ئەیلول 19, 2020

کۆبونەوەیەکی نهێنی کەسایەتیە جیاوازەکانی سووریا بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتیە دیارەکانی کۆمەڵگا جیاوازەکانی سووریا کۆبونەوە تاوەکو بەسەر ئەو دابەشبوونە و کێشە و ململانێیانەی وڵاتەکەیاندا سەرکەون و دەرچەی ئاشتی بدۆزنەوە.

لەڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) دا تیشکی خستۆتەسەر کۆبونەوەیەکی نهێنی، لەسێبەری دیبلۆماسیدا و دوور لەفشاری سیاسی و گشتی بۆ دۆزینەوەی ڕێگای ئاشتی لەوڵاتەکەیاندا.
سەرکردەکانی هۆزە سونیەکان ئەوانەی خاوەنی میلیشیا و چەکدارن، لەبەرانبەر عەلەوییە شیعەکاندا ئەوانەی نزیک و پەیوەستن بە ڕژێمی (ئەسەد) ەوە پێکەوە کۆبونەوە و دانیشتن، هەر لەو کۆبونەوەیەدا سەرکردەی کوردانی یەزیدیش بەشداربوون.
نزیکەی (٢٤) کەسایەتی سەرەکی لە گرنگترین خێزان و کۆمەڵگایەکانی سووریا لەسەر یەک مێز کە شیعە عەلەوییەکان و، سوننەکان و، کریستیان و، کورد و، دروز بوون کۆبونەوە.
لەدوای شەڕی ناوخۆی سووریا ئەو وڵاتە پارچە پارچە و دابەشبوە ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگایەکان دروستکردوە و دابەشیکردون، ئەو نوێنەرانەی گەلی سووریا پێکهاتون لە سەرکردەکانی هەموو کۆمەڵگایەکانی سووریا بۆ شەڕی دژی ئەو دابەشبوونەی وڵاتەکەیان کە بەهۆی شەڕی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دروستبوە.
بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیە بەشێکیان نزیکبوون لەگەڵ حکومەتی سووریا بەڵام پشتگیری تەواوەتی ناکەن، ئەوانە لەدیمەشقەوە ئامادەی ئەو کۆبونەوەیەی بەرلین ببون.
بەشێکی دیکەیان ئەوانەبوون کە لەسەر دەستی ڕژێمی(ئەسەد) توشی ئازار و قوربانیدان ببون بەڵام ئەوانیش پشتگیری چەکداری ئۆپۆزسیۆن نەبوون، هەندێکی دیکەیان بەهۆی شەڕەوە پێشتر ئاوارەی ئەڵمانیا ببوون و بەشداری ئەو کۆبونەوەیەیان کردبوو، هەموو ئەوانە دەنگ و ڕەنگی زۆربەی کۆمەڵگایەکانی سووریابوون و ئاشتیان دەویست، بەڵام بەبێ نوێنەرانی ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن.
لەو بارەیەوە، (دانیاڵ گێرلاچ) شیکاری بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چالاک لەڕێکخستنی ئەو کۆوبونەوەیەدا گوتی، ئەو خەڵکانە بۆ خۆیان نوێنەرایەتی نزیکەی (٧٠%)ی کۆمەڵگای سووری دەکەن، ئەوانە لایەنگیری هیچ باڵێکی چەکداری شەڕی سووریایان نەکردوە.

بۆچی بەرلین؟
ئەو کۆبونەوەیە کە لەلایەن یارمەتی بەخشینی تایبەتی و، حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپاوە ڕێکخرابوو لەبەرلین ئەنجامدرا چونکە بەرلین تاڕادەییەک بێلایەن بووە لەشەڕی سووریادا و، لەوەتەی شەڕی سووریاش هەڵایساوە وڵاتی ئەڵمان بەشێکی زۆری ئاوارە سوورییەکانی لەخۆگرتوە و، مافی پەنابەری پێداون.
بەشێک لەوانەی ئامادەی ئەو کۆبونەوەیەبوون ترسیان هەبوو کە ئاشکراببن لەوانەیە لەلایەن هێزەکانی حکومەت یان ئۆپۆزسیۆنەوە بکوژرێن، چونکە لەو باوەڕەدابوون کە ئەوەی ئەوان دەستیانداوەتێ حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بەشکاندنی پەیڕەوی وڵاتەکەیان تەماشای دەکەن.
(شێخ عامر الدندال) سەرۆک هۆزێکی سوننەیە لەسووریا گوتی، ئێمە لەسووریا چیدیکە شەڕمان ناوێ، تازیاتر شەڕبکەین زیاتر زەرەردەکەین.
(شێخ عامر) سەرۆک هۆزێکی گەورەی عەرەبی سوننەی سووریایە و برایەکی لەشەڕدا کوژراوە، ئەو لەبارەی ئەوەی کە چۆن دەتوانێ لەگەڵ ئەو خەڵکانە دابنیشێ کە دژیان بوون گوتی، هەموومان زیان لێکەوتووین، دەمانەوێ ئەو برینانە تێپەڕێنین، وە بەردەوام بوونی ئاڵۆزییەکان مانای دۆڕانی زیاتردەگەیەنێ.
شیاوی باسکردنە، ئەو کۆبونەوەیە کۆبونەوەیەکی نهێنی کۆمەڵگا جیاجیاکانی سووریابوو لەدەرەوەی چاوی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریادا لەبەرلین بەسترابوو، بەڵام هیچ بەڵێنێکی تێدا نەدرا تەنها جەختیانکردەوە لەسەر قوڵکردنەوەی باوەڕی ئاشتی و پێکەوەژیان.
دامەزرێنەری ئەو گروپە لەساڵی (٢٠١٧) ەوە ژوورێکی ئاشتی بۆ پێکەوەژیانی سووریاییەکان دامەزراندوە دەڵێ بەشێکی زۆری کۆمەڵگای سووری لەسەر بنچینە و پرەنسیپەکانی ڕازین.
لەو کاتەوەی دامەزراوە زۆر لەسەرکردەی هۆز و سێکتەر و پێکهاتە جیاجیاکانی سووریا پەیوەندیان پێوەکردوە، وە کاریگەری ئەو گروپە و بەشداری ئەو کەسایەتیانە دەکەوێتە سەر چالاکی نوێنەرەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ئاشتی و یەکتری قبوڵکردن لەنێو کۆمەڵگایەکانی سووریادا.
لەو کۆبونەوەیەدا هەموویان سووربوون لەسەر لادانی هەستی تۆڵەکردنەوە لەیەکتری و، ئەگەرچی پێویستە ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە لەسەریان حساب بکرێ بەڵام نابێ تۆڵە لە خێزانەکانیان یان ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگایەکەیان بکرێتەوە، وە نابێ سێکتەر و پێکهاتە جیاوازەکان بەهۆی ململانێیەکانی سووریاوە چیدیکە بەئەمانج بگیرێن.
شارەزایان لەو باوەڕەدان وێڕای خراپی دۆخی سووریا و، هێزی گەورەی جیاجیا لەسەر زەمینی ئەو وڵاتە، بەڵام کۆبونەوەی سەرکردە و کەسایەتیەکانی کۆمەڵگا جیاجیایەکانی سووریا کاریگەری دەبێ لەسەر رەوتی پێکەوەژیان و، یەکتری قبوڵکردن و، دواڕۆژی سیاسی ئەو وڵاتە. وە لەگەڵ هەنگاونان بۆ چارەیسیاسی لەپێناو ئاشتی لەسووریادا، چاککردنەوەی دابەشبوونی جڤاکیش هەماهەنگ و گرنگ دەبێ لەدواڕۆژی ئەو وڵاتەدا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler