ئایار 29, 2020

ترەمپ هەڕەشە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات

ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی پارەدارکردن و کشانەوە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکات "ئەگەر لەماوەی 30 رۆژدا چاکسازیی بنەڕەتی نەکات".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە توویتێکدا، کە وێنەی نووسراوێکییەتی و بۆ تێدۆرۆس ئەدهانوم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی ناردووە، دەڵێ "ئەگەر رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاکسازیی گەورە لەماوەی 30 رۆژی داهاتوودا نەکات، ئەوا راگرتنی پارەدارکردنی کاتییەکەم، دەکەمە هەمیشەیی و دووبارە چاو بە ئەندامیێتییمان لەو رێکخراوە دەخشێنمەوە".

ترەمپ لە نامەکەیدا دەڵێ "روونە، کە هەنگاوە هەڵە دووبارەکانی تۆ و رێکخراوەکەتان بۆ وەڵامدانەوەی پەتاکە، زۆر لەسەر جیهان کەوت، تاکە رێگە کە پێویستە رێکخراوەکە پەیڕەوی بکات ئەوەیە: بیسەلمێنێت سەربەخۆیە و کاریگەریی چینی بەسەرەوە نییە".

 ترەمپ زۆرجار هەڕەشەی لە رێکخراوەکە کردووە، هەروەها دەڵێ "دڵم بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی خۆش نییە، چونکە بوکەڵەیەکە بەدەستی چینەوە".

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە، ئیدارەی ترەمپ بەشێوەیەکی کاتی پارەدارکردنی رێکخراوەکەی راگرت و تۆمەتباری کرد بە لایەنگریی چین و چاوپۆشیکردن لە ترسناکیی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەدوای گوتەکانی ترەمپ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە جارێکی دیکە جەختی کردەوە لەوەی رێکخراوەکەی بەخێرایی هۆشداری لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوە و، "ئەگەرێکی زۆر هەیە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکات لەبارەی چۆنییەتی وەڵامدانەوەیان بۆ هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەدەمەوەهاتنی ئەندامەکانی".

 رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەپێی خوولی دووساڵی بودجەی دادەنێت و بۆ ساڵی 2020 و 2021 بودجەکەی 4.8 ملیار دۆلارە، واتا 2.4 ملیار دۆلار بۆ هەر ساڵێک.

ئەمەریکا گەورەترین بەخشەرە بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و 20%ـی بودجەی ساڵی 2018 و و2019ـی رێکخراوەکە لەلایەن ئەمەریکاوە دابینکرابوو. 

© 2017 Hawler