ئەیلول 19, 2020

بە هۆی نەبوونی دەرمان ٢ منداڵ گیانیان لە دەستدا

بە هۆی كەمی دەرمان لە دەرمانخانەكانی توركیا، دەیان نەخۆش حاڵیان پەرێشانە و، ٢ منداڵیش كاتێك گومانی دووچاربوونی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای بەرازیان لێكراوە و لە دەرمانخانەكاندا دەرمانیان دەست نەكەوتووە و مردوون، ئەمەش ترسێكی زۆری لای هاووڵاتیانی توركیا و بە تایبەت ئیستانبۆڵ دروست كردووە.

زەفەر جەناب ساریالیئۆغلو سەرۆكی ژووری دەرمانخانەكانی ئیستانبۆڵ، قسەی بۆ میدیاكان كرد و ئاماژەی دا كە بە هۆی ئەوەی حكوومەت بڕیاریداوە باجی زیاتر بخاتە سەر دەرمان و نرخەكەی گران بكات، بۆیە كۆگاكانی دەرمان دەرمانەكانیان شاردووەتەوە و چاوەڕێن تا نرخەكەی گران بێت ئەوكات بیفرۆشنەوە.
لە ئیستانبۆڵ ٢ منداڵ گومانی ئەوەیان لێ كراوە دووچاری ئەنفلوەنزای بەراز بوونە، كاتێك ویستوویانە چارەسەر وەربگرن و بەدەستیان نەكەوتووە، بۆیە گیانیان لە دەستداوە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)_ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، بە هۆی نەبوونی دەرمان وەكو پێویست، هاووڵاتیان زۆر ترساون لە نەخۆشی ئەنفلەوەنزای بەراز، چونكە هەركەسێك دووچاری ئەو نەخۆشییە بێت، دەرمان نییە تا چارەسەری خۆی پێ بكات، ئەمەش بووەتە مەترسییەكی گەورە لەو وڵاتەدا. واش بڵاوبووەتەوە لەناو خەڵك كە هاووڵاتییەكی زۆر دووچاری ئەنفلوەنزای بەراز بووەتەوە و مەترسییەكە بڵاوبووتەوە.
زەفەر جەناب ساریالیئۆغلو ئاماژە دەدات، كە خاوەن كۆگاكانی دەرمان، هەموو ساڵێك لە مانگی شوباتدا دەرمانەكانیان دەشارنەوە، چونكە دەیانەوێت بەو نرخەی بفرۆشن كە حكوومەت زیادی دەكات، هەموو ساڵێكیش حكوومەت نرخی دەرمانی گران كردووە.
ئەو دەرمانی چارەسەری ئەنفلوەنزای بەرازیش دەهێنێتە ریزی ئەو دەرمانانەی كە حكوومەت بە نیازە گرانی بكات، بۆیە خاوەن كۆگاكان شاردوویانەتەوە.
وەزیری تەندروستی توركیا پشتڕاستی كردەووە، كە دەرمانی لە كۆگاكاندا شاردراوەتەوە، بەڵام لە پێگەی خۆی لە تویتەر ئاماژەی دا، كە لەم هەفتەیە دەرمانی پێویست دەهێننە ناو بازار و ئیدی كێشەی نەبوونی دەرمان نامێنێت.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی مەترسی بۆ هاووڵاتیانی توركیا، بەرپابوونی نەخۆشی ئەنفلوەنزای بەرازە، كە زۆرێك لە هاووڵاتیان گومانیان هەیە ئەو نخۆشییەیان هەبێت، بەڵام ناچنە نەخۆشخانە چونكە دەرمانی پێشگرتن لەو نەخۆشییە دەست ناكەوێت.
ئەگەرچی لە توركیا نرخی دەرمان هەرزانە لە چاو چەند وڵاتێكی ئەوروپی، بەڵام لە ٢٠١٩ نزیكەی ٢٥٪ نرخەكەی زیادی كرد و، وەكو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی لێوە دەكەن، حكوومەت بە نیازە ١٥ بۆ ٢٠٪ نرخی دەرمان لەمساڵدا زیاد بكات.

 

كارزان گلی - هه‌ولێر

© 2017 Hawler