تەمموز 06, 2020

رووسیا: ئاسایشی کەنداو، کاری هاوبەشی دەوێت

دوای پەرەسەندنی گرژیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،سرگەی لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی رووسیا، دەڵێ با وڵاتانی ناوچەی کەنداو، بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، پشتی یەک بگرن؛ دەکرێ وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە مەشقی سەربازی بکەن.

هەواڵگەی رۆیتەرز، دوێنێ، راپۆرتێکی دەربارەی گەشتەکەی سرگەی لاڤرۆفی وەزیری دەرەوەی رووسیا بڵاو کردووەتەوە کە بەرەو نەودڵهی‌، پایتەختی هیندستان چووە؛ لاڤرۆڤ لە نەودڵهیدا باسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی کردووە.
لاڤرۆف باسی گرژیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت کەنداوی هێناوەتە گۆڕێ و داوای کردووە وڵاتانی ناوچەکە لە نێوان خۆیاندا چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە پێک بهێنن.
لاڤرۆفپێی وایە هەنگاوی یەکەمی ئەو کارە ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە باوەڕ لەنێوانیاندا چەکەرە بکات و ترسیان لە یەکتر نەمێنێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیاداواکاریشە کە وڵاتانی ناوچەکە جاروبار پێکەوە مەشقی سەربازی بکەن.
شاری نەودڵهی، پایتەختی هیندستان لەو رۆژانەدا کۆڕبەندێکی ئاسایشەوانیی لێ بەڕێوە دەچێت؛ وەکو هەوڵگەکانی دنیا بڵاویان کردووەتەوە دەڵێ نزیکە ٧٠٠ کەس بە نوێنەرایەتیی سەد وڵاتی دنیاوە لەو کۆڕبەندە ئاسایشەوانیەدا بەشدارن.
گرژی و ئاڵۆزی لە کەنداودا
لێکڕاسانەکەی ئێران و ئەمەریکا، کاری کردووەتە سەر ئاسایشی ناوچەی کەنداوی عەرەبی؛ ئەو گرژی و ئاڵۆزیە بابەتێکی بەرباسی نوێنەرانی وڵاتانە لە کۆڕبەندەکەی نەودڵهیدا.
لەوەتی ئەمەریکا، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی رەشکوژ کردووە و کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێرانیش مووشەکی ناوە بە چەند بنکە و بارەگایەکی سەربازیی ئەمەریکاوە لە عێراق، کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزتر بووە.
سرگەی لاڤرۆف دەڵێ ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کەنداوی فارس، ئەگەر چارە نەکرێت، دەتەقێتەوە؛ بە تایبەت وا یەکیەتیی ئەورووپا بڕیاری داوە بڕگەی پەلەپیتکە بخاتە گەڕ و ئێرانی پێ تەمێ بکات؛ ئەوەش ئەوەندەی دی ناوچەکە دەئاڵۆزکێنێت.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران، ئەو هەنگاوەی یەکیەتیی ئەورووپای پێ نایاساییە و دەڵێ هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر پەلەپیتکەی رێککەوتنە ناوەکیەکە بچەکێنن! پەلەپیتکە، بڕگەیەکی رێککەوتنە ناوەکیەکەی نێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمەریکا و رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا و چین و ئەڵمانیا) لەگەڵ کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێرانە کە دەڵێ ئەگەربێتو ئێران سنووری رێککەوتنەکە ببەزێنێت، ئەوان بۆیان هەیە دۆسیەی ئێران بنێرنەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرلەنوێ هەموو گەمارۆ لێهەڵگیراوەکانی جارانی لێ قیت بکەنەوە و بەسەریدا بیسەپێننەوە.
دۆناڵد ترەممپ، سەرکۆماری ئەمەریکا، لە توێتەرەوە رایگەیاندووە پێشنیارەکەی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای پێ خۆشە دەربارەی رێککەوتنەوەی نوێ لەگەڵ ئێراندا.
بۆریس جانسۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاندووە رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ـیوڵاتانی پێنج کۆ و یەک و ئێران لەسەر بەرنامە ناوەکیەکەی ئێران، کەڵکی ئێستای نیە و، دەبێ بە رێککەوتنێکی دی نوێی بکەینەوە؛ ناوی لەو رێککەوتنەیش ناوە رێککەوتنی ترەمپانی.

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler