ئازار 30, 2020

ڤایرۆسی کورونا پلانی گەیشتنی مرۆڤ بە مەریخ دوا دەخات

بە پێچەوانەی زوربەی ئەو خەڵکەی کە بەهۆی مەترسییەكانی توشبوون بە ڤایروسی کورونا کارەکانیان لە ماڵەوە بەڕێوەدەبەن، پێویستە لەسەر کارمەندانی ئاژانسی فەلەكناسی ئەوروپی ESA و ئەمریکی NASA بەبێ پچران بەردوامی بە کارەکانیان بدەن و ناکرێت لە کارەکانیان داببڕێن. سەنتەری چاودێری سەر بە ئاژانسی بوشاییناسی ئەوروپی کە بارەگاكەی لە شاری (دارمشتات)ـی ئەڵمانیایە، کومەلێك رێوشوێنی خوپارێزیان گرتووەبەر بۆ پاراستنی گیانی ئەندازیار و زاناکانیان، ئەمەش بووە هۆی راگرتنی زوربەی پروژە لێکوڵینەوەکانیان تەنانەت هەڵدانی روکێتشیان بۆ بوشایی ئاسمان دواخستووە.

(ئیسکو – مارس) کە پروژەیەکی هاوبەشی ئەوروپی رووسیە بۆ گەیشتن بە مەریخ، لە پلانیاندا بوو ئەمساڵ روکێتی مانگی دەستکرد (ئیسکو – مارس) بەرەو هەسارەی سوور هەڵبدەن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ڤایروسی كۆرۆنا و تێکچوونی دۆخی جیهانی پروژەکە بۆ ساڵی 2022 دواخرا .

لەگەڵ داخرانی هێڵە ئاسمانیەکان بەڕۆی فروکەکاندا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئێستا زۆر ئەستەمە کارمەندە نێودەوڵەتیەکانی ئاژانسی بۆشاییناسی ئەوروپی هاتوچۆ بکەن بۆ بارەگای سەرەکی ئەو ئاژانسە.

راڵف دینزینگ، بەڕێوبەری سەنتەری چاودێری (ESOC) بە وەكالەت تایبەت بۆ سایتی زانسی ئەڵمانی " فیوترزون" گوتی: " دروستکردنی مانگێکی دەستکرد پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە کارمەند و پسپۆر هەیە، هەروەها پارچەکانی ئەم مانگە دەستکردانە لە چەند وڵاتێکی جیاواز دروست دەکرێن، و دوای تەواوبوونیان لە بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە کۆدەکرێنەوە، بەمەبەستی بەستنیان بەیەکەوە، ئەم کارەش لەم هەڵومەرجە نالەبارەی ئێستادا کارێکی زۆر ئەستەمە".

سەرەڕای ئەم هەنگاوانەش، سەنتەری چاودێری (ESOC) ناچار بووە ژمارەی کارمەندەکانی کە لە 900 کەس پێکهاتووە و بەلایەنی کەم 700 کەسیان وەکو تیمی هاوبەش لە نزیك یەکتریەوە كار دەکەن، کەم بکاتەوە بۆ تەنیا 50 کارمەند، بەڵام بەڕێوبەری سەنتەرەکە دەلێت: " ئەم رێکارە ناکرێت زور بخایەنێت، چونکە کاریگەییەکی یەکجار خراپ لە تەواوی کار و پلانەکانی ئاژانسەکە دەکات".

رێکاری هاوشێوەش لە ئاژانسی بۆشاییناسی ئەمریکی (NASA) ش گیراونەتە بەر، پلەی ئامادەباشی بەرزکرایەوە بۆ چوار پلە، ئەمەش بەرزترین پلەی ئامادەباشیە بەپێی یاسای ناوخۆیی ئاژانسەکە. هەندێك لەو رێکارانەش بریتین لە داخستنی کارگە و تاقیگەکانی سەر بە ئاژانسەکە و قەدەغەکردنی هەموو جۆرە گەشتێکی ناوخۆیی و دەرەکی لە کارمەندەکانی لە ژێر هەر پاساوێك، هەروەها وەستاندنی هەموو جۆرە هەڵدانێكی موشەکی و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەم ماوەیەدا.

ئەم رێکار و کاروەستانەش دوای ئەوە دێن، کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایروسی کورونا کوڤید-19 لە ناو سەنتەرە سەرەکیەکانی ناسا بەرە و هەڵکشانە، لەوانەش سەنتەری سەرەکی " Stennis Space Center"، کە یەکێکە لە سەنتەرە سەرەکیەکانی ناسا بۆ لێکولینەوە و پەرەسەندنی پروژەی ' ئارتیمیس' بۆ گەیاندنی مرۆڤ بۆ سەر روی مانگ لە ساڵی 2024.

© 2017 Hawler