ئاب 12, 2020

ئاستی متمانەی خەڵکی تورکیا لەنێوان ڕووسیا و ئەمەریکادا ناجێگیرە

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

ڕووداوەکانی ڕابردوو لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناجێگریان لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیادا دروستکردوە، دەمێک لەگەڵ ڕووسیادا ڕێدەکات و، دوای ماوەیەک بەلای ئەمەریکادایە، ئەوەش دابەزیوەتە نێو ڕای گشتیەوە.

شەڕی ناوخۆی سووریا و لیبیا کاریگەری لەسەر ئەو هەڵکشان و داکشانە لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هەبوە، وە خەڵکی تورکیا ئێستا زیاتر بەلای ئەمەریکا و ڕۆژئاوادان نەک ڕووسیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) ڕاپرسیەکی گشتی لەناو تورکیادا دەریدەخات متمانەی خەڵکی تورکیا بەلای ئەمەریکادا گەرمە، وە ئاستی متمانەیان بە ڕووسیا دابەزیوە.
بەرزبونەوەی ململانێیەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ لەسەر پرسەکانی سووریا و لیبیا وایکردوە خۆشەویستی ئەمەریکا گەرمترببێ، ئەوە وێڕای ئەوەی ئەمەریکا پاڵپشتی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات لەناو سووریادا.
لە زانکۆیەکی ئەستانبول ڕاپرسیەک ئەنجامدراوە بەگوێرەی ئەنجامەکانی ڕاپرسیەکە خۆشەویستی و متمانەی خەڵکی تورکیا بۆ ڕووسیا بەڕێژەی (١٤%) کەمبۆتەوە بەبەراوورد بەساڵێک لەمەوبەر، وە ئەوانەی ڕووسیا بەهەڕەشە لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەزانن بەرزبۆتەوە لەکاتێکدا لەساڵی (٢٠١٩)ەدا نزیکەی (٤٤%) بوە بەڵام لەئێستادا بەرزبۆتەوە بۆ (٥٥%).
وە پێشتر نزیکەی (٨١%) ی خەڵکی تورکیا لەو باوەڕەدابوون کە ئەمەریکا هەڕەشەیە لەسەر تورکیا بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بۆ (٧٠%)، دیارە لەهەر هۆکارە سەرەکیەکانی بێ متمانەیی خەڵکی تورکیا بەئەمەریکا نزیکیەتی لەکوردەکانی سووریا و، پەیڕەوکردنی سیاسەتی لایەنگیری کوردەکانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەڵوێستەکانی سەرکردایەتی و حکومەتی تورکیا کاریگەری هەبوە لەسەر شەقام، تورکیا (پەیەدە) بەمەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دەبینێت و بەتیرۆریست ناویان دەبات ئەوەش کاریگەری هەبوە لەسەر خەڵکەکەی.
ئەگەرچی خەڵکی تورکیا بەلای ئەمەریکادا سوڕاون بەڵام لەسەر ئاستی دەسەڵاتدا بێ متمانەیی قوڵ هەیە، بەگوێرەی (ئایدن مستەفا) ڕێکخەری ڕاپرسیەکە و پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان گوتی، ئەو پەیوەندییە دیارەی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و تورکیا تاڕادەییەک میکیاج کراوە، لەناوەوەدا بێ متمانەیی زۆر هەیە.
کێشەی گەورە لەنێوان تورکیا و ئەمەریکادا هەیە بەتایبەتی لەسەر بەرژوەندییەکانیان لەناوچەکەدا، بەڵام (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا وانیشاندەدات کە پەیوەندییان باشە و هیچ گرفتێک بوونی نیە.
لەبارەی گونجاوی پەیوەندییەکان لەنێوان تورکیا و ڕووسیادا یان تورکیا و ئەمەریکادا، (ئایدن) لەو باوەڕەدایە پەیوەندی نێوان تورکیا لەگەڵ ڕووسیادا گونجاوتردێتەوە بۆ پەیوەندی و هەماهەنگی کردن، وێڕای بەرزی و نزمیەکان، بەڵام پەیوەندییەکان لەسەر بنچینەی هەماهەنگی و دژایەتیکردن درێژەیان دەبێ.
وە گوتیشی، پاڵپشتیکردنی لایەنە نەیارەکانی شەڕی سووریا و لیبیا کاریگەری لەسەر ڕاکێشانی ئەنجامەکانی ڕای گشتی ڕاپرسیەکە هەبوە.
لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) پەیامێکی ئەرێنی بەلای ئەمەریکادا ڕاگەیاند و گوتی تورکیا و ئەمەریکا بەرەو قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان هەنگاودەنێن، ئەو لێدوانە لەدوای پەیوەندی تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) هات، وە کاریگەری گەورەی بادانەوەی ڕای گشتی هەبوە لە مۆسکۆوەوە بەرەو واشنتن.
تورکیا هەژمونی خۆی گەنایدۆتە لیبیاش، ئەوەش کاریگەری ساردی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا لێکەوتۆتەوە، لەو بارەیەوە (حسین باگجی) پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەزانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ (ئەلمۆنیتەر) دەڵێ، ململانێی بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە لیبیا ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە دابەزینی متمانەی تورکەکان بەڕووسیا . باگجی لەو باوەڕەدایە ڕەتکردنەوەی مۆسکۆ بۆ کشانەوەی گروپی واگنەری ڕووسیایی کە پاڵپشتی لەبەرەی سوپای نیشتمانی دەکەن کاریگەری لەسەر ساردی و کەمبونەوەی متمانەی تورکەکان بەڕووسەکان دروستکردوە.
بەگوتەی (باگجی) تورکیا بەرژوەندییەکانی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکادا دەبینێتەوە، وێڕای ئەو بەرزی و نزمی و ململانێیانەی ڕابردووش بەڵام پەیوەندیی ستراتیژی لەنێوان ئەمەریکا و تورکیادا هەیە و، هەردووکیان هاوبەشی ناتۆن، ئەو جۆرە سیاسەتەی دەرەوەی تورکیا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا درێژەی دەبێت.
بەڵام بەگوێرەی (ئوزگور ئوزمادەر) پرۆفیسۆری یاریدەدەری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەزانکۆی باڵکانت لەو باوەڕەدایە ڕای گشتی تورکیا قەت بەتەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵاتدا نەبوە بەڵکو لەناوەڕاستی ڕێگادا ماوەتەوە و، وە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەشدا ئاستێکی مامناوەندی هەڵبژاردوە .
هەروەها گوتیشی، لەگەڵ کەمبونەوەی گرژیەکانی تورکیا و ئەمەریکا، ڕای گشتیش ئاستی متمانەی بە ئەمەریکا چۆتەوە سەرێ، بەهەمان شێوە بۆ ڕووسیاش.
وە لەسەر مەسەلەی ناسنامەی ئیسلامیش کە تورکیا هەیەتی، خەڵکی تورکیا لەڕاپرسیەکەدا پاڵپشتیان بۆ ئەو ناسنامەیەکی کە تورکیا وڵاتێکی ئیسلامیە کەمکردۆتەوە، ئەوانەی کە بەشێوەیەکی سەرەکی تورکیا بەوڵاتێکی ئیسلامی دەزانن یان دەناسن بەڕێژەی (٣٤%) دابەزیوە و، لەساڵی (٢٠١٩)ەدا ڕێژەکە (٥٦%) بوە لەکاتێکدا ئێستا تەنها (٢٢%) یە.

© 2017 Hawler