کانونی یەکەم 08, 2019

بە هۆی ململانێی وڵاتە زلهێزەكان، وەبەرهێنەرە جیهانییەكان لە دڵەڕاوكێدان

یەكێك لە گەورەترین بانكی وەبەرهێنانی جیهانی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە كە وەبەرەێنەرە جیهانییەكان تووشی دڵەڕاوكێ هاتوون و بە پێی راپرسییەكی جیهانیش كە ئەنجام دراوە دەركەوتووە 79% وەبەرهێنەرە جیهانییەكان پێیان وایە كە پێنج ساڵی داهاتوو قۆناغی سەخت دەبن بۆ كاری وەبەرهێنان.

بانكی (UBS)ی جیهانی كە بانكێكی وەبەرهێنانە، ئاشکرای کردووە كە ناكۆكییە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتە زلهێزەكان وای كردووە وبەرهێنەرە جیهانییەكان تووشی دڵەڕاوكێ ببن.
(مارك هایفیلی) كە بەرپرسی بەشی وەبەرهێنانە لەو بانكە، دەڵێت: "لەگەل ئەوەی ئاسۆیەك هەیە بۆ رێكکەوتنی بارزگانی لە نێوان هەردوو وڵاتی زلهێزی جیەان ئەمریكا و چین، بەڵام پێناچێت ئەم رێكکەوتنە كاریگەریی هەبێت لە دووبارە وەگەڕخستنەوەی وەبەرهێنەراندا".
هاوکات مارك هایفیلی، چەند هۆكارێكی دیكەی دیاری كردووە كە وای كردووە وەبەرهێنەرەكان تووشی دڵەڕاوكی ببن، لەوانە هەوڵەکان بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەرووپا و هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بۆ ساڵی 2020 و خۆپیشاندان لە شارە گەورەكانی جیهان.
هەر لە راپۆرتەكەی بانكی (یو بی ئێس)ی جیهانیدا هاتووە كە راپرسییەك لەناو وەبەرهێنەرە جیهانییەكان كراوە و دەركەوتووە كە 79% وەبەرهێنەران پێیان وایە قۆناغی داهاتوو قۆناغێكی سەختە بۆ وەبەرهێنان، چونكە بەرز و نزمیی زۆر لە بورسە جیهانییەكاندا ڕوو دەدات.
هەروەها هەر لەو راپۆرتە ئاماژە بەوەش دراوە 30% لە وەبەرهێنەران پێیان وایە كە یاخیبوونی دۆناڵد ترەمب لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا كاریگەریی لەسەر سستبوونی وبەرهێنان لە جیهاندا دەبێت.

 

ئاریان دەرگەڵەیی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler