ئەیلول 19, 2020

نەژادپەرستەكانی توركیا داوای دەركردنی سوورییەكان دەكەن

لە ماوەی یەك هەفتەدا، ٧ سەربازی توركیا لە رۆژئاوای كوردستان كوژراون، بەشێكی زۆری نووسەر و نەژادپەرستەكانی توركیاش، دژی بوونی ئاوارەی سوورین لە توركیا و دەڵێن ئەوان لە توركیا منداڵ دەهێننە دونیاوە، بەڵام سەربازی تورك لە سووریا دەكوژرێت و منداڵی تورك بێ دایك و بێ باوك دەمێننەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرای كرد، لە ماوەی ٨ ساڵدا لە تەواوی توركیادا ٥١٦ هەزار منداڵی سووری لە دایك بوونە، بەڵام سەنتەری لێكۆڵینەوەی كۆچ لە توركیا ئاماژەی داوە، كە لە ماوەی ٨ ساڵدا زیاتر لە یەك ملیۆن منداڵی سووری هاتووەتە دونیاوە.
رۆژنامەی (سۆزجو)_ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە رۆژێكدا بە شێوەیەكی گشتی ٣٩٥ منداڵی سووری لە دایك دەبن، ئەمەشی بە مەترسی بۆ دوارۆژی توركیا وەسف كردووە.
چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، كە لەبەر بوونی ئاوارەیەكی زۆری سووری، نەخۆشخانە لە هیچ شارێكی توركیا بەر ناكەوێت و، وای لێهاتووە تا ئاوارە سوورییەكان هەبێت، هاووڵاتی توركی جێگەی نابێتەوە لە نەخۆشخانەكان.
یڵماز ئۆزدیل نووسەری دیاری توركیا، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (سۆزجو) بڵاوی كردووەتەوە، پێی وایە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ توركیا، كە لە ماوەی یەك هەفتەدا ٧ سەربازی توركیا لە سووریا بكوژرێت، كەچی لە توركیاش رۆژانە سەدان منداڵی سووری بێتە دنیاوە و دایك و باوكی خۆیان بە تەنیشتیانەوە بێت، بەڵام منداڵی تورك باوكیان لە سووریا بكوژرێت.
زۆرێك لە نووسەرە نەژادپەرستەكانی توركیا، كە یڵماز ئۆزدیلیش یەكێكە لەوان، پێیانوایە حكوومەتی توركیا بۆ بەرژەوەندی خۆی ئاوارە سوورییەكانی هێشتووەتەوە، گەرنا ئەوان بوونەتە بارگرانی بەسەر توركیا و پێویستە بە زۆر بنێردرێنەوە.
لە توركیا ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بێكار بوونیان هەیە، بەڵام زۆربەی ئاوارە سوورییەكان خەریكی كاری خۆیانن و بێ كار نین، ئەمەش توركەكانی توڕە كردووە بەوەی بە هۆی بوونی ئەوانەوە، كرێكاری تورك بێ كار ماوەتەوە.
خراپی رەوشی ئابووری توركیا وای كردووە، بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی توركیا داوای گەڕانەوەی ئاوارە سوورییەكان بكەن، بەڵام حكوومەت هیچ پلانێكی بۆ گەڕانەوەیان نییە، بەڵكو وەكو ئەوەی میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن باسی دەكەن، حكوومەتی ئاكەپە بە نیازە ناسنامەی توركیایان پێ بدات، چونكە ئاوارە سوورییەكان هەموویان سەر بە ئاكەپەن و ئەگەر ناسنامەی توركیا وەربگرن، لە هەڵبژاردنەكاندا ئاكەپە سوودمەندی یەكەم دەبێت.

 

كارزان گلی - هه‌ولێر

© 2017 Hawler