران نەتوانێ ئەو یارمەتیە داراییانەی بۆ گروپی چەکدارە شیعەکانی دابین کردبوون ئێستاش بەردەوام بێت.
توانستی ئێران لە ڕووی سیاسەتی دەرەوەی لاواز بووە و وەکو خۆی نەماوە، بەتایبەتی لەدوای کوژرانی قاسم سلێمانی و، مەهدی مهەندیس کە ئەندازیاری هەژمونی سەربازی و سیاسیی ئێران بوون لە وڵاتانی دەرەوە، کاریگەرییەکەیان دەرکەوتوون
شیاوی باسکردنە، لە ساڵی (٢٠١٨)دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سزا ئابوورییەکانی لەسەر ئێران چەسپاندنەوە و سزای خستە سەر سوپای پاسدارانیش وەکو هەوڵێک بۆ چەماندنەوە گوڕوتینی ئێران لە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکەکانی و هەروەها کاڵکردنەوە هەژمون و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا.
یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی میلیشیا شیعەکان لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، پێش چەسپاندنەوەی سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، تاران مانگانە بڕی (١٢ بۆ ١٥ ملیۆن دۆلار)ی دەنارد بۆ هاوپەیمانە میلیشیایەکانی لەعێراق بەڵام ئێستا بەڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە.
جگە لە کەمبونەوەی پاڵپشتیە داراییەکان، فەرماندە شیعیەکان دەڵێن بەهۆی داخستنی سنورەکان و ڕێکارەکانی کۆرۆناوە پاڵپشتیەکانی دیکەی ئێرانیش وەستاون لەوانە ناردنی چەک و تەقەمەنی و پشتەوانی و مەشقپێکردن.
چەند گروپێک لەنێو حەشدی‌شەعبیدا یارمەتی دارایی و لۆجستیک لە ئێرانەوە وەردەگرن، ئەو گروپانە پارێزگاری لەسیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا دەکەن. ئێران و ئەمەریکا دوو زلهێزی نەیاری یەکترین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە زۆر جار کێشە و ململانێیەکانیان کاریگەری هەبوە لەسەر تێکچوونی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.
ئێران لەبن باری سزا ئابوورییەکان و، دابەزینی نرخی نەوت و، بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا توانا دارییەکانی لاوازبوون، ئەوەش ڕەنگدانەوەی هەبوە و بۆتە هۆی کەمبونەوەی کار و چالاکیەکانی کە لەڕێگای گروپی میلیشیا شیعەکانەوە بۆ پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەیکات.

© 2017 Hawler